50لەسەدی داهاتی خاڵەسنوورییەکانی هەرێمی کوردستان ڕادەستی بەغدا دەکرێتەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە کوردپرێسی ڕاگەیاند: بەغدا و هەولێر ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی لەسەدا پەنجای خاڵە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بگەڕێتەوە بۆ حکوومەتی ناوەندی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان تا کۆتایی ئەمساڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان خۆی نەوت دەفرۆشێت و داهاتەکەشی هەر بۆ خۆی دەبێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، 15ی ئابی ساڵی 2020 حکوومەتی فیدراڵیی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێککەوتنیان ڕاگەیاند لەسەر هەندێک بابەت وەکوو خاڵە سنوورییەکان، پشکی هەرێمی کوردستان لە بوودجەی فیدراڵ، دانەوەی قەرەزەکانی هەرێمی کوردستان بە بانکی TBI، هەروەها ڕێگاچارەکانی چارەسەریی ناکۆکییەکانی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی ناوەندی لەبارەی حەسێبەکانی ساڵی 2014 تا 2020 و هەروەها بڕیار درا حکوومەتی ناوەندیی عێراق مانگانە 320 ملیار دینار بەمەبەستی دابین کردنی مووچەی فەرمانبەران بداتە هەرێمی کوردستان.

شیروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا هەندێک لە ڕەهەندەکانی ئەم ڕێککەوتنەی شی کردۆتەوە کە لە درێژەدا دەیخوێننەوە:

کوردپرێس: ئەم ڕێککەوتنە کە ئێستا بۆ ناردنی ئەو بڕە پارەیە (320 ملیار دینار) کراوە کە بەغدا دەینێرێت دەرەنجامی چییە؟

شیروان میرزا: ئەم ڕێککەوتنە دەرەنجامی گفتوگۆیێکی دوور و درێژی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی ئیتیحادییە، وەفدی هەرێمی کوردستان پێنج جار سەردانی بەغدای کردووە کە سێ جاریان بە سەرۆکایەتیی کاک قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بووە. لەو سەردانانەدا گفتوگۆ تێر و تەسەل کراوە لەسەر مەلەفی نەوت و خاڵە سنوورییەکان و داهاتە گشتییەکان و پشکی هەرێمی کوردستان لەو بڕە پارەیە کە لە بەغدا هەیە یان بابڵێین لە مەوازنەی عێراق. دەرەنجامی ئەمانە گەیشتە ئەو حاڵەتە کە ئێستا بەڕێز کازمی ڕەزامەندیی دەربڕیوە لەسەر ناردنی 320 ملیار دینار مانگانە تا ئەو کاتەی کە یاسای بوودجەی گشتیی عێراق پەسەند دەکرێت.

کوردپرێس: ئەو بەڵێن و پێبەندییانە چین کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی ئەم دانووستانانەدا داویەتی بە بەغدا؟ کە گەیشتوونەتە ئەم ڕێککەوتنە؟

شیروان میرزا: بۆ خۆی لەسەرەتا حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادە بوو مەلەفی نەوتیش ڕادەستی بەغدا بکات (یەعنی داهاتی نەوت) بەڵام نەوت بۆ خۆی هەندێک تێچووی هەیە واتا دەرهێنان و نەقڵ کردن و قەرزی شەریکاتی نەوت لەسەر هەرێمی کوردستانە و ئیستیحقاقی هەندێک شەریکات هەیە و کۆمەڵێک گرێبەست کراوە. عێراق ئامادە نەبوو ئەوانە وەربگرێت بۆیە پێشنیاری ئەوە کرا کە ئەمساڵ هەرێم خۆی نەوت بفرۆشێت. لەبارەی خاڵە سنووریەکانیش، بەپێی مادەکانی دەستوور و بەپێی ئەو یاسایانەی کە هەیە لە یاسای ئیدارەی مالیە و لە یاسای پارێزگاکان بەپێی ئەمانە دابەش دەکرێت. ئەوەی کە ئێستا پێشنیارە نیوەی بۆ هەرێمی کوردستانە و لەسەدا پەنجایشی دەگەڕێتەوە بۆ حکوومەتی ناوەندی. ئیلتیزاماتی دیکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە نیوەی داهاتی خاڵە سنوورییەکان بگەڕێنێتەوە بۆ بەغدا و موراقبین و چاودێرانی هەردوولایش لە خاڵە سنووریەکان هەبن.

کوردپرێس: ئایا ئەم بەشە بوودجەیە تا کۆتایی ئەمساڵ دەدرێت یان بۆ ماوەیێکی کورتە و هەروەها بۆچی بڕە پارەکە کەمتر کراوەتەوە؟

شیروان میرزا: لە 2019دا مانگانە بەپێی یاسای بوودجەی گشتیی عێراق مانگانە 453 ملیار دینار هاتووە بۆ هەرێم کە تا مانگی 4ی 2020 بەردەوم بووە. لەو مانگەوە بەدوا 400 ملیاریان نارد و ئێستا بووەتەوە 320 ملیار کە هۆکارەکەی دوو شتە؛ یەکێکیان ئەوەیە کە یاسای بوودجەمان بۆ 2020 نییە کە بڵێت پشکی هەرێمی کوردستان دیاریی کراوە و ئەوەندەیە. هۆکاری دووهەمیان بریتییە لە دابەزینی نرخی نەوت و هەروەها بابەتی کۆرۆنا کە وەزعی دارایی عێراقی خستۆتە تەنگەژەوە. واتا داهاتەکان بەگشتیی کەمی کردووە بۆیە عێراق دەڵێت من ئەوندە دەتوانم و لەوە زیاتر ناتوانم بنێرم.

کوردپرێس: ئاماژەیێکی کورتتان دا بە گرێبەستە نەوتییەکان، لەم ڕێککەوتنەدا ئەم گرێبەستانە لە کوێ خۆیان دەبیننەوە (ڕێککەوتنەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان) ؟

شیروان میرزا: وەکوو باسم کرد بۆ ئەمساڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان خۆی نەوت دەفرۆشێت و داهاتەکەشی هەر بۆ خۆی دەبێت تا کۆتایی ساڵ و تا ئەو کاتە پڕۆژە یاسای 2021ی عێراق پەسەند دەکرێت، بۆیە لە ڕێککەوتنەکەی ئێستادا هەرێمی کوردستان نەوت خۆی تەعامولی پێدەکات و خۆی دەیفرۆشێت و داهاتەکەی بۆخۆیە.

کوردپرێس: لەدوای ئەو هەموو دانوستانە لەگەڵ حکوومەتەکەی بەڕێز کازمی و حکوومەتەکانی پێشوو ئەنجامی داوە، ڕێککەوتن کورت کراوە بە مووچەوە و مەلەفەکانی دیکە وەکوو پرسی پێشمەرگە و مادەی 140 و مەجلیسی ئیتیحادی و پارەی جووتیارن و چەند پرسی دیکە باسی لێوەنەکراوە، ئایا پێتان وایە ئەم گفتوگۆیانە بەردەوام بێت تا گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی کۆتایی یان بەسەندە دەکەن؟

شیروان میرزا: ئەم ڕێککەوتنە کاتییە، ڕێککەوتنی تر دەکرێت. ئەوەی کە پێوەندی لە مەوازنە و پێوەندی بە پشکی هەرێمەوە ببێت دەبێتە بەشێک لە مەوازنەی 2021ی عێراق و بەردەوام گفتوگۆیش هەیە لەسەر مەلەفەکانی تر بەتایبەتی مەلەفی ناوچە دابڕێنراوەکان و مەلەفی مادەی 140 و مەلەفی جووتیارن و پێشمەرگە لەسەر هەموو ئەمانە گفتوگۆکان بەردەوام هەیە بۆیە ئەمە تەنها دەستپێکی کۆمەڵێک گفتوگۆیە لەسەر مەلەفەکانی تر.

کوردپرێس: ئایا ئێوە گەشبینن بەوەی کە ڕێککەوتنی کۆتایی و یەکلاکەرەوە بکرێت، کە ماوەی نزیک بە بیست ساڵە ناکۆکی لەسەری هەیە لەنێوان هەرێم و بەغدا ؟

شیروان میرزا: ئاسان نییە بڵێین ئەو کێشەیە کە لە 2005ەوە لەنێوان هەرێم و بەغدا هەیە بە چەند مانگێک چارەسەر دەبێت، بەتایبەتی لەبیرمان نەچێت کە حکوومەتەکەی بەڕێز کازمی بۆخۆی حکوومەتێکی کاتییە تا هەڵبزاردنی پێشوەخت. یەعنی لەوانەیە ئەم حکوومەتەیش نەچێتە ژێر باری ئەوەی کە کۆتایی بە هەموو مەلەفەکان بێنێت، بەڵام دانیشتنەکان بەردەوامە و گەشبینم کە لەسەر هەندێک بابەت دەگەنە ڕێککەوتن.

دیمانە: حەسەن ساڵحی، بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس

داگرتن و داڕشتنەوە، بەشی کوردیی کوردپرێس

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 189767

Your Comment

You are replying to: .
captcha