سیاسەتەکانی حکوومەتی تورکیا لەبارەی کوردەوە لە ماوەی سەد ساڵدا هیچ نەگۆڕاوە

بەشی تورکیا- سکرتێری گشتیی حزبی ماف و ئازادی دەڵێت: جەوهەری سیاسەت لە تورکیا لەسەر بنەمای «تورک بوون» دامەزراوە و وتەیێکی ناوبانگ هەیە کە "تورکیا، تورکە و هی تورکەکانە" بۆیەش بوونی کورد و ئەوانی تر قبووڵ ناکەن و سیاسەتی ئاسیمالاسیۆن دەبەنە پێشەوە.

«لەتیف ئاپۆزدمیر» سکرتێری گشتیی حزبی ماف و ئازادی (HAK-PAR) لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە سیاسەتەکانی حزبی دەسەڵاتداری ئاکپارتی لە تورکیا و ڕایگەیاند: تورکیا واز لەو سیاسەتە ناهێنێت کە ساڵەهایە پەیڕەوی دەکات بۆیەش پرسی کوردی بۆچارەسەر ناکرێت.

ناوبراو زیاتر وتی: بێ گومان سیاسەتی ئێستای تورکیا تووشی قەیرانێکی گەورەیە و ئەمڕۆ لە ئاپۆڕە جیهانییەکاندا دۆخی کورد باسی لێوە دەکرێت و خەوی لە چاوی حکوومەتی تورکیا سەندووە. سیاسەتوانانی تورکیاش تێگەیشتوون کە چیدی ناتوانن درێژە بەم شێوازە لە سیاسەت بدەن.

لەتیف ئاپۆزدمیر ئاماژەشی دا بە نەگۆڕ بوونی ستراتێژییەکانی دەوڵەتی تورکیا هەمبەر کورد و وتی: سەد ساڵە کە سیاسەتی تورکیا نەگۆڕاوە و ئەم سیاسەتە کۆنە چیدی ناتوانێت وەڵامی پێداویستییەکانی کۆمەڵگا بداتەوە.

ناوبراو ئاشکرای دەکات: جەوهەری سیاسەت لە تورکیا لەسەر بنەمای "تورک بوون" دامەزراوە. سیاسەتی تورکیا فرەلایەنی ڕەت دەکاتەوە و وتەیێکی ناوبانگیان هەیە کە "تورکیا، تورکە و هی تورکەکانە".

سکرتێری گشتیی هاکپارت جەختی کردەوە کە ئەوان بوونی کوردیان پێ قبووڵ ناکرێت و بە هەموو توانایانەوە سیاسەتی ئاسیملاسیۆن دەبەنە پێشەوە و بەهەموو شێوەیێک ڕووبەڕووی خواستە ڕەواکانی کوردەکان دەبنەوە و ڕێگای پێدەگرن. هەڵبەت ئەم سیاسەتە تاکوو ئەمڕۆ نەیتوانیوە بە ئامانجەکانی بگات. بەهەر حاڵ ئەم پرسە چارەسەر نەکراوە و تا ئەمڕۆکەیش ماوەتەوە.

ناوبراو وێڕای ڕاگەیاندندنی ئەوەی کە تورکیا بەنیازی گۆڕینی سیاسەتەکانی نییە و پێویستە بیگۆڕین وتی: چیدی سیاسەتی ڕەت کردنەوە کارامە نییە و ئەم سیاسەتە یان دەبێت بگۆڕدرێت یان بە بزووتنەوەی کوردەکان ناچار بە گۆڕین ببێت.

سکرتێری گشتیی هاکپارت (HAK-PAR) ئاماژەشی دا بە وتەکانی ئەحمەد داوود ئۆغڵۆ، سەرۆک وەزیرانی پێشووی تورکیا لەبارەی مافی کورد و ئاوڕدانەوە لە زمانی کوردی لە تورکیا و وتی: هەندێک جار ژمارەیێک لە بەرپرسانی تورکیا باسی چارەسەر کردنی پرسی کورد دەکەن. هەروەها باس لە گرینگ بوونی زمان و ئەدەبیاتی کوردی دەکەن و تەنانەت هەندێکیان خوێندن بە زمانی کوردی لە قوتابخانەکاندا قبووڵ دەکەن، بەڵام ئەوان دەسەڵاتیان بەدەستەوە نییە تاکوو گۆڕانکاریێک لە تورکیا دروست بکەن. پرسی خوێندن بە زمانی دایکی واتا گۆڕینی سیاسەتەکانی تورکیا.

ناوبراو وەبیری هێنایەوە: بێ گومان ئەمەش هەنگاوێکی ئەرێنییە بەڵام بە واتای ئەوەش نایێت کە ئەم سیاسەتوانانە دەتوانن بەڵێنەکانیان جێبەجێ بکەن بەڵام بڵاو بوونەوەی ئەم وتانەش هێزێکی زۆر دەبەخشێتە بزووتنەوەی کوردی کە مکووڕ بێت لەسەر خواستەکانی خۆی.

لەتیف ئاپۆزدمیر دەیشڵێت: حکوومەتی تورکیا دەبێت قبووڵ بکات کە پرسێک بەناوی پرسی کورد لە تورکیا بوونی هەیە و چوارچێوێک بۆ چارەسەر کردنی بدۆزێتەوە. پرسی کورد لە تورکیا پرسی ئازادییە و تەنها بابەتی زمانی دایکی نییە و تەنانەت ئەگەر زمانی کوردی وانەی پێبوترێت بەو مانایە نییە کە پرسی کورد لە تورکیا چارەسەر کراوە.

ناوبراو زیادی کرد: پرسی کوردی تورکیا پرسی ئازادی و دادپەروەرییە. ئەمڕۆ حزب و سندیکا و ناوەندە مەدەنییەکان چالاکن کە ڕەخنە لە سیاسەتی فەرمی تورکیا (کەمالیزم) دەگرن. بەڵام هەموو سیاسەتوانانی تورکیا لە یەک شتدا هاوڕان ئەمەش ئەوەی کە دان بە کورد و کوردستان لە تورکیادا نانێن و سەد ساڵە بەمشێوەیە درێژە بەکارەکانیان دەدەن و کوردیان وەکوو باشێک لە میللەتەکەیان قبووڵ نییە.

سکرتێری گشتیی (هاکپارت) ئاشکرای کرد: هەر بەم بۆنەوەیە کە کەس بڕوا بە وتەی سیاسەتوانانی تورک ناکات. باشتر وایە کە سیاسەتوانانی تورکیا پێش هەموو شتێک سیاسەتی کۆنی خۆیان بگۆڕن. بابەتی گرینگ ئەمەیەو بێ گۆمان بە عەقڵییەتی دروست هەموو کێشەکان چارەسەر دەکرێن.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 189742

Your Comment

You are replying to: .
captcha