کوردپرێس:
ڕۆژی دووشەممە 2020/8/17 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە سەرپەرشتیی مەسروور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، لە ڕێگەی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە كۆ بووەوە و لە كۆبوونەوەكەدا دۆخی داراییی هەرێمی كوردستان و میكانیزمی دابەشكردنی مووچە تاوتوێ كرا.
لە ڕاگەیێندراوەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا نووسراوە: سەبارەت بەدابەشكردنی مووچە، پاش ڕێككەوتن لەگەڵ بەغدا و بەرچاوڕوونی زیاتر لەبارەی دۆخی داریی ھەرێم، بڕیاردرا مووچە بە پێی ئەو داھاتەی كە لەبەر دەستە، لە زووترین كاتدا بە شێوەیەكی دادپەروەرانە دابەش بكرێت. بۆ لەمەودواش، پێویستە بە میكانیزمی خۆگونجاندن لەگەڵ داھاتی مانگانە و بە شێوەیەكی دادپەروەرانە مووچە لە كاتی گونجاودا دابەش بكرێت بە پشتبەستن بەداھاتەكانی ھەرێم كە داھاتی نەوتی و نا نەوتی و ئەو بڕە پارەیەی كە لە بەغداوە دێت بۆ ھەرێم، ھەموو مانگێك ڕێژەی مووچە بە پێی داھات دەبێت.
لە كۆبوونەوەكەدا هەروەها گفتوگۆ دەربارەی دۆخی تەندروستی و ڕێكار و هەنگاوەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان كرا كە بەداخەوە ئێستا هەرێمی كوردستان، لە دۆخێكی مەترسیداردایە و ڕێژەی تووشبوون و گیان لە دەستدان لە بەرزبوونەوەدایە. بۆیە پێویستە هاووڵاتییان، پابەندی ڕێكارەكانی خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستییەكان بن . ئاماژەش بەوە درا كە لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە، حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕێكاری پێویستی گرتەبەر و توانی تا ئاستێكی باش، دۆخەكە كۆنترۆڵ بكات كە بووە جێی دەستخۆشی و ستایشی خەڵك لە ناوخۆ و دەرەوە، بەڵام بەداخەوە پابەندنەبوون بە ڕێكار و ڕێنماییەكان، بووە هۆی ئەوەی دۆخی تەندروستی بگاتە ئەم ئاستە مەترسیدارەی ئەمڕۆ. بۆیە له كاتێكدا دامودەزگا پەیوەندیدارەكانی حكومەت بەردەوام دەبن لە جێبەجێكردنی ڕێكارەكانی خۆپارێزی ، داوا لە هاووڵاتییانیش دەكەین لە پێناو پاراستنی خۆیان و كەسوكاریان، پابەندبن و خۆیان بپارێزن .
Your Comment