سەرۆککۆماری ئێران بۆ وڵاتانی عەرەبیی کەنداو: گەر ئێران نەبووبا سەدام هەمووتانی دەخوارد

بەشی ئێران- سەرۆککۆماری ئێران ئیدانەی هەڵوێستی ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداو دەکات کە داوایان کردبوو گەمارۆکانی سەر ئێران درێژ بکرێتەوە.

کوردپرێس:

ڕۆژی چوارشەمە 12ی ئابی 2020 بەرانبەر 23ی گەلاوێژی 1399 حەسەن ڕۆحانی سەرۆککۆماری ئێران لە لێدوانێکدا بە توندی ئیدانەی هەڵوێستی ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداو کرد و ڕایگەیاند ئەگەر ئێران نەبووبا کاتی خۆی سەدام هەمووتانی دەخوارد.

ڕۆحانی گوتیشی: ئەو کاتەی سەدام هێرشی کردە سەر کوەیت یەکەم وڵات کە دەنگی ناڕەزاییی هەڵبڕی و ئیدانەی کارەکەی کرد ئێران بوو.

سەرۆککۆماری ئێران ڕوونیشی کردەوە: ئێمە بە کرداری سەلماندوومانە کە لایەنگری ڕاستەقینەی وڵاتانی ناوچەکەین و ئەگەر گڵۆپی سەوزمان بۆ سەدام هەڵکردبا پاش کوەیت سعوودیە و قەتەر و ئیماراتیشی دەگرت.

ڕۆحانی گوتیشی: لەو کاتەدا سەدام نامەیێکی بۆ خوالێخۆشبوو ئایەتوڵڵا هاشمی نووسیبوو و وتبووی: ئێمە 800 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشی ئاویمان لەگەڵ ئێران هەیە." مانای ئەم وتەیە ئەوەیە کە هەموو وڵاتە عەرەبییەکانی بە موڵکی خۆی دەزانی ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئێمە لەگەڵ عێراق تەنها 18 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشی ئاویمان هەیە. بۆیە ئەگەر ئێران نەبووبا سەدام هەموو ئێوەی دەخوارد.

ڕۆحانی دووپاتیشی کردەوە: ئێران بەردەوام برای ئێوە بووە و ئەمڕۆکەش هەر براین و باش بزانن کە چەواشەکارییەکانی ئەمریکا دژی ئێران شکست دەهێنێت.

شایانی باسە گەمارۆی چەکوچۆڵی دژبە ئێران لە کۆتاییهاتندایە و ئەمریکا هەوڵ دەدات ئەو گەمارۆیە درێژ بکرێتەوە و لە بڕیارێکیشدا ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداو داوای کرد کە گەمارۆکان درێژ بکرێنەوە.

News Code 189669

Your Comment

You are replying to: .
captcha