سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق: هێرشەکانی تورکیا بۆ ناوچەی سیدەکان پێشێل کردنی سەروەریی عێراقە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەرهەم ساڵح سەرۆککۆماری عێراقی فیدراڵی ئیدانەی هێرشەکانی تورکیای کردووە و دەڵێت هێرشی درۆنەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان لە ناوچەی سیدەکان پێشێل کردنی سەروەریی عێراقە.

کوردپرێس:

نووسینگەی سەرۆکایەتیی کۆمار لە بەیاننامەیێکدا ئیدانەی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات و وتەبێژی سەرۆککۆمار ڕایگەیاند: هێرشە یەک لە دوای یەکەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق پێشێل کردنی سەروەریی ئەم وڵاتەیە و داوا لە دەوڵەتی تورکیا دەکەین کۆتایی بە هەموو ئوپەراسیۆنە سەربازییەکان بهێنێت چوونکە زیان بە نیازپاکیی دراوسێیەتی دەگەیەنێت.

وتەبێژی سەرۆککۆماری عێراق لە بەیاننامەکەدا داوای لە تورکیا کردووە بۆ کۆتایی هێنان بە کێشە سنوورەکانی ڕوو بکاتە دیالۆگ و گفتوگۆ کردن.

هەر لە بەیاننامەکەی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراقدا نووسراوە: ئەو دەستدرێژییانەی بۆتە هۆی شەهیدبوونی ژمارەیێک لە هاووڵاتییانی بێ تاوان و ئەفسەرەکانی پارێزەری سنووری عێراق بە توندی سەرکۆنە دەکرێن و داواکارین کۆی ئەو دەستدرێژییانە کۆتایییان پێ بهێنرێت و بۆ گفتوگۆ و لێکگەیشتن لە مەڕ چارەسەر کردنی کێشەکانی ئەو دوو وڵاتە جیرانە بە شێوەی ئاشتییانە و لە چوارچێوەی پارێزگاری کردن لە ئاسایش و ئەمنی ناوچەکە بێنە سەر مێزی گفتوگۆ.

شایانی باسە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش، راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر سیدەکان بڵاو کردەوە و رایگەیاند "پێویستە پەکەکە و توركیا شەڕ و ململانێکانی خۆیان ببەنەوە دەرەوەی خاكی هەرێمی كوردستان و عێراق و چیتر خەڵكی ئێمە نەكەنە قوربانیی ئەو ململانێیە".

لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا وردەکاریی کاتی ئەنجامدانی هێرشەکە بڵاو کراوەتەوە، کە كاژێر 2:45 خولەکی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 11ی ئاب لە ناوچەی برادۆست بووە، كاتێك هێزەكانی پاسەوانی سنووری سەر بە حكومەتی عێراق خەریکی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە بوون کە لە خاڵە سنووریەکان دروستبووە بە مەبەستی دوورخستنەوەی هەڕەشەی شەڕ لە دانیشتووانی ناوچەكە، لەلایەن فڕۆكەیەكی لەشكری توركیاوە ئۆتۆمبێلێكی هێزەكەی پاسەوانی سنوور کراوەتە ئامانج.

ئەم هەواڵەش بخوێنەوە:

https://kurdpress.com/ku/details.aspx?id=181789

News Code 189665

Your Comment

You are replying to: .
captcha