کوردپرێس:
بارێژ جەلالی سیاسەتوان و وتەبێژی جووڵانەوەی زمانی کوردی لە تورکیا لەبارەی داهاتووی پارتی باڵادەستی تورکیا واتا ئاکەپە بە کوردپرێسی وتووە: پارتی دادو گەشەپێدان لە 2013وە هێدی هێدی گۆڕانکاریی ئەساسیی بەسەردا هاتووە و بەتایبەتی پاش 2015 و فەشەلهێنانی پڕۆسەی ئاشتیی نێوان دەوڵەتی و پەکەکە و پارتی دیموکراتیکی گەلان، و هەروەها پاش شکستهێنانی کوودەتا دژی دەوڵەت کە دەڵێن بکەری کوودەتاکە فەتحوڵا گولەن بووە، ڕووی کردۆتە سیاسەتێکی توند و دەستکەوتی ئەو سیاسەتەش هەڵپێچانی دیموکراسیەت و جێگیرکردنی تۆتالیتەرییەت بووە.
ناوبراو دەشڵێت: دەسەڵات لە دامەزراوە جۆربەجۆرەکان وەرگیراوەتەوە و دەوڵەت دەسەڵاتی قۆرخ کردووە و سوار بووە بە سەر هەموو کاروبارەکانی تورکیا و ئەنجامەکەشی ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ هەڵسووڕاوان و سیاسەتوانان و حیزب و لایەنە جۆربەجۆرە مەدەنی و ئاکادیمییەکانی تورکیا بووە.
سیاسەتوان و وتەبێژی جووڵانەوەی زمانی کوردی لە تورکیا زیادیشی کرد: بازنەی سیاسەتی دەوڵەت پاش 2018 کە سیستەمی حکومڕانی لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی گۆڕدرا یەکانگیر بوو و دەوڵەت توانیی هەموو جومگەکانی دەسەڵات بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە. لە 2018وە ئاکەپە توانیی بە هاوکاریی پارتی نەتەوەپەرست و ڕەگەزپەرستی مەهەپە هاوپەیمانییێک دابمەزرێنێت و تورکیا لە بازنەی دیموکراسییەت دوور بخەنەوە و لە ئێستادا وڵاتی تورکیا بە تاکە کەسێک بە ناوی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئیدارە دەکرێت.
باریژ جەلالی لەبارەی گۆڕینی ڕوانگە و هەڵوێستی دەوڵەت لە ڕۆژئاواوە بۆ ڕۆژهەڵات وتوویەتی ئەردۆغان لەباری سیاسییەوە لە ڕۆژئاوا دوور کەوتۆتەوە بەڵام لەباری ئابووری و بازرگانییەوە نەخێر. تورکیا لەباری سیاسییەوە لە چین و ڕووسیا نزیک بۆتەوە و لە ئەنجامدا پاش کوودەتا و توندبوونەوەی کەشی ئەمنیی تورکیا هێدی هێدی ئابووری تورکیا لاواز بووە و کۆمپانیا ڕۆژئاوایییەکان یەک لە دوای یەک لە تورکیا دەکشێنەوە.
ناوبراو ئاشکراشی کرد: دەوڵەتی تورکیا بە هۆی تاکڕەوی و فەشەلهێنانی پەیتاپەیتای خۆی ڕووی کردۆتە سیاسەتی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان و ڕەخنەگران و سیاسەتوانان. هەر ئەمەش دەنگی ناڕەزاییی هاوحیزبییەکانی ئەردۆغانی بەرز کردۆتەوە و کەسێکی وەک ئەحمەد داوود ئوغڵۆ سەرۆکوەزیرانی پێشووتری تورکیا و عەلی باباجان وەزیری پێشووی ئابووری تورکیا کە هاوڕێی نزیکی ئەردۆغان بوون لەو حیزبە دابڕان.
سیاسەتوان و وتەبێژی جووڵانەوەی زمانی کوردی لە تورکیا ئەوەشی بیر هێنایەوە کە جیابوونەوەی ئەو دوو کەسە بە زیانی ئاکەپە بووە و دوور نیە هەر یەک لەو دوو کەسە دوو حیزب دابمەزرێنن و 5 لە سەدی دەنگەکانی ئاکەپە بۆ خۆیان ڕابکێشن و دەنگی پارتی دادوگەشەپێدان بۆ کەمتر لە 40 لە سەد دابەزێت.
ناوبراو ئاماژەی بە کارتێکەریی ئابووری لە سەر مانەوە یان نەمانەوەی دەوڵەتە حاکمەکانی تورکیا کردووە و دەڵێت: هەر کاتێک دۆخی ئابووری خراپ دەبێت دەوڵەتەکان لاواز دەبن و مەسەلە هەستیارەکە ئەمەیە کە هاووڵاتییانی تورکیا پێی هەستیارن و لەو دۆخەدایە کە گۆڕان ڕوو دەدات.
ناوبراو ئاماژەی بە حیزبی تازەدامەزراوی دیموکراسیەت و پێشکەوتن کردووە کە بە سەرۆکایەتیی عەلی باباجان وەزیری پێشووتری ئابووری و دۆستی کۆنی ئەردۆغان دامەزراوە و دەڵێت: باباجان کەسایەتییێکی لیبراڵییە و پێوەندیی باشی لەگەڵ ئەورووپا هەیە و ئەگەری سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکەی داهاتوودا زیاترە و دەتوانێت ئەڵتەرناتیڤێک بێت بۆ پارتی دادو گەشەپێدان. هەروەها کەمالیستەکانیش (کۆماریخوازەکان) گۆڕانی دیموکراتییان لە نێو خۆیاندا دەست پێکردووە.
ناوبراو لە درێژەدا گوتیشی: تا ئەم کاتەش وێنایێکی شەفاف لەبارەی داهاتووەوە لە بەردەستدا نیە و داهاتووی تورکیا داهاتوویێکی پڕ لە مشتومڕ و مەترسییە. ئابووری تورکیا زۆر لە دۆخێکی خراپدایە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خراپتر دەبێت و نرخی دۆلار لەبەرانبەر لیری تورکیا گەشتۆتە باڵاترین ئاستی خۆی. پێداویستیی ژیان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گرانتر دەبن. بەتایبەتی سیاسەتەکانی ئەردۆغان لە سووریا و عێراق و لیبیا و دەریای ڕەش پەیڕەو دەکات و ناکۆکیی لەگەڵ یۆنان و میسر و سعوودیە و وڵاتانی دیکەش هەیە.
سیاسەتوان و وتەبێژی جووڵانەوەی زمانی کوردی لە تورکیا لەبارەی داکۆکیی کوردەکان لە سیاسەتی تورکیا بە کوردپرێسی وت: نیوە و ڕەنگە زیاتر لە نیوەی دەنگی کوردەکان ناچێتە سندووقی پارتی دیموکراتیکی گەلانی تورکیا کە وەک حیزبێکی کوردی ناسراوە چوونکە دنیابینیی پەکەکەیان پێ قبووڵ نیە. ئەو بەشەی کوردەکان یان دەنگ بە ئاکەپە دەدەن یان هەر لە ئەساسدا دەنگ نادەن.
ناوبراو زیادیشی کرد: پاش دامەرانی پارتی ئایندە بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد داوود ئوغڵۆ و پارتی پێشکەوتن و دیموکراسیەت بە سەرۆکایەتیی عەلی باباجان ئەگەری زۆرە کە بەشێکی زۆر لەو کوردانەی لە سیاسەتەکانی ئاکپارتی بێزار بوون و دەنگیش بە هەدەپە نادەن دەنگەکانیان بخەنە سندووقی ئەو دوو پارتەوە و هەردوو حیزبەکەش لە ناوجچە کوردنشینەکان دەستیان کردووە بە بانگەشەیێکی فراوان.
ناوبراو گوتیشی: بەداخەوە جگە لە هەدەپە هیچ پارتێکی دیکەی شنوێندانەری کوردی نیە کە هاووڵاتییان دەنگی بدەنێ. کوردەکان لە ناچاریدا یان دەنگ بە هەدەپە دەدەن یان دەنگەکانیان دەدەن بە پارتەکانی دیکە.
ئەو سیاسەتوانە سەربەخۆیەی کوردستانی تورکیا ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی هەدەپە گرتووە و دەڵێت: پارتی دیموکراتیکی گەلان و پەکەکە پێویستە واز لەو عەقڵییەتە بهێنن کە لەگەڵ کولتووری کوردەکان ناگونجێت.
Your Comment