پێویستە «عەبدوڵڵا ئوجەلان» لە دانوستانی ئاشتیدا ڕۆڵ بگێڕێت

بەشی تورکیا- نوێنەری پارتی دیموکراتیکی گەلان HDP لە پەرلەمانی تورکیا دەڵێت: پارتی داد و گەشە لە ڕاستیدا جێبەجێکاری بیروڕای دیکە حزبە دەسەڵاتدارەکانە لە تورکیا و ئەگەر وابیر بکەینەوە کە کەس و حزبەکانی دیکەش داڵغەی پرسی کوردیان هەیە، بابەتێکی هەڵەیە.

عومەر ئوجەلان نوێنەری پارتی دیموکراتیکی گەلان HDP لە پەرلەمانی تورکیا لە شانلی ئورفا لە وەڵامی ئەم پرسیارەی کوردپرێسدا کە پاش جیا بوونەوە لە پارتی داد و گەشەپێدان دۆخی حزبی دەسەڵاتدار چۆن دەبینێت وتی: حزبی دەسەڵاتداری داد و گەشە AKP ئێستا بۆ ماوەی 18 ساڵە دەسەڵاتی بەدەستۆیە. تەنها ئاکپارتی و مەهەپە نین کە ستەم لە کوردەکان دەکەن بەڵکوو پێکهاتەیێک لە ڕەوتە توندڕەوەکان و مافیای دژە کورد لە تورکیان کە لەزێر سێبەری ئاکپارتی-دا دژایەتیی کوردەکان دەکەن.

ناوبراو درێژەی دا: ڕاستە کە دوو ڕەوت بە سەرکردایەتیی "ئەحمەد داوود ئوغڵۆ" سەرۆک وەزیرانی پێشوو و "عەلی باباجان" وەزیری پێشووی تورکیا بەبۆنەی کێشەی سیاسییەوە لە پارتی داد و گەشە جودا بوونەتەوە، بەڵام ئەم دوو کەسە تا ئەو کاتەی ئەندامی ئاکپارتی بوون بە توندترین شێوە دژایەتیی کوردیان دەکرد. داوود ئوغڵۆ یەک لە هۆکارەکانی شەڕی خەندەق لە ساڵی 2015 و 2016 لە ناوچە کوردنشینەکانی تورکیا بوو کە کوژران و ئاوارە بوون و بریندار بوونی ژمارەیێکی زۆر لە کوردەکانی لێکەوتەوە.

ناوبراو زیادی کرد: ئەمە هەڵەیە کە وابیر بکەینەوە عەلی باباجان و داوود ئۆغڵۆ ماف و دیموکراسییان بۆ کورد دەوێت مێژووی ئاکارەکانی ئەوان نیشان دەدات کە بەم شێوەیە نییە. کاتێک باسی کورد بکرێت هەموویان یەکڕیزن و مافی کوردیان قبووڵ نییە.

عومەر ئوجەلان وتیشی: پارتی داد و گەشە لە ڕاستیدا جێبەجێکاری بیروڕای دیکە حزبە دەسەڵاتدارەکانە لە تورکیا و ئەگەر وابیر بکەینەوە کە کەس و حزبەکانی دیکەش داڵغەی پرسی کوردیان هەیە، بابەتێکی هەڵەیە.

نوێنەری ئورفا لە پەرلەمانی تورکیا و برازای عەبدوڵڵا ئوجەلان سەرکردەی زیندانی کراوی پەکەکە وەبیری هێنایەوە: حکوومەتە پێشووەکانی تورکیا بە سیاسەتی ئاسیملاسیۆن و ژینۆسایدی کورد جووڵانەوە و ئەمڕۆش لەزێر ناوی ئیسلامگەرایی و ڕەفتاری ڕەگەزپەرەستانە دژ بە کوردەکان کار دەکەن.

عومەر ئوجەلان ڕاشیگەیاند: پێشتر سیاسەتی دژبەرانەی جەهەپە دژ بە کوردەکان بەشێوەیێک ڕووبەڕووبوونەوەی فەرهەنگی بوو و ئەمڕۆش پارتی داد و گەشە بە سیاسەتی دینی دەیهەوێت دەست لە هەرکارێم بدات بۆ زەبرلێدان لە کوردەکان.

نوێنەرەکەی پارتی دیموکراتیکی گەلان لە شانلی ئورفا ئاماژەی دا بە شێوازی ڕووبەڕووبوونەوەی کوردەکان و وتی: پێویستە کوردەکانی تورکیا لەمبارەوە ستراتێژیێکی دیاریکراویان ببێت. ئەمڕۆ پارتی داد و گەشە دەسەڵاتی بەدەستۆیە و بەیانی حربێکی دیکە کە لە بواری هەلسوکەوت کردن لەگەڵ کورد جیاوازییان نییە. بۆیەش هەر چەشنە سیاسەت کردنێکی ڕەوتە کوردییەکان لە تورکیا دەتوانێت یەکهەڵویستیێک لە تورکیا پێکبێنێت.

عومەر ئوجەلان جەختی کردەوە: حزبی دەسەڵاتدار هەموو ناوەند سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییە سەربەخۆکانی کونترۆڵ کردووە. پێویستە ئەو هێز و دەسەڵاتە لەم حزب و حکوومەتە بسێندرێتەوە. لە سەدەکانی ڕابردوودا ڕۆڵی حکوومەت کوشتن و ئاسیملاسیۆنی کوردەکان بووە و لە ئێستاشدا نەگۆڕاوە و درێزەی پێدەدرێت.

ناوبراو زیادی کرد سەردەمی لاواز بوونی ئاکپارتی دەستی پێکردووە. چیدی ئەم حزبە لە تورکیا گەشە نابینێتو ئەم حربە پێشەنگی هەموو ڕەوتە دژە کوردەکانە لە تورکیا. پێویستە سیاسەتوانانی کورد هۆشیار بن و بە ستراتێژیێکی دروست چاو لە سەردەمی پاش دەسەڵاتی پارتی داد و گەشە بکەنەوە.

عومەر ئوجەلان لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا کە هۆکاری چییە کە حربەکەی ئێوە زۆرینەی دەنگی کوردەکان لە تورکیا بەدەست ناهێنێت، وتی: پارتی دیموکراتیکی گەلان نزیک لە دە ساڵە لە مەیدانی سیاسیدا خەبات بۆ ئازادی دەکات و نزیکەی سەد ساڵە ئاسیملاسیۆن کورد درێژەی هەیە. حکوومەتە جیاوازەکان لە تورکیا شێوازی زۆریان لە بوارەکانی سیاسی، ئەمنی، سەربازی و سیاسی بەکار هێناوە کە کوردەکان خاوەنی یەکدەنگی یەکگرتوو نەبن.

ناوبراو وتیشی: ئەمە زۆر سروشتییە کە هەموو کوردەکان دەنگ بە حزبێکی کوردی نەدەن و ئازادییان ببێت لە هەڵبژرادندا. بەڵام حکوومەتەکان لە تورکیا بە بەرنامەوە کاریان لەسەر ناکۆکی نیانەوە کردووە. ئێمە بۆ زمان و ماف و شۆناسی کوردەکان لە تورکیا هەوڵ دەدەین و شەڕ دەکەین. پارتی دیموکراتیکی گەلان ستەمی زۆری لێدەکرێت.

عومەر ئۆجەلان درێژەی دا: دروستە حزبێکی یاسایین لە تورکیا بەڵام دەنگەکانی خۆمان لەنێو ئاگردا کۆ دەکەینەوە. هەموو شتێک دژ بە حزبەکەی ئێمەیە. دڵنیاین کە ئەگەر ستەم و گوشاری حکوومەت نەبێت هەدەپە دەتوانێت لەسەدا نەودی دەنگی کوردەکانی تورکیا بەدەست بێنێت.

نوێنەرەکەی پارتی دیموکراتیکی گەلان لە شانلی ئورفا ئاشکراشی کرد: پارتی دیموکراتیکی گەلان ڕایگەیاندووە کە حزبێکە بۆ هەموو تورکیا و گۆڕەپانی سیاسی چۆڵ ناکات و کارەکانی خۆی بۆ کار کردن تەنها بۆ کورد سنووردار ناکات و پێویستە بۆ دەستەبەر کردنی مافی کورد کەسانی دیکەش لەبارەی مافی کورد ئاگادار بکەینەوە.

ناوبراو دەڵێت: ڕاستە کە هاووڵاتییانی دیکەی تورکیاش دەنگ بە هەدەپە دەدەن بەڵام نەود و پێنج لەسەدی دەنگەکانی هەدەپە لە لایەن کوردەکانەوەیە. بەمەیشەوە پێویستە دەنگی کەسانی دیکە وەکوو دیموکراتەکان . چەپەکان و سوسیالیزم و فیمینیستەکانیش ڕابکێشین.

عومەر ئوجەلان ڕاشیگەیاند: لە کوردستانێکی ئازادیشدا پارتی دیموکراتیکی گەلان ناتوانێت ئیدیعای ئەوە بکات کە لەسەدا سەدی دەنگی کورد بەدڕەست دێنێت چوونکە کۆمەڵگا چەندوچۆنی و تایبەتمەندیی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی جیاوازی هەیەف بەڵام شتێک کە ئاشکرایە ئەمەیە کە هەدەپە هەوڵ بۆ دادپەروەری و ئازادی کورد لە تورکیا دەدات و واز لەم سیاسەتەش ناهێنێت.

نوێنەری پارتی دیموکراتیکی گەلان لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا کە ئایا هەوڵێک بۆ درێژەدان بە دانوستانی نێوان کورد و حکوومەتی تورکیا بوونی هەیە، وتی: لە سەد ساڵی ڕابردوودا هەزاران کەس لە کوردەکان کوزراون و بە ملیۆنان کەس ئاوار بوون و سەدان گوند کاول کراون. مێژووی دێرسیم و زیلان و شێخ سەعید و... هەموویان سیاسەتی تورکیا هەمبەر کورد نیشان دەدەن. بەمەیشەوە کورد هەمیشە داوای دانوستانی ئاشتیی کردووە.

عومەر ئوجەلان برازای سەرکردەی زیندانی کراوی پەکەکە درێژەی دا: دەوری عەبدوڵڵا ئوجەلان لە دانوستانی ئاشتیدا زۆر پێویستە. چارەی کێشەی کوردی تورکیا لە ئیمرالیەوە تێدەپەڕێت و دەبێت لەگەڵ ئوجەلاندا لەمبارەیەوە قسە بکرێت.

ناوبراو زیادی کرد: شەڕ و خوێن ڕشتن و زیندانی کردن کێشەکان قووڵتر دەکەن و لە ڕێگاچارە دوورمان دەخەنەوە. حکوومەت دەبێت بەرپرسیارانەتر مامەڵە لەگەڵ کورد بکات. لە ئێستادا هیچ هەوڵێک بۆ ئاشتی لەلایەن حکوومەتەوە نابینرێت بەڵام ڕوون نییە کە لە داهاتوودا چی ڕوودەدات.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 189630

Your Comment

You are replying to: .
captcha