شرۆڤەکاران لەبارەی ڕێککەوتنی نەوتیی نێوان ئەمریکا و کوردانی سووریا چی دەڵێن؟

بەشی جیهان- بەڕای ژمارەیێک لە شرۆڤەکاران ڕێککەوتنی نەوتیی لەگەڵ کۆمپانیای ئەمریکی پێداویستیی هەرە گرینگی کوردانی سووریا بوو و سەرۆک کۆماری تورکیاش لە دژی ئەو ڕێککەوتنە نییە چوونکە نایەوێت پێوەندییە بەهێزەکەی لەگەڵ ترەمپ بخاتە مەترسییەوە.

کوردپرێس: پاش نزیکەى سێ ساڵ لە دانووستاندن لەبوارى نەوت لە کوردستانی سووریا دواجار کۆمپانیای دێلتا کریسانت ئینێرژی ئەمریکا گرێبەستێکی لەگەڵ ئیدارەی خۆسەری باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆ تایبەتە بە پەرەپێدان، فراوان کردن و دەرهێنانی نەوتی کێڵگە نەوتییەکان واژۆ کرد.

لەمبارەوە سەرچاوەیێک بە ئاژانسی هەواڵی ئەلمۆنیتەری ئەمریکی راگەیاندووە، لەسەر پێشنیازی ئیدارەی ترەمپ گرێبەستەکە واژۆ کراوە، کە هانی پەرەدان و فراوان کردنی تواناکانی کێڵگە نەوتییەکانی کوردستانی سووریا دەدات.

جۆ ماکرۆن، شرۆڤەکاری پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ناوەندی عەرەبی لە واشنتن لەمباروە بە ڕۆژنامەی ئینگلیزی زمانی عەرەب نیووزی وتووە، ڕەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا پێوەندییە باشەکانی خۆی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بەبۆنەی ڕێککەوتنێکی نەوتی (بە ئاوڕ دانەوە لە گرنگایەتیی نەوت بۆ ترەمپ) تێک نادات.

ناوبراو زیادی کرد: ئەنقەرە لەزێر سێبەری ئەمریکادا دەسکەوتی ستراتێزیکی لە سووریا و لیبیا هەبووە و هێزە کوردییەکانی لە سنوورەکانی خۆی دوور خستەوە. بەم حاڵەشەوە ئەگەر سیاسەتی ترەمپ لە سووریا گۆڕانکاریی بەسەردا بێت یان لە هەڵبژاردنەکاندا سەرنەکەوێت. ئەردۆغان ئەو کاتە دەتوانێت ئەم بابەتە دەستکاری بکات. بێ هەڵویستیی لەبەرامبەر ئەم ڕێککەوتنە نەوتیە لە ئێستادا بە واتای چاوپۆشان لە بابەتەکە بە تەواوی لە داهاتوودا نییە.

نوار سابان، شرۆڤەکاری سەربازیی لە پەیمانگای چاکسازی بڕوای وایە ئەم ڕێککەوتنە نەوتییە لەنێوان کۆمپانیایێکی ئەمریکی و هێزەکانی سووریای دیموکرات-دا کراوە. ئەمریکییەکان بۆ ئەم ناوچەیە لانیان هەیە بەڵام وردەکارییەکانی ئاشکرا نەکراون. بێ هەڵویستیی ئەنقەرە بەبۆنەی ناڕوون بوونی ڕێککەوتنەکەیە.

نیکولاس هراس لە ڕێکخراوی توێژینەوەکانی جەنگ لەو بڕوایەدایە ئەم ڕێککەوتنە زیاتر بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات گرینگە بۆیە ئەنقە کاردانەویێکی ئەوتۆی لەمباروە نییە. هێزەکانی سووریای یموکرات پێویستیان بە تۆکمە کردنی پێوەندیی لەگەڵ ئەمریکایە و ئەم ڕێککەوتنە نەوتیەش پێوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمرکیا قووڵ دەکاتەوە.

ئەم شرۆڤەکارە دەنووسێت تورکیا وابیر دەکاتەوە کە بەهۆی یەدەگی کەمی نەوتی ئەو ناوچانەی ڕێککەوتنی لەسەر کراوە ڕێککەوتنەکە زۆر گرینگ نییە و ئەگەر تورکیا بیەوێت ئۆپەراسیۆنی سەربازیی دیکە دژ بە کوردەکان ئەنجام بدات ئەو ڕێککەوتنە ڕێگری لە هێرشەکان ناکات.

رووان رژولە شڕۆڤەکاری سەربەخۆ لە واشنتن، دەڵێت ئەم ڕێککەوتنە نەوتییە هەوڵی ئەمریکیایە بۆ ئاشتی لەنێوان ڕەوتە کوردییەکانی سووریا و گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ لەنێوان کوردەکانی سووریا و حکوومەتی تورکیا تاکوو ئەم ئاشتییە پێش کشانەوەی ئەمریکا لەناوچەکە بگاتە ئەنجام.

ناوبراو بە عەرەب نیووزی وتووە تورکیا پێشتر پێشنیاری بە ڕووسیا ئەمریکا کردبوو بۆ ئاوەدان کردنەوەی سووریا و بەمەرجی یارمەتی نەدانی هێزەکانی سووریا دیموکرات کەڵک لە نەوتی سووریا وەربگرن و جیمز جێفری نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا تورکیای ئاگاداری ئەم ڕێککەوتنە نەوتییە کردووەتەوە و وابەدی دەکرێت کە واشنتن و ئەنقەرە لەسەر ئەم بابەتە لارییان لەگەڵ یەک نییە.

ئەم شرۆڤەکارە بەدووری دەزانێت کە ڕێککەوتنە نەوتییەکەی نێوان هێزە کوردییەکان و کۆمپانیا ئەمریکییەکە بە مەبەستی تۆکمە کردنی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کرابێت بەڵکوو زیاتر ڕێککەوتنێکی سیاسییە بۆ دابەش کردنی داهاتە نەوتییەکان لەنێوان ئەکتەرانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 189550

Your Comment

You are replying to: .
captcha