کوردپرێس: ئاژانسی هەواڵی رۆيتەرز لە زارى چەند بەرپرسێکى باڵای تورکياوە بڵاوی کردووەتەوە، تورکیا شەرەکانى لە دژى پارتى کرێکارانى کوردستان چڕ کردووەتەوە لە حەفتانين و متينا لە نزيک سنوورەکانى سووريا و ناوچەکانى ئافاسين و هاکورک لە نزيکى ئێران.
ئاماژە بەوەش کراوە، "تورکیا بە ستراتیژێکی نوێ دەیەوێت جەنگ دژی پەکەکە بباتە ناو قووڵایی خاکی عێراقەوە، کە پێکدێت لە دروست کردنی بنکەی سەربازگەی کاتی و بەکارهێنانی فڕۆکەبێفڕۆکەوانەکان و شەڕکەرە کوردەکان لە ناو چیاکاندا بکاتە ئامانج"، دەشڵێت، "بەهۆی گەشەسەندنی تەکنەلۆژیا و بەکارهێنانی فڕۆکەبێفڕۆکەوانەکانەوە هاوسەنگی هێز لە بەرژەوەندی تورکیادایە، بەهۆی ئەوەی لە ئێستادا دەستی دەگات بەوشوێنانەی کە پێشتر بە سەختی دەیتوانی پێی بگات."
ئەوەش خراوەتەڕوو، "لە دوای ئۆپراسیۆنی چنگی پڵنگەوە، بە قوڵایی ٤٠ کیلۆمەتر هاتوونەتە ناوخاکی عێراقەوە و زیاتر لە ٣٠ بنکەی سەربازی کاتی نوێیان داناوە."
ئاژانسەکە راشیانگەیاندووە، دەیانەوێت سەرچاوەى هەڕەشە لەو ناوچانە ببڕن بەرامبەر بە تورکیا و رێگرى لە دزەکردنى گەریلاکانى پەکەکە لە هاتنە ناوەوەیان بۆ تورکیا بکرێت.
سەرچاوە: NRT
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment