به‌رپرسێکی گه‌وره‌ی داعش له‌ سلێمانی ده‌ستگیر کرا

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق، ده‌ستگیرکردنی به‌رپرسێکی گه‌وره‌ی رێکخراوی داعشی له‌ پارێزگای سلێمانی راگه‌یاند.

کوردپرێس: وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق به‌یاننامه‌یێکی بڵاو کرده‌وه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌کرد، به‌رپرسی شه‌رعی "داعش " له‌ قه‌زای خورماتوو له‌ کاتی بوونی له‌ پارێزگای سلێمانی ده‌ستگیر کراوه‌.

له‌ ورده‌کاریی زانیارییه‌کاندا هاتووه‌ "دوای ئه‌وه‌ی زانیاری هه‌واڵگرییمان ده‌ستکه‌وت سه‌باره‌ت به‌ بوونی گه‌وره‌ تیرۆریستێک له‌ پارێزگای سلێمانی، که‌ هه‌وڵی هه‌ڵاتن ده‌دات بۆ یه‌کێک له‌ وڵاتانی دراوسێ و دوای 72 کاتژمێر له‌ چاودێری کردن و به‌دواداچوون به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ هێزه‌کانی ئاسایش له‌ سلێمانی، ئه‌و گه‌وره‌ تیرۆریسته‌ له‌لایه‌ن هێزه‌کانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هه‌واڵگریی و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر سه‌ربه‌ ئاژانسی هه‌واڵگریی له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ ده‌ستگیر کراوه‌".

به‌پێی به‌یاننامه‌که‌، ئه‌و به‌رپرسه‌ی داعش له‌ میانی لێکۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵیدا، دانی به‌وه‌داناوه‌، که‌ به‌ناو به‌رپرسی شه‌رعی رێکخراوه‌که‌ بووه‌ له‌ قه‌زای خورماتوو.

ئاماژه‌ به‌وه‌شدراوه‌، چه‌کداره‌ ده‌ستگیرکراوه‌که‌ پێشتر به‌پێی ماده‌ی چوار له‌ یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر، فه‌رمانی ده‌ستگیرکردنی بۆ ده‌رکراوه‌ و ئێستاش ره‌وانه‌ی لایه‌نی دادوه‌ریی کراوه‌ بۆ گرتنه‌به‌ری رێوشوێنی یاسایی له‌ دژی.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 189431

Your Comment

You are replying to: .
captcha