کوردپرێس:
نەسروڵڵا ڕەشنوودی کونسووڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر دیمانەیێکی لە گەڵ کوردپرێس کردووە و تێیدا وێڕای ئاشکراکردنی پلانی سەردانەکەی محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ عێراق، بە کوردپرێسی وتووە: وەزیری دەرەوەی ئێران پاش ئەنجامدانی دانوستان لەگەڵ بەرپرسانی دەوڵەتی ناوەندیی عێراق دەگاتە هەولێر و لەگەڵ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جیگرانی سەرۆکی هەرێم و هەروەهاش لەگەڵ مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم دیدار دەکات و لە دیدارێکی جیاوازدا لەگەڵ مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانیش کۆ دەبێتەوە. بەڵام لەبەر کەمیی دەرفەت ڕەنگە جگە لەو دیدارانەی باس کرا هیچ دیدارێکی دیکەی لە هەرێمی کوردستان نەبێت.
ڕەشنوودی ئەوەشی بۆ کوردپرێس باس کردووە کە سەردانەکەی دوکتور زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ هەولێر لە سەر بانگهێشتی فەرمیی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بووە و مەبەستی سەردانەکەش دەوڵەمەندکردنی پێوەندییەکان و پەرەپێدانی هاوکاریی نێوان هەردوولا لە کەرتی ئابووری و فەرهەنگی و سیاسی و بازرگانی بووە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە لەپاش دەستبەکاربوونی حکوومەتی ئێستای هەرێمی کوردستان ئەو سەردانە یەکەم سەردانی بەڕێز محەمەد جەواد زەریفە بۆ هەرێمی کوردستان و بەڕێزیان لەگەڵ کابینە تەمەن یەک ساڵەکەی حکوومەتی کوردستان لە سەر پەرەپێدانی هاوکاری و پێوەندیی هاوبەش باس و ڕاگۆڕینەوە دەکەن.
لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا چەندین دانوستان لە نێوان دەوڵەتی بەغدا و حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجام دراوە و مەبەستی دانووستانەکانیش چارەکردنی کێشەکانی نێوان دوو لایەن و دەستەبەرکردنی ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنە بووە. سەرکونسووڵی ئێران لەبارەی دەوربینینی ئێران لە نزیک کردنەوەی بەغدا و هەولێر و دەستەبەرکردنی ڕێککەوتنێک لە نێوان ئەو دوو لایەنە بە کوردپرێسی وت: بە دڵنیایییەوە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە مەبەستی دەستەبەرکردنی یەکڕیزی و چارەکردنی کێشەی لایەنە جۆربەجۆرە عێراقییەکان بە تایبەتی کورد و شیعە و سونە و دیکەی پێکهاتەکانیش هەوڵی زۆری داوە و چالاک بووە لە دەستەبەرکردنی سەروەری و یەکپارچەییی عێراق. ئێران بەردەوامیش دەبێت لەم سیاسەتەی خۆی لەبارەی عێراقەوە کە وڵاتێکی دۆست و دراوسێی ئێرانە. دیارە بەگوێرەی لێدوانەکانیش دۆستانی هەرێمی کوردستانیش هەمان چاوەڕوانییان لە شاندی ئێرانی هەیە و لە دیدارەکاندا ئەم بابەتە باس دەکرێت. بە دڵنیایییەوە کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم بارەیەوە لە هیچ هەوڵێک درێخی ناکات.
کۆنسووڵی ئێران لە هەولێر ئاماژەی بە گرینگیی سەردانی بەرپرسانی ئێرانی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان و هەروەها سەردانی لایەنی بەرانبەر بۆ ئێرانیش کرد و گوتی: وەزیری دەرەوە لە باش کردنی پێوەندیی ئابووریی نێوان دوو لایەن و چارەکردنی کێشەکان و بەرزکردنەوەی ڕێژەی ئاڵوگۆڕی بارزگانی دەوری تایبەت دەبینێت و بیگومان بەڕێزیان دەتوانن کارتێکەریی ئیجابییان لەم بارەیەوە هەبێت بۆ ئەوەی پەرە بە پێوەندییە دوو قۆڵییەکان لە هەموو بوارێکەوە بدرێت.
ڕەشنوودی لە کۆتاییدا لەبارەی داڵغە ئەمنییە هاوبەشەکانی نێوان دوو لایەن لە سەر سنوورەکان و هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان هەردوو لا بۆ دابین کردنی ئاسایشی سنوورەکان بە کوردپرێسی وت: بە دڵنیایییەوە کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەو چاوەڕوانیییەی لە هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی ناوەندیی عێراق هەیە کە سەرنجی تایبەت بخەنە سەر دابین کردنی ئاسایشی سنوورەکان و وەک وڵاتی دراوسێی ئێران ئیلتیزام بە ئەرکەکانی خۆیان بکەن. ئاسایییە کە هەموو وڵاتێک چاوەڕوانی ئەوە لە دراوسێکانی دەکات کە ئاسایشی سنوورەکانی دابین بکات و ئێرانیش هەمان چاوەڕوانیی لە لایەنی عێراقی هەیە و هیوادارین بە هەمان شێوەی پێشوو کە ئەو مەسەلە لایان گرینگ بووە ئێستا زیاتریش بە هەندی وەربگرن.
Your Comment