بەپێی هەواڵی کوردپرێس، حامی ئاکسۆی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا وەڵامی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دەرەوەی عێراقی لە رێگەی راگەیێنراوێکەوە دایەوە و رایدەگەیێنێت: رێوشوێنی پێویست دژی هەر چالاکی و هێرشێک دەگرنەبەر کە لە خاکی عێراقەوە دەکرێتە سەر سنووری تورکیا و ئاسایش و سەقامگیرییەکەی و بەرگری لە خۆیان دەکەن.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوە دا، ئەوان پێشتر وەڵامی عێراقیان لەبارەی ئۆپەراسیۆنی چڕنووک دژی پەکەکە داوەتەوە و دەڵێت، "لەمبارەیەوە چەند روونکردنەوەیێکی تازە و بێبنەما لەلایەن پێگەکانی عێراقەوە هاتوون".
لە رۆژی 2020/06/15 وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانیی بە ناوی "چڕنووکی هەڵۆ" بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان دەستپێکرد. دوو رۆژ دواتریش ئۆپەراسیۆنێکیی زەمینیی بە ناوی "چڕنووکی پڵنگ" لە ناوچەی حەفتانین لە سنووری زاخۆ دەستپێکرد و تاوەکوو ئێستاش بەردەوامە.
ئاکسۆی باسی لەوە کرد، "جارێکی دیکە ئەمە بەبیر دەخەینەوە کە ئامادەی هاوئاهەنگیین بۆ بەرەنگاربوونەوەیێکی هاوبەشانە دژی پەکەکە کە ئاسایشی عێراقیشی خستووەتە ژێر هەڕەشە و پێشێلی سەروەرییەکەی کردووە".
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا جەختی لەوە کردەوە، تاوەکوو ئەو کاتەی ئەو چاوەڕوانییەیان بەبێ وەڵام بمێنێتەوە، "تورکیا لە دژی هەر چالاکییێکی رووخێنەر کە لە خاکی عێراقەوە دەکرێتە سەر سنوور، ئاسایش و سەقامگیرییەکەی، لە چوارچێوەی یاسای بەرگری لەخۆکردنی نێودەوڵەتیی رەوادا لەسەر گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست پێداگر دەبێت".
شایانی باسە رۆژی شەممە 2020/07/04 گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە راگەیێنراوێکدا داوای لە تورکیا کرد هێرشەکانیان رابگرن و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش کرد هەنگاوی پێویست لەو بارەیەوە بنێن.
ئەحمەد مەلا تەڵاڵ، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاندبوو "هێزەکانی تورکیا هێرشەکانیان بۆ سەر خاکی عێراق چەندبارە دەکەنەوە و ئێمە ئەم کارانە رەت دەکەینەوە و بڕوامان وایە زیان بە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو گەل دەگەیێنن".
لە راگەیێندراوەکەی عێراقدا داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرابوو هەنگاوی پێویست بۆ پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە بنێت و پشتیوانی لە مافی عێراق بۆ پارێزگاری لە خاکەکەیی و گەلەکەی بکات.
سەرچاوە: تۆڕی میدیایی ڕووداو
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment