85 رۆژنامەنووس لە ھەرێمی کوردستان تووشی کۆرۆنا بوونە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، 85 رۆژنامەنووس تووشی کۆرۆنا بوونە و زۆربەشیان لە سنووری پارێزگای سلێمانین.

کوردپرێس: حاکم ئازاد حەمەدەمین، نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بۆ تەلەفیزیۆنی کوردستان24ی راگەیاند: "تائێستا 85 رۆژنامەنووس لە ھەرێمی کوردستان تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەشدا شەش رۆژنامەنووسیان ئافرەتن، زۆربەی ئەو رۆژنامەنووسانەی تووشی کۆرۆنا بوون لە سنووری پارێزگای سلێمانین".

ناوبراو گوتیشی: "بەشێکی زۆر لەو رۆژنامەنووسانەی تووشی کۆرۆنا بوونە لەناو ستۆدیۆ و دەزگاکانن، نەک پەیامنێر و رۆژنامەنووسە مەیدانییەکان، لەمەشیاندا یەکەمجار کارگێڕی دەزگاکان بەرپرسن".

نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسان، ئەوەشی خستەڕوو: "تائێستا ھەندێک لە دەزگاکانی راگەیاندن زانیاری لەبارەی تووشبوونی کارەمەندەکانیان بە کۆرۆنا لە ئێمە دەشارنەوە، کە ئەمە ھەڵەیە، چوونکە پێویستە ئاشکرا بکرێت و لە دەزگاکە رێکار بگیرێتەبەر، ھەروەھا ئەگەر لە دەزگایێک ژمارەیێکی زۆر رۆژنامەنووس تووشی کۆرۆنا بوون، دەبێ رێکارەکان توندتربن و بیر لەوە بکرێتەوە دەزگاکە کەرەنتین بکرێت بۆ سەلامەتی دەزگاکە و رۆژنامەنووسان".

حاکم ئازاد، باسی لەوەش کرد: "ئەو دەزگایانەی زانیاریمان لێدەشارنەوە سزا دەدرێن، یەکەم سزاشیان ئەوەیە ھەفتەی داھاتوو ناوەکانیان ئاشکرا دەکەین و رایدەگەیێنین کە چەند رۆژنامەنووس لەو دەزگایانە تووشی کۆرۆنا بوونە".

نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان راشیگەیاند: "ژیانی رۆژنامەنووسان لە کارەکەیان گرنگترە، بۆیە دەبێ رۆژنامەنووسان پارێزراوبن".

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 189242

Your Comment

You are replying to: .
captcha