ترەمپ و باسی كورد لە كۆشكی سپیدا لە زمانی جۆن بۆڵتنەوە

بەشی جیهان- جۆن بۆڵتن، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی پێشووی ئەمریكا لە كتێبەكەیدا باس لە یادەوەرییەكانی لە كۆشكی سپی دەكات و 28 جار ناوی كورد لە كتێبەكەدا هاتووە. جۆن بۆڵتن بەكەسێكی هاوسۆزی كورد ناسراوەو، دوای ئەوەی لە پۆستی نوێنەری ئەمریكا لە نەتەوەیەكگرتووەكاندا نەما، لەلایەن ترەمپەوە لە رۆژی 9ی نیسانی 2018 كرایە راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا و تاوەكو 10ی ئەیلوولی 2019 لەو پۆستەدا مایەوە.

کوردپرێس:

كتێبی بۆڵتن لەسەر ترەمپ و كۆشكی سپی بووەتە رۆژەڤی ئەمریكا و مژارێكی گەورەی جیهانیش . ئەوەی لە خوارەوەدا دەیخوێننەوە، وەرگێڕدراوی كوردیی ئەو بڕگانەی كتێبەكەیە كە باسی راستەوخۆی كورد دەكەن.

كتێبەكە بەناوی ئەو ژوورەی كە زۆر شت تێیدا روویدایە و پەیوەندی ئەمریكا لەگەڵ هەرێمی كوردستان و مامەڵەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەسەرۆكایەتی ئەمریكا لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و هێزەكانی سووریای دیموكرات لە كوردستانی سووریا، وای كردووە پرسی كورد زۆرجار لە كۆشكی سپی، وەزارەتی دەرەوە، بەرگری و دەزگای هەواڵگریی ئەمریكا باسبكرێت.

ترەمپ: كوردەكان لەبەر عێراقییەكان و توركەكان هەر هەڵدێن

جۆن بۆڵتن لە بەشێكی كتێبەكەیدا باس لە هەڵوێستی سەرۆكی ئەمریكا سەبارەت شەڕی داعش و مانەوەی هێزەكانی وڵاتەكەی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەتایبەتی لە سووریا دەكات و دەڵێت، رۆژێكی دووشەممە دۆناڵد ترەمپ گوتی"دەمەوێ لە شەڕە زۆر خراپەكان ی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بێمە دەرەوە. ئێمە چەكداری داعش بۆ ئەو وڵاتانە دەكوژین كە دووژمنی ئێمەن". من بەوجۆرە تێگەیشتم مەبەستی رووسیا، ئێران و سووریای ئەسەدە. ترەمپ گوتی، راوێژكارەكانی بەسەر دوو بەرەدا دابەشبوون. گرووپێك دەیانەوێ ئەمریكا لەوێ بۆ "هەمیشە" بمێنێتەوە و گرووپێكی دیكەشیان دەیانەوێت "بۆ ماوەیێک بمێنێتەوە". ترەمپ تێڕوانینێكی پێچەوانەی هەبوو و گوتی " نامەوێ بەهیچ شێوەیەك بمێنمەوە. حەزم لە كوردەكان نییە. ئەوان لە عێراقییەكان هەڵدێن، لە توركەكان هەڵدێن. تەنیا كاتێك هەڵنایێن كە چواردەوریان بە ئێف 18 بۆردوومان بكەین" و، هەر بۆیە ئەو پرسیارەی لێكردم "دەبێ چ بكەین؟" مایك پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا گوتی "كەمێك كات بدە جۆن بۆڵتن و من"، بەڵام روونبوو كە ترەمپ دەیەوێ ئەمریكا لە سووریا بكشێتەوە.

لە بەشێكی دیكەی كتێبەكەیدا، جۆن بۆڵتن باسی رووداوێكی عێراق و هەرێمی كوردستان دەكات و دەڵێ "رۆژی شەممە و 8ی مانگ بوو. گرووپە میلیشیا عێراقییەكان، بێگومان بە پشتیوانی ئێران، هێرشیانكردە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا و كۆنسوڵخانەكەمان لە بەسرە. هەروەها ئێران هێرشی مووشەكی كردبووە سەر ئامانجەكانمان لە نزیك هەولێر لە كوردستانی عێراق. هێرشەكان چەند رۆژێك پێش ساڵیادی هێرشەكەی 11ی سێپتەمبەر بوون و بە لەبەرچاوگرتنی هێرشەكەی ساڵی 2012ی سەر نووسینگەی دیپلۆماسییمان لە بنغازی لیبیا، دەبووایە بەشێوەیەكی ستراتیژی بیر لە وەڵامدانەوەمان بۆ ئەو هێرشانە بكەینەوە"، بەڵام بەوجۆرە نەبوو.

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا چەند جارێك كۆبوونەتەوە و یەكێك لەوانیش لە سەرەتای كانوونی یەكەمی 2018دا بوو لە پەراوێزی كۆبوونەوەی جی 20. هەروەك چۆن لە كتێبەكەی جۆن بۆڵتندا هاتووە، لەو كۆبوونەوەیەدا باس لە چەند پرسێك كرا و یەكێك لەوانیش بابەتی شەڕڤانان بوو لە كوردستان و ناوچەكانی دیكەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و تێیدا ئەردۆغان سكاڵای لای ترەمپ كرد لەوبارەیەوە.

جۆن بۆڵتن زیاتر لەبارەی ئەم بابەتە دەدوێت و دەڵێت، كۆبوونەوەكە لەكاتێكدا بەڕێوەچوو كە سەركەوتنی گەورە لە شەڕی داعشدا بەدەستهاتبوون، بەشار ئەسەدیش ناوچەیەكی زۆری سووریای كۆنتڕۆڵكردبووەوە. ئەوروپاییەكان نیگەرانی ئەوەبوون توركیا هێرشبكاتە سەر "باكووری رۆژهەڵاتی سووریا"، واتە ئەو سێگۆشەیەی دەكەوێتە بەشی رۆژهەڵاتی "رووباری فورات"، باشووری توركیا و عێراق. بەشی زۆری ئەو ناوچەیە لەژێر كۆنتڕۆڵی "ئۆپۆزیسیۆنی سووریا"دا بوو و شەڕڤانەكانی كوردیش پێكهێنەری سەرەكی ئەو هێزەی ئۆپۆزیسیۆنن. ئەوە لەكاتێكدابوو، چەند هەزار سەربازێكی ئەمریكی و هاوپەیمانان گوێزرابوونەوە ئەو ناوچەیە بۆ ئەوەی یارمەتی هێرشە بەردەوامەكان بدەن بۆ سەر خەلافەتەكەی داعش.

پشتیوانی لە دەسەڵاتی زیاتر و سەربەخۆیی كورد لە ئەمریكا

جۆن بۆڵتن دەڵێت، "وا دەردەكەوت كە ئەردۆغان پێیباشبوو داعش لەنێوبچێت، بەڵام دووژمنە راستەقینەكەی ئەو كورد بوو. ئەردۆغان باوەڕی وابوو كوردەكان هاوپەیمانیی پارتی كرێكارانی كوردستان- پەكەكەن و هەندێك پاساویشی بۆ ئەوە هەبوون. ئەوە لەكاتێكدایە ئەمریكا ماوەیەكی زۆرە پەكەكە وەك گرووپێكی تیرۆریستی دادەنێت. زۆربەی لایەنەكانی بەشدار لە شەڕی داعش دژی داعش بوون، بەڵام تاران سەرنجی لەسەر شەڕی داهاتوو بوو، واتە شەڕی دوای تێكشكاندنی داعش. لەگەڵ كەمبوونەوەی سنووری ژێر دەسەڵاتی داعش، ئێران سنووری ژێر كۆنتڕۆڵی خۆی لە ناوچەكەدا زیاتر دەكرد و ئەوەش ئەمریكای لەگەڵ گرووپێكی دیاریكراو لە هاوپەیمان بەجێدەهێشت. ماوەیەكی درێژبوو ئەمریكا پشتگیری لە هەوڵەكانی كورد دەكرد بۆ هەبوونی دەسەڵاتێكی زیاتر یان تەنانەت پشتیوانی لە سەربەخۆیی كورد لە عێراق دەكرد و دەوڵەتێكی كوردییش پێویستی بەوە هەبوو سنووری وڵاتانی ئێستای ناوچەكە بگۆڕدرێت. ئەوە شتێكی ئاڵۆز بوو، بەڵام ئەوەی روونبوو بریتیبوو لە هەستێكی بەهێزی دڵسۆزی بۆ كوردەكان، كە لەگەڵ ئێمە شەڕی داعشیان كردبوو و ترسی ئەوەشیان هەبوو بەجێهێشتنیان لەلایەن ئێمەوە نەوەك تەنیا واتای نەبوونی دڵسۆزی بێت، بەڵكو كاریگەری خراپی لە سەرانسەری جیهاندا هەبێ بۆ هەر هەوڵێكی داهاتوو بۆ كۆكردنەوەی هاوپەیمانەكان لە دەوری یەكتر.

ترەمپ بە ئەردۆغانی گوت شەڕی داعش لە سووریا بۆ توركیا بەجێدەهێڵین

بۆڵتن دەڵێت، رۆژی 14ی كانوونی یەكەم ترەمپ و ئەردۆغان لەرێگەی تەلەفۆنەوە قسەیانكرد. پێش ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە، زانیاری وردم دایە سەرۆكی ئەمریكا لەبارەی بارودۆخی سووریا و ئەویش گوتی"دەبێ لەوێ دەربچین" و ترسی ئەوەم هەبوو ئەو قسەیە بەشێوەیەكی راستەوخۆ بە ئەردۆغان بڵێت. ترەمپ و ئەردۆغان باسی چەند بابەتێكیان كرد و یەكێك لەوانیش سووریا بوو.

ئەردۆغان نیگەرانی خۆی لە درێژەدان بە راهێنانی هێزەكانی یەپەگە دەربڕی و باسی لە جیاوازییەكان كرد لەنێوان ویستی سیاسی ترەمپ و چالاكییە سەربازییەكانی ئەمریكا لە سووریا، كە وایكردووە پرسیار لە مێشكیدا دروستبكەن. ئەردۆغان گوتی، توركیا دەیەوێ لەدەست داعش و پەكەكە رزگاری بێت، بە بۆچوونی من، مەبەستی ئەردۆغان لە "پەكەكە" بریتیبوو لە شەڕڤانە كوردەكان بەگشتی. ترەمپ گوتی، ئەو ئامادەیە سووریا جێبهێڵێت، ئەگەر توركیا رووبەڕووی داعش ببێتەوە. ترەمپ گوتی، "ئێمە دەتوانین لە سووریا دەربچین و ئەو شەڕەی داعش كە ماوە بۆ توركیای بەجێبێڵین". ئەردۆغان لەوبارەوە بەڵێنیدا، بەڵام ئاماژەی بەوەشكرد، هێزەكانی توركیا پێویستیان بە پاڵپشتی لۆجیستییە. ترەمپ بە ئەردۆغانی گوت داوا لە من دەكات بۆئەوەی زوو دەست بە كاركردن بكەم لەسەر پلانێكی تایبەت بە كشاندنەوەی سوپای ئەمریكا لە سووریا و ئیدی شەڕی داعشیش بە توركیا بسپێردرێت. دواتر، ئەردۆغان سوپاسی ترەمپی كرد و بە سەركردەیەكی پراكتیكی ناوی برد. كەمێك دوای ئەوە، ترەمپ گوتی، دەبێ راگەیێندراوێك ئامادە بكەین و تێیدا باس لەوەبكەین لە شەڕی داعشدا سەركەوتین، ئەركەكەمان لە سووریا تەواوكرد و لەو وڵاتە دەردەچین. دوای ئەوە، تەلەفۆنم بۆ جەیمس ماتیس، وەزیری بەرگری كرد و پێویست بە گوتن ناكات كە خۆشحاڵ نەبوو.

كورد دەكەوتنە نێوان بەرداشی ئەردۆغان و ئەسەدەوە

جۆن بۆڵتن دەڵێت، ئەوە كێشەیەكی جیدی بوو بۆ من. پێموابوو كشانەوە لە سووریا هەڵەیێكی گەورەیە، بەهۆی بەردەوامبوونی هەڕەشەی جیهانیی داعش و زیادبوونی كاریگەریی ئێران. لە مانگی حوزەیرانەوە لەگەڵ پۆمپەیۆ و ماتیس قسەم كردبوو كە دەبێ كۆتایی بە سیاسەتی هەڵبەز و دابەزی خۆمان لە سووریا بێنین، چونكە هەر جارێك سەیری پارێزگا و ناوچەیەكی ئەو وڵاتەمان دەكرد، لەوانەش مونبیج و ئیدلب، ئاماژەم بەوە دەكرد كە پێویستە سەیری دیمەنە گەورەكە بكەین. بەشی زۆری سنووری داعش كۆنتڕۆڵكرابووەوە و هەربۆیە دیمەنە گشتییەكە وەستاندنی ئێران بوو. بەڵام ئەگەر بارودۆخەكە بگاتە ئەوەی كە ئەمریكا كوردەكان جێبهێڵێت، ئەوكاتە دەبێ هاوپەیمانی لەگەڵ ئەسەد بكەن دژی توركیا یان بەتەنیا شەڕ بكەن. كورد دەكەوتنە نێوان بەرداشی ئەسەد و ئەردۆ‌غانەوە، هەربۆیە پرسیارەكە ئەوەبوو كە دەبێ چ بكەین؟

ماكرۆن بۆ ترەمپ : توركیا شەڕ لەگەڵ كورد و سازش لەگەڵ داعش دەكات

رۆژی 18ی كانوونی یەكەم ماتیس، وەزیری بەرگری، دەنفۆرد، سوپاسالار، دان كەوتس، بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانی، جینا هەسپڵ، بەرپرسی سی ئای ئەی، مایك پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوە و من لە پێنتاگۆن كۆبووینەوە. من، ماتیس، دەنفۆرد و پۆمپەیۆ رێككەوتین لەسەر پەیوەندیكردن بە هاوپەیمانەكانمانەوە بۆ ئەوەی خۆیان بۆ رووداوێكی چاوەڕوانكراو ئامادە بكەن، بەڵام هیچ ئاماژەیەكی پاڵپشتیمان دەستنەكەوت. فلیپ ئیتیان، راوێژكاری سیاسیی ئیمانوێل ماكرۆن پێیگوتم كە سەرۆكی فەرەنسا لەوبارەوە لەگەڵ ترەمپ قسە دەكات و ئەو هەڵوێستەش جێگەی سەرسوڕمانی من نەبوو. كاردانەوەكانی دیكەش هاوشێوەی كاردانەوەی فەرەنسا چاوەڕوانكراو بوون. دوای نیوەڕۆی ئەو رۆژە لە كۆشكی سپی بووم و ماكرۆن پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی كرد و دیاربوو كە بە بڕیارەكە خۆشحاڵ نییە، بەڵام ترەمپ وەڵامیدایەوە و گوتی، ئیدی شەڕی ئێمە لەگەڵ داعش كۆتایی هاتووە و ئەو چەكدارانەی داعش كە ماون توركیا رووبەڕوویان دەبێتەوە. ماكرۆن وەڵامیدایەوە كە سەرنجی توركیا لەسەر هێرشكردنە بۆ سەر كورد و سازشیش لەگەڵ داعش دەكات. ماكرۆن تكای لە ترەمپ كرد سوپای ئەمریكا لە سووریا نەكشێنێتەوە و پێی راگەیاند كە لە ماوەیەكی كورتدا سەركەوتن بەدەستدەهێنین و هەربۆیە دەبێ كارەكە تەواو بكەین. ترەمپ رازیبوو كە جارێكی دیكە لەگەڵ راوێژكارەكانی قسە بكات و پێیگوتم دەبێ لەگەڵ ستافی ماكرۆن قسە بكەم و پێویستە ماتیس و دەنفۆردیش لەگەڵ هاوشانەكانیان قسە بكەن. كەمێك دوای ئەوە، ماتیس تەلەفۆنی كرد بۆ ئەوەی پێمان رابگەیێنێت كە فلۆرێنس پارلی، وەزیری بەرگریی فەرەنسا بە بڕیارەكەی ترەمپ خۆشحاڵ نییە. رۆن دێرمەر، باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەمریكا پێیڕاگەیاندم كە ئەوە خراپترین رۆژی بووە لە سەردەمی ئیدارەی ترەمپدا.

بۆڵتن لە كتێبەكەیدا باس لە ‌هەڵوێستی ئەندامانی كۆنگرێس دەكات و دەڵێ كۆمارییەكان دژی ئەو بڕیارە بوون، بەڵام دیموكراتەكان ئەو هەستەیان نەبوو.

ترەمپ بۆ ئەردۆغان: ژمارەیەكی زۆر لە ئەمریكییەكان كوردیان خۆشدەوێت

دوای ئەو بارودۆخە، ترەمپ بڕیاریدا قسە لەگەڵ ئەردۆغان بكاتەوە و دوو خاڵ روونبكاتەوە. یەكەم، هێرش نەكاتە سەر هیچ سەربازێكی ئەمریكی لە سووریا. دووەم، دڵنیابێ كە هێرش دەكاتە سەر داعش، نەوەك كوردەكان، چونكە ژمارەیەكی زۆر لە ئەمریكییەكان كوردیان خۆشدەوێت، ئەوەش بەهۆی ئەوەی چەندین ساڵ شانبەشانی یەكتری دژی داعش شەڕیان كردووە. ترەمپ ئاماژەی بەوەكرد كە دەبێ توركیا و كورد پێكەوە شەڕی داعش بكەن و دانی بەوەش دانا كە دەكرێت ئەو ستراتیژییە گۆڕانێك بێت بۆ ئەردۆغان. دواتر، ترەمپ بیرۆكەیەكی بە مێشكدا هات، ئەویش هەبوونی پەیوەندی بازرگانی زیاتری ئەمریكا لەگەڵ توركیادا.

ئەردۆغان زۆری لە خۆی كرد تاوەكو ئەوەندەی بە دەمدا هات كە بڵێت كوردی خۆشدەوێت و كوردیش ئەویان خۆشدەوێت، بەڵام گوتیشی، یەپەگە- پەكەكە- پەیەدە خراپ كورد بەكاردەهێنن و نوێنەرایەتی كورد ناكەن. ئەردۆغان ئاماژەی بەوەكرد كە لە حكومەتەكەیدا وەزیر و پەرلەمانتاری كورد هەن و كوردیش خۆشەویستی و هاوسۆزییەكی زۆریان بۆ ئەو هەیە و گوتیشی، ئەو تەنیا سەركردە بوو كە بانگەشەی گەورەی لە ناوچە كوردییەكان ئەنجامدا و نایەوێ كەس بكوژێت، جگە لە تیرۆریستەكان.

سوپاسالاری ئەمریكا: توركیا دەیەوێت پەنابەرەكان لەسەر سنوور نیشتەجێ بكات

جۆن بۆڵتن لە لاپەڕە 184دا دەڵێت: فەرماندە لاكامێرا پرسیاری كرد و گوتی: ئێمە دەتوانین چ بكەین تاوەكو كوردەكان بپارێزین؟ منیش پێمگوت سەرۆك ترەمپ بە ئەردۆغانی گوتووە نایەوێ زیان بە كورد بگەیێندرێت، چونكە هاوكاری ئەمریكایان كردووە لە سووریا.

بۆڵتن دواتر دەڵێت، "ترەمپ لەگەڵ ئەوەی دەیویست بە زووترین كات كۆتایی بە داعش بهێندرێت، چەند ئامانجێكی دیكەی سەرەكی هەبوو، لەوانەش كشانەوە لە سووریا، پاراستنی كورد، بڕیاردان لەسەر شێوازی رێكخستنی بابەتی بنكەی سەربازیی تەنەف، ئازادنەكردنی داعشە زیندانییەكان و درێژەدان لە گوشار خستنە سەر ئێران".

لەدرێژەی باسكردنی كورددا، بۆڵتن دەڵێت: "ئەردۆغان ئەو بۆچوونەی هەیە كە باشترین مرۆڤی كورد ئەو كوردەیە لە ژیاندا نەماوە و مردووە. جەنەڕاڵ دەنفۆردیش دەیزانی كە ئامانجی توركیا ئەوەیە كورد لە ناوچەكانی سەرسنوور دەربكات و پەنابەرە سوورییەكانی نێو توركیاش بگەڕێنێتەوەو بە درێژایی سنوور نیشتەجێیان بكات".

لە لاپەڕە 188دا، بۆڵتن باس لە گەشتەكەی بۆ ئیسرائیل لە 6ی كانوونی دووەمی ساڵی 2019 دەكات و دەڵێت:" ئێمە چاوەڕێی ئەوە دەكەین، ئەوانەی هاوشانی ئێمە شەڕیان كردووە، بەتایبەتی كوردەكان، بە كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان نەخرێنە بارودۆخێكی مەترسیدارەوە، ئەوە خاڵێك بوو كە سەرۆك ترەمپ بەڕوونی لە گفتوگۆكانی لەگەڵ سەرۆك ئەردۆغان باسیكرد".

بۆڵتن نووسیویەتی: كاتێك گەیشتمە ئەنقەرە، پۆمپەیۆ پەیوەندی پێوەكردم و پێیگوتم كە ترەمپ لە بابەتێكی رۆژنامەی نیویۆرك تایمز خۆشحاڵ نییە كە تێیدا چەند هەڵەیەك لە قسەكانی ترەمپیان داناوە و هەندێك لە سیاسەتی دژ بە یەكی ئێمەیان سەبارەت بە سووریا نووسیووە، كە لە زاری چەند بەرپرسێكی نێو ئیدارەی ترەمپەوە وەریانگرتووە.

بۆڵتن دەنووسێت"بێگومان بەشێكی زۆری ئەو لێدوانە دژ بەیەكانە لەلایەن خودی ترەمپەوە بوون، بەڵام پۆمپەیۆ هاوڕابوو كە راستە هەندێ لێدوانی تووندی داوە، وەك ئەوەی كە گوتبووی، رێگە نادەینە توركیا كورد كۆمەڵكوژ بكات".

گۆڕینی نەخشەكەی جێمس جێفری و تووڕەبوونی ئەردۆغان

بۆڵتن لە بەشێكی دیكەی كتێبەكەدا دەنووسێت، لە هەمانكاتدا جەیمس جێفری نەخشەیەكی ئامادەكردبوو و تێیدا ئەوە دەردەكەوت كە پێشنیاز دەكات چ ناوچەیەكی باكووری رۆژهەڵاتی سووریا دەكات لەلایەن توركیاوە كۆنتڕۆڵ بكرێت و چ ناوچەیەكی دیكەی دەكرێت لەژێر دەسەڵاتی كورد بمێنێتەوە. جۆزێف دەنفۆرد، سوپاساری هێزە هاوبەشەكانی ئەمریكاش بەهیچ شێوەیەك ئەوەی بەلاوە پەسند نەبوو كە لە نەخشەكەدا هاتبوو. من ئەو پرسیارەم كرد، ئایا نابێ مەبەستی ئێمە بریتیبێ لە هێشتنەوەی توركەكان لە دیوی ناوەوەی سنووری وڵاتەكەیان لە رۆژهەڵاتی رووباری فورات؟ دەنفۆردیش گوتی، ئەوەش هەڵوێستی منە. منیش ئاماژەم بەوەكرد كە دەمەوێ باكووری رۆژهەڵاتی سووریا وەك ئێستا بمێنێتەوە، بەڵام بەبێ هەبوونی هێزەكانی ئەمریكا. دەمزانی كە ئەوەی من داوای دەكەم ئاسان نابێت، بەڵام بۆچوونم وابوو كە دەبێ ئەوە ئامانجی ئێمە بێت، تەنانەت ئەگەر جێبەجێش نەكرێت. دەنفۆردیش هاوڕابوو لەگەڵ من. دواتر، سەیرێكی ئەو رەشنووسی بنەمایانەمان كرد كە دەكرا بیدەینە توركەكان و رستەیەكی نوێم بۆ زیادكرد بۆ ئەوەی روونبێت كە نامانەوێ خراپ هەڵ%D

News Code 189150

Your Comment

You are replying to: .
captcha