پەروین بوڵدان: ڕێپێوانەکەمان بۆ ئازادی و دادەپەروەری ئەنجامی گرنگی بەدەست هێنا

بەشی تورکیا- هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتیکی گەلان پەروین بوڵدان ڕایگەیاند ڕێپێوانەكەی هەدەپە بۆ ئازادی و دادەپەروەری كۆتایی پێ هات و ئەنجامی گرنگی بەدەست هێناوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە ١٥ی حوزەیرانەوە، هەدەپە لە دوو شوێنەوە بەپێ بەرەو ئەنقەرە بەڕێ كەوتن، كە یەكەمیان لە ئێدیرنەوە بەرەو ئەنقەرە و ئەوەی تریش لە هەكارییەوە بەرەو ئەنقەرە، ئامانج لەو رێپێوانەش ئیدانەكردنی لێسەندنەوەی ئەندام پەرلەمانی بوو لە دوو ئەندام پەرلەمانی هەدەپە و هەروەها قەیوومدانان بۆ سەرۆک شارەوانییەكانیان بوو لە باكوور. دوای پێنج رۆژ لە رێپێوان، رێپێوانەكە كۆتایی پێ هات.

بەهۆی بوونی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە توركیا، حكوومەت رێگەی نەدا رێپێوانەكە بهێنرێتە ناو شاری ئەنقەرە، بۆیە هەریەك لە پەروین بوڵدان و مەدحەت سەنجار هاوسەرۆكانی هەدەپە، لەناو پاركی بارەگای پەرلەمانی توركیا میتینگێكیان ساز کرد و گوتیان رێپێوانەكە بۆ ئازادی و دادپەروەری ئەنجامی باشی هەبووە.

پەروین بوڵدان گوتی: "ئەم رێپێوانە فراوانە، بۆ هێنانەدیی ئازادی، یەكسانی و ئاشتی و ئارامی بەبێ بچڕان بەردەوام دەبێت، چوونكە رێپێوانەكەمان ئەنجامی گرنگی بەدەست هێنا".

هەدەپە بەنیازە لە داهاتوودا لە رێگەی رێپێوان و خۆپیشاندانەوە دژی ئەو ستەمانە بوەستێتەوە كە لەلایەن حكوومەتەوە بەرامبەریان دەكرێت.

سەرچاوە: باسنیووز

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 189075

Your Comment

You are replying to: .
captcha