بەپێی هەواڵی کوردپرێس، له کۆبوونه‌وه‌کەدا کە جێگرانی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستانیش ئاماده‌ی بوون، نێچیرڤان بارزانی، پیرۆزبایی ده‌ستبه‌کاربوونی له مستەفا کازمی کرد و کێشه‌کانی نێوان حکوومه‌تی فیدراڵ و حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و کارکردن بۆ چاره‌سه‌رکردنیان به‌پێی ده‌ستووری عێراق و چۆنیه‌تیی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ته‌حه‌دییه هه‌نووکه‌ییه‌کان که رووبه‌ڕووی وڵات بوونه‌ته‌وه، تاوتوێ کران.
هه‌ردوولا گرنگیی هاوکاری و هه‌ماهه‌نگیی حکوومه‌تی فیدراڵ و هه‌رێمی کوردستانیان به‌مه‌به‌ستی تێپه‌ڕاندنی ته‌حه‌دییه‌کان دووپات کرده‌وه، به‌تایبه‌تی قه‌یرانی ئابووری که له ئه‌نجامی دابه‌زینی نرخی نه‌وت و لێکه‌وته‌کانی په‌تای ڤایرۆسی کۆرۆناوه، به‌رۆکی عێراقی گرتووه.
هه‌ردوولا هه‌روه‌ها جه‌ختیان له‌وه کرده‌وه: تێپه‌راندنى قه‌یرانه‌کان و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی دۆخی سه‌ختی وڵات و گێڕانه‌وه‌ی ئارامی و سه‌قامگیری، پێویستی به هه‌ماهه‌نگی و هاوکاریی هه‌مووانه.
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ مستەفا، کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق کۆ بووەوە.
بەگوێرەی راگەیەنراوێکی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان خۆی و شاندی یاوەری سەردانی بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراقیان کردوە.
بەگوێرەی راگەیەنراوەکەی سەرۆکایەتی کۆمار، هەردوولا جەختیان لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد کردۆتەوە بەپێی دەستوور.
سەرۆک کۆماری عێراق و وەفدی سەرۆکایەتی هەرێم ئاماژەشیان بەگرنگی هاوکاری و هەماهەنگی هەردوولا کردوە بۆ پاراستنی مافی هاوڵاتیانی عێراق و سەیرکردنیان بەیەک چاو لەلایەن دامەزراوەکانی حکوومەتەوە بۆ پاراستنی دادوەری کۆمەڵایەتی.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی دۆزینەوەی چارەسەری پێویست بۆ دەربازبوون لە قەیرانی دارایی، ھاوکات باس لە ھاریکاری نێوان ھەموان کرا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و رێگری لە بڵاوبوونەوەی زیاتری پەتاکە.
جەختیش کرایەوە لەسەر گرنگی پشتیوانی کردنی کارمەند و کادرانی تەندروستی و ئەمنییەکان بۆ زامن کردنی سەلامەتی گشت ھاوڵاتیان.
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ مستەفا، کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە. سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە توویتەر رایگەیاند لە لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پەیوەندییه‌کانی هه‌ولێر - به‌غدا و دیالۆگی چاره‌سه‌ری کێشه‌کان و رووبه‌ڕووبوونه‌وی ئاڵنگارییەکانی قۆناخهکهمان کرد.
بەپێی راگەیێندراوێکی نووسینگەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا، تاوتوێی چەند دۆسێیێکی نێوان حكوومەتی فیدڕاڵی و حكوومەتی هەرێمی کوردستان كرا لەگەڵ ئەو بەربەستە هاوبەشانەی رووبەڕووی وڵات بوونەتەوە لەنێویاندا قەیرانی دارایی و پەتای كۆرۆنا.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا تەئكید كرایەوە لەسەر گرنگی هاریكاری و یەكڕیزی هەموو لایێک بۆ تێپەڕاندنی بەربەستەكانی ئێستا و كاركردن بۆ چارەسەركردنی پرسە هەڵپەسێردراوەكان بەپێی دەستوور.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment