بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە بەیاننامەیێکدا کە وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18-6-2020 بڵاوی کردووەتەوە، دەڵێ "زۆر بەتوندی ئیدانەی دووبارە هێرش کردنی هێزەکانی تورکیا دەکەین لە رۆژی 17ـی حوزەیران کە لەو هێرشەدا سەروەریی عێراق پێشێل کراوە".
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراقدا هاتووە "لەکاتێکدا بەتەواوی ئەو پێشێلکارییە رەت دەکەینەوە، کە پێچەوانەی رێککەوتن و یاسا نێودەوڵەتییەکانە، جەخت دەکەینەوە لە پێویستیی پابەندبوونی لایەنی تورکیا بە وەستاندنی هێرشەکانی و کشاندنەوەی هێزەکانی کە دوێنێ بەشێکیان هاتوونەتە نێو خاکی عێراق و لە شوێنی مانەوەشیان لە سەربازگەی باشیک و شوێنەکانی دیکەش".
لەماوەی تەنیا چوار رۆژدا، ئەمە دووجارە فاتح یەڵدز، باڵیۆزی تورکیا لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی عێراق بانگ دەکرێت و ئەمڕۆ یاداشتانمەیێکی توندی پێدراوە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق داوای کردووە تورکیا چیدیکە ئەو کارە ئیستفزازییانە نەکات، داواشی لە حکوومەتی تورکیا کردووە "گوێ لە دەنگی دانایی بگرێت و سنوورێک بۆ ئەو دەستدرێژییانە دابنێ".
عێراق هۆشداری دەدات "مافی یاسایی هەیە هەموو رێوشوێنێک بگرێتەبەر، کە بتوانێت سەرەوەری و سەلامەتیی گەلەکەی بپارێزێت، لەوانەش داواکردن لە ئەنجومەنی ئاسایش و رێکخراوە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بەوەی بەرپرسیاریێتی هەڵبگرن".
لەماوەی دەستبەکاربوونی کابینەی نوێی عێراق، یەکەمجارە بەهۆی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر چەند ناوچەیێکی سنووریی هەرێمی کوردستان بەهۆی بوونی پەکەکە، بەو شێوەیە و لە ماوەیێکی کەمدا دووجار تورکیا لەڕێگەی باڵیۆزەکەیەوە هۆشداریی پێبدرێت.
تورکیا لە 14ـی ئەم مانگەوە دوو ئۆپەراسیۆنی بۆ سەر "بنکە و بارەگاکانی پەکەکە" لە سنووری هەرێمی کوردستان دەستپێکردووە بەناوی چنگی هەڵۆ و چنگی پڵنگ. چنگی هەڵۆ ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانی بوو بۆ سەر چەند شوێنێکی مەخموور، شنگال و قەندیل. ئەمڕۆش وەزارەتی بەرگری توركیا رایگەیاند لە ماوەی 36 كاتژمێری ئۆپەراسیۆنی چنگی پڵنگ 500 پێگەی پەكەكەیان كردووەتە ئامانج.
خلوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیاش گوتبووی "له ئۆپەراسیۆنهكانمان دژی پهكهكه بهردهوام دهبین".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment