سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوای ميكانيزمێكى كاراترى هه‌ماهه‌نگيى بەغدا و هەولێر و هاوكاريى پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ عێراقييه‌كان دەکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا وێڕای نیگەرانی دەربڕین لەبارەی دۆخی نائەمنی ئەو ناوچانەی لە بۆشاییی ئەمنیدان داوای هاوکاریی زیاتری نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان دەکات بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە.

کوردپرێس:

ڕۆژی دووشەمە 15ی جوونی 2020 نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی لەبارەی دۆخی ئەمنیی دەوروبەری خانەقین و هێرشەکەی ئەم دوایییەی داعش بۆ ئەو ناوچەیە پەیامێکی بڵاو کردەوە و لە پەیامەکەیدا داوای هاوکاریی زیاتری بەغدا و هەولێر دەکات بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە.

دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:

دووباره‌بوونه‌وه‌ و فراوانبوونى به‌رده‌وامى هێرشه‌ تيرۆرستييه‌كان له‌ عێراق، به‌تايبه‌تيش له‌ ناوچه‌كانى ماده‌ى (140)ى ده‌ستوور دۆخێكى زۆر مه‌ترسيدار و ئاڵۆزى بۆ دانيشتوانى ئه‌و ناوچانه‌ له‌ ته‌واوى پێكهاته‌ ئايينى و نه‌ته‌وه‌ييه‌كان هێناوه‌ته‌ ئاراوه‌ كه‌ ماوه‌يه‌كى درێژه‌ هه‌ڕه‌شه‌ى كوشتن و ڕفاندن و ده‌ركردنيان له‌سه‌ره‌ و ئه‌م دواييانه‌ش به‌رده‌وام به‌رهه‌مه‌ كشتوكاڵييه‌كانيان ده‌سووتێنرێن و ڕۆژانه‌ ده‌كرێنه‌ ئامانجى هێرشى دڕندانه‌ى تيرۆرستى و شه‌هيد ده‌كرێن.

وه‌ك چه‌ندين جار پێشتريش هۆشداريمان له‌ ترسناكيى دۆخه‌كه‌ داوه‌، دووپاتى ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ به‌رده‌واميى ئه‌م دۆخه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئاسايش و سه‌قامگيرى و پێكه‌وه‌ژيان ده‌كات و بۆ ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ى مه‌ترسييه‌كان و پاراستنى سه‌ر و ماڵى هاووڵاتيان و پێكهاته‌كانى ئه‌و ناوچانه، ميكانيزمێكى كاراترى هه‌ماهه‌نگيى حكوومه‌تى فيدراڵ و هه‌رێمى كوردستان و هاوكاريى پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ عێراقييه‌كان و به‌رده‌واميى پشتيوانيى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى دژى داعش پێويسته‌، چوونكه‌ تيرۆرستان بۆشاييى ئه‌منيى ئه‌و ناوچانه‌يان قۆستووه‌ته‌وه‌، سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستانيش له‌م پێناوه‌دا هه‌موو هه‌وڵ و تواناكانى ده‌خاته‌ گه‌ڕ.

دوايين هێرشى تيرۆرستى بۆ سه‌ر دوو دێى كاكه‌يى له‌ ناوچه‌ى خانه‌قين كه‌ له‌ ئه‌نجامدا ژماره‌یێک هاووڵاتى شه‌هيد و بريندار بوون، نموونه‌يێكى به‌رچاوى په‌ره‌سه‌ندنى ترسناكى و ئاڵۆزيى دۆخه‌كه‌ن كه‌ ده‌بێ هه‌نگاوى خێرا بۆ ڕێگرى له‌ دووباره‌بوونه‌وه‌يان بگيرێته‌ به‌ر. وێڕاى‌ به‌ توندى سه‌ركۆنه‌كردنى ئه‌و تاوانكارييه‌، پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشى ئاراسته‌ى خانه‌واده‌ و كه‌سوكاريان ده‌كه‌م و هاوبه‌شى خه‌ميانم، خواى مه‌زن دڵنه‌وايى و سه‌بوورييان بداته‌وه‌ و هيواى زووچاكبوونه‌وه‌ بۆ برينداران ده‌خوازم.

نێچيرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

15/6/2020

News Code 189019

Your Comment

You are replying to: .
captcha