باڤڵ تاڵەبانی و بەرهەم ساڵح جەخت لە هەماهەنگیی زیاتری نێوان بەغدا و هەولێر بۆ زامن کردنی ئەمنی عێراق دەکەنەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- لە دیداری نێوان سەرۆککۆماری عێراق و هاوسەرۆکی یەکێتیدا جەخت کرایە سەر هەماهەنگیی زیاتری نێوان بەغدا و هەولێر لە سەر مەسەلە ئەمنی و هەروەها بەرپەرچدانەوەی تیرۆر لەو وڵاتە.

کوردپرێس:

بەرپرسی راگەیاندنی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق دەڵێت، شاندێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕۆژی یەکشەممە 15ی جوونی 2020 بە سەرۆکایەتیی بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی ئەو حیزبە گەیشتووەتە بەغدا.

لەبارەی ناوەرۆکی کۆبوونەوەی شاندەکەی یەکێتی لەگەڵ د. بەرهەم ساڵح، هەڵکەوت چەلەبی، بەرپرسی راگەیاندنی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئاگاداری وردەکارییەکان نیم".

میدیای یەکێتی دەڵێت، شاندی حیزبەکە لەگەڵ مسته‌فا كازمی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراقیش كۆده‌بێته‌وه و پاشان بەشداریی کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکانی عێراق لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسیەکان دەکەن.

بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، لە دیداری د. بەرهەم ساڵح و بافڵ تاڵەبانیدا گفتوگۆ کراوە دەربارەی بارودۆخی سیاسی، ئەمنی، پاشماوەکانی داعش، رێکارەکانی رووبەڕووبوونەوەی پەتای كۆرۆنا و ئەو كاریگەرییانەی لەسەر ئابووری عێراق دروستیكردووە.

لە راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراقدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا جەختکراوەتەوە "لە گرنگیی چارەسەركردنی سەرجەم كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان ھەردوو حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای دەستوور و بڕگە یاساییەکان و پاراستنی مافی سەرجەم ھاووڵاتیانی عێراق و ھەرێمی کوردستان و مووچەخۆران بێ جیاوازی، بەجۆرێک دادپەروەری كۆمەڵایەتی بھێنێتەکایەوە".

News Code 189008

Your Comment

You are replying to: .
captcha