کوردپرێس:
فەرهاد تەلۆ سەرۆکی پارتی یەکگرتووی لیبراڵیی کوردستانی سووریا دیمانەیێکی لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس کردووە و تێیدا ئاماژە بە دەستپێکرانی خولی دووهەمی گفتوگۆی لایەنە کوردییەکانی سووریا دەکات و دەڵێت: پێش دوو ڕۆژ دیدارێک لە نێوان دوو حیزبی یەکێتیی نیشتمانیی کورد و ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد (ENKS) بەڕێوە چوو بەڵام باسی تەوەرە سەرەکییەکان نەکرا.
ناوبراو زیادی کرد: ناتوانین بڵێین خولی دووهەمی دانوستانەکان دەستی پێکردووە بەڵام هیوادارین گفتوگۆی جدی دەست پێبکاتەوە.
سەرۆکی پارتی یەکگرتووی لیبراڵی کوردستانی سووریا ئاشکراشی کرد: ڕۆژی ڕابردوو ژەنراڵ کۆبانێ فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەگەڵ ویلیام ڕۆبۆک نوێنەری ئەمریکا لە دانووستانەکان کۆبوونەوەی بووە و بەڕێز ڕۆبۆک ڕۆژی ڕابردوو سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ ئەوەی لەگەڵ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بەڕێز مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان دیدار بکات و گوشار بخرێتە سەر ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد بۆ بەردەوام بوونیان لە دانوستانەکان.
فەرهاد تەلۆ ئەوەشی بە کوردپرێس وتووە کە هیوای ئەوەیان هەیە گفتوگۆکان درێژەی پێبدرێت چوونکە ئەگەر ئەو دیالۆگە کوردییە نەگاتە ئەنجام مەترسییێکی گەورە هەڕەشە لە کوردستانی سووریا دەکات و ئەو مەترسییەش لە کۆبانێ و دربسیە زیاتر بەدی دەکرێت.
Your Comment