کوردپرێس: بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێکی سەرۆکایەتی سووریا، بەشار ئەسەد سەرۆکی سووریا بەپێی مەرسوومێک بە ژمارە 143ی ساڵی 2020 عیماد محەمەد دیبی لە پۆستەکەی دوور خستەوە، ئەوەشی ڕاگەیاندووە کە ئەسەد حسێن عەرنوسی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی وەزیران ڕاسپاردووە.
ڕاگەیەنراوەکە ئاماژەی بەوەش داوە، حکوومەت تا ئەنجامدانی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی گەل، لەکارەکانی بەردەوام دەبێت، چوونکە بەپێی دەستوور سەرۆک وەزیران لەلایەن ئەنجومەنی گەلەوە هەڵدەبژێرێت.
ڕاگەیەنراوەکەی سەرۆکایەتی کۆمار ئاماژەی بەوەش داوە، حسێن عەرنوس خەڵکی شاری ئیدلیبە و لە ساڵی 2018دا وەزیری سەرچاوە ئاوییەکان بووە، ئەو پۆستانەشی کە لەڕابردوودا هەیبوون، سەرۆکی لقی ئیدلیبی سەندیکای ئەندازیاران لەساڵی 1989 تا 1994، بەڕێوەبەری کۆمپانیای گشتیی ڕێگاوبان لەساڵی 1992 -2002، جێگری وەزیری گواستنەوە لەساڵی 2002-2004 ، بەڕێوبەری گشتیی گواستنەوە و ڕێگاوبان لە ساڵی 2004 -2009 ، هەروەها لەساڵی 2009 -2011 کراوەتە جێگری پارێزگاری ئیدلیب ، ساڵی 2011 پۆستی پارێزگاری قونەیتەرەی وەرگرتووە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment