ئەمریکا لەبارەی شێوەی مامەڵەکردنی ئیدارەی خۆسەری کوردی لەگەڵ کەمینە سوورییەکان ستایشی ئەو ئیدارە کوردییە دەکات

بەشی جیهان- بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێن هەلومەرجی ئازادیی ئایینی و زمانی لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی کوردەکانی سووریا بە بەراورد لەگەڵ دیکەش ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی تورکیا و ملیشیاکانی سوپای ئازاد زۆر گونجاوتر و باشترە.

کوردپرێس:

نووسینگەی ئازادییە ئاینییەکانی سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی چوارشەمە 10ی جوونی 2020 لەبارەی ئازادیی ئایینەکان لە سووریا ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی بە شێوەی مامەڵەکردنی ئیدارەی خۆسەری کوردی لەگەڵ کەمینە ئاینی و زمانییەکانی ناوچەی ژێردەسەڵاتی کورد کردووە و بەتایبەتی لەبارەی شێوەی مامەڵەکردنی کوردەکان لەگەڵ عەرەب و غەیری کورد ستایشی ئیدارەی خۆسەری کوردیی کردووە.

بەرپرسانی کۆمسیۆنی ئازادییە ئاینییەکانی ئەمریکاش لە ڕاپۆرتێکدا کە بە شێوەی ئۆنلاین بڵاوی کردۆتەوە نووسیویانە ئیدارەی خۆسەری کوردی ژمارەیێکی زیاتر لە عەرەبەکانی لە پۆستە باڵاکاندا قبووڵ کردووە. بەوەشەوە ژمارەیێک لە کەمینەکان وەک کریستیانەکان وتوویانە نیگەرانن لەو بەرنامەی خوێندن و پەروەردە کە کوردەکان دایانڕشتووە چوونکە زیاتر تەرکیز لە سەر مەسەلەی هزری و زمانی دەکات کە ئیدارەی خۆسەر جەختی لە سەر کردۆتەوە.

بەگوێرەی ئەو دوو ڕاپۆرتە ئەو ئاوارانەی کە پاش هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر عەفرین و گرێ سپی و سەرێکانی لە 2018 و 2019دا پەنایان بۆ ناوچەی ژێردەسەڵاتی کوردەکان هێناوە ناوێرن بگەڕێنەوە ناوچەی ژێردەسەڵاتی تورکیا و ملیشیاکانی سەر بەو وڵاتە.

نووسینگەی ئازادییە ئاینییەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەر لە ڕاپۆرتەکەیدا نووسیویەتی هەزاران کەس لە هاووڵاتییانی کوردی ئێزدی پاش هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر باکووری سووریا ئێستا لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی کوردەکان نیشتەجێ کراون و ناوێرن بگەڕێنەوە زێد و ئاو و خاکی خۆیان.

News Code 188970

Your Comment

You are replying to: .
captcha