قایمقامی چۆمان: بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە چۆمان کۆرۆنا لە ڕێگای سنووری ئێرانەوە نەبووە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- قایمقامی قەزای چۆمان ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەکاتەوە کە هۆکاری بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە چۆمان لە ڕێگای سنوورەکانی ئێرانەوە بووبێت و دەڵێت کەس بە قاچاغ داخڵ نەبووە و سنوورەکان توندوتۆڵن.

کوردپرێس:

ئەحمەد قادر قایمقامی قەزای چۆمان لە وتووێژێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا سەبارەت بە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو قەزایە دەڵێت لە سنوورەکان بەهۆی توندوتوڵی کەس نەیتوانیوە دزە بکات چوونکە سنوورەکان داخراون، لە ئێرانەوە نییە بەپێچەوانەوە هەموو ئەو پرۆپاگندانە رەت دەکەینەوە چونکە سنوورەکانمان توندوتوڵە و رێنماییە تەندروستییەکان زۆر باش جێبەجێ دەکرێت و چاودێریی کارۆباری قاچاغ و هاتنە ژوورەوە دەکەین و مەجالمان نەداوە خەڵک بە قاچاغ ڕوو لەو ناوچەیە بکات.

ناوبراو لەبارەی دەنگۆکانەوە زیادیشی کرد: ئەوەی حاجی ئۆمەرانیش فەرمانبەرێک کە لە سنووری ئیدارەی ڕاپەرین دادەنیشێت لە حاجی ئۆمەران دەوام دەکات پێ دەچێت ئەوانی دیکەش بەرکەوتەی ئەو فەرمانبەرە بن بۆیە هیچ حاڵەتێک لە دەرەوەی وڵات داخل نەبووە.

قایمقامی قەزای چۆمان گووتیشی" لە سەنتەری قەزا تا دەگاتە ناحیەی حاجی ئۆمەران ڕێوشوێنەکانی خۆپارێزی توندوتوڵ کراون بۆ ئەوەی بتوانین کۆنتڕۆڵی ئەو بارۆدوخە بکەین. سەرچاوەی ڤایرۆسەکە کارمەندێکی هێزە ئەمنییەکانی گرتووخانەی قەڵای سوسێ یە لە پارێزگای سلێمانی کە لە ئەرکی خۆی گەراوەتەوە و بەرکەوتەی زۆر بووە و بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە لەناو سەنتەری قەزا."

ئەحمەد قادر قایمقامی قەزای چۆمان گووتی" لیژنەی باڵای کۆرۆنا دوێنێ20 حاڵەتی پۆزەتیڤی ڤایرۆسی کۆرۆنای لە قەزای چۆمان تۆمارکرد. لەسەر داواکاریی تەندروستیی چۆمان و لایەنی پەیوەندیدار هاتنە دەرەوە و چوونە ژوورەوە بۆ قەزای چۆمان بە پێی پێویست نەبێت ڕاگیراوە و بازاڕ و شوێنە گشتییەکان و دەوامی فەرمانگەکانیش ڕاگیراون و تیمەکان سەرقاڵی پشکنینن تا بزانین ئەو ڤایرۆسە تا چەند بڵاو بووەتەوە، لیژنەی باڵای کۆرۆنا کۆمەڵێک بریاری داوە تا کۆنتڕۆڵی ئەو بارۆدوخە نەخوازراو و مەترسیدارەی کە ڕووبەڕوومان بووەتەوە بکەین و داوا لە هاووڵاتیان دەکەین لە ماڵەوە بمێننەوە."

شایانی باسە لە قەزای چۆمان و دەوروبەری 21 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، ڕۆژی سێشەممە هەڵمەتێکی گەورەی پشکنین لەو قەزایە دەستیپێکرد و کاربەدەستانی دەڤەرەکەش پێیان وایە حاڵەتی چۆمان مەترسیدارە.

News Code 188968

Your Comment

You are replying to: .
captcha