یەکگرتووی ئیسلامی ناوی کاندیدەکانی خۆی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئاشکرا کرد

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- دەزگای هەڵبژاردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە، بەڕەسمی ناوی کاندیدەکانی خۆی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئاشکرا کرد کە ژمارەیان شەش کاندیدە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دەزگای هەڵبژاردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا کاندیدەکانی خۆی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئاشکرا کرد و دەشڵێت لەماوەی رابردوودا حیزبەکەیان هەوڵی زۆری داوە کە هاوپەیمانییێکی فراوانی هێزە سیاسییەکانی دەرەوەی دەسەڵات بۆ هەڵبژاردنەکە دروست ببێ، بەڵام بێ ئەنجام بو و هۆکارەکەشی لای ئێمە نەبوو.

بەپێی راگەیەندراوەکەی دەزگای هەڵبژاردنی یەکگرتوو، کاندیدەکانی ئەو حیزبە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق وەک کاندیدی تاک بەشداری هەڵبژاردنەکە دەکەن و ژمارەیان شەش کاندیدە.

دەقی ڕاگەیێندراوەکە

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

راگەیەندراوێک لە دەزگای هەڵبژاردنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ..

لەماوەی رابردوو یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان زۆری هەوڵیدا کە هاوپەیمانیەتیێکی فراوانی هێزە سیاسییەکانی دەرەوەی دەسەڵات بۆ هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە کوردستان دروست بێ تا نوێنەرایەتی دەنگی شەقامی ناڕازی بکات، خودی جەنابی ئەمینداری گشتی ئەم دەستپێشخەرییەی کرد، بەڵام بێ ئەنجام بوو هۆکارەکەشی لای ئێمە نەبوو، بۆیەو بەپێی سیستمی نوێ هەڵبژاردنەکان چەندین سەرکردە و کادیری یەکگرتوو وەک کاندیدی تاک بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکەن و ئێمەش پشتگیرییان دەبین و بڕواشمان بە لێهاتویی و تواناکانیان هەیە لە دەرچوون و خزمەت کردن بە گەل و نیشتمان.

سەبارەت بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، یەکگرتوو هەر لەسەرەتاوە پەرۆشی یەکرێزی و دروست کردنی هاوپەیمانی هێزە کوردستانییەکان بوو و ئامادەیی خۆشی دەربڕی کە کارەکتەرێکی کاریگەری ئەم هەوڵ و هاوپەیمانییەتییە بێ، بەڵام دروست نەبونی ئۆباڵەکەی لە ئەستۆی هێزەکانی دەسەڵاتە، لێرەوە رادەگەیەنین کە یەکگرتوو پشتگیری ئەم کاندیدانە دەکات بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 2021:

عومر کۆچەر لە بازنەی زاخۆ

جەمال کۆچەر لە بازنەی دهۆک

زوهێر خۆشناو لە بازنەی رۆژهەڵاتی هەولێر

د. پەخشان سیان لە بازنەی رۆژئاوای هەولێر

دارا سێکانیانی لەبازنەی باکوری سلێمانی

موسەننا ئەمین لەبازنەی هەڵەبجە

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 1849

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha