داعش له‌ كه‌ركووک په‌لامارى پێشمه‌رگه ‌و هێزه‌ عێراقیه‌كانى دا/ شەهید و بریندار هەن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- تیرۆریستانى داعش له‌سنورى پارێزگاى كه‌ركوك له‌سێ لاوه‌ په‌لامارى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه ‌و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانى عێراقی دا.

کوردپرێس:

میدیاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان باسی هێرشی داعشیان کردووە بۆ سەر پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان و سه‌رچاوه‌یێكی پێشمه‌رگه‌ش ئاشكرای ده‌كات، داعش په‌لامارى دوو ڕه‌بیه‌ى پێشمه‌رگه‌یان داوه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ ژماره‌یێک پێشمه‌رگه‌ شه‌هید و بریندار بوون، سه‌رچاوه‌یێكى ئه‌منییش له ‌كه‌ركووك ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "سه‌رجه‌م هێزه‌ ئه‌منییه‌كانى ناو شاره‌كه‌ خراونه‌ته‌ حاڵه‌تى ئاماده‌باشییه‌وه‌".

به‌گوێره‌ى زانیارییه‌كان، ئه‌مڕۆ تیرۆریستانى داعش له‌سنوورى پارێزگاى كه‌ركووك ‌و له‌سنووره‌كانى (پردێ، داقوق، ڕیاز) په‌لامارى پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانى دیكه‌ى عێراقیان داوه‌.

سه‌رچاوه‌یێكى پێشمه‌رگه‌ له‌سنورى پردێ به‌شارپرێسى وت:"له‌ به‌رزاییه‌كانى دبز (گوندى قایه‌باشى) تیرۆریستانى داعش په‌لامارى دوو ڕه‌بیه‌ى هێزه‌كانى (لیواى 10)ى پێشمه‌رگه‌یان داوه‌ و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یێكى سه‌خت ڕووی داوه‌".

ئه‌وه‌شى وت:"ئه‌گه‌رچى به‌دروستى ژماره‌ى شه‌هیده‌كان تائێستا نازانرێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ژماره‌یێک پێشمه‌رگه‌ شه‌هید و بریندار بوون"، به‌وته‌ى سه‌رچاوه‌كه‌ى پێشمه‌رگه‌، ئه‌وه‌ى زانراوه‌ ته‌نها یه‌كێك له‌شه‌هیده‌كانه‌ كه‌ پله‌ى نه‌قیبى هه‌یه‌ و فه‌رمانده‌ى سریه‌یه‌ به‌ناوى (پشتیوان زرارى).

سه‌رچاوه‌یێكى ئه‌منییش له‌ كه‌ركووك به‌شارپرێسى وت:"هه‌ر ئه‌مڕۆ تیرۆریستانى داعش له‌سنوورى گوندى مه‌تاره‌ له‌قه‌زاى داقوق ‌و له‌ناحیه‌ى ڕیازی سه‌ر به‌قه‌زاى حه‌ویجه‌ له‌ كه‌ركووك، داعش په‌لامارى هێزه‌ ئه‌منییه‌كانى عێراقى داوه‌".

به‌وته‌ى سه‌رچاوه‌كه‌، له‌ناوشارى كه‌ركووك سه‌رجه‌م هێزه‌ ئه‌منییه‌كان خراونه‌ته‌ حاڵه‌تى ئاماده‌باشییه‌وه‌.

News Code 1835

Your Comment

You are replying to: .
captcha