کوردپرێس:
مەسروور بارزانى سەرۆکى حکوومەت لە پەیامەکەیدا رایگەیاند، ئهمڕۆ ئەنجومەنی وەزیران ، پڕۆژه یاسای دادگای تاوانکاری تایبەتمەند بە تاوانەکانی داعشی لە هەرێمی کوردستان پهسهندكرد، بە مەبەستی لێپێچینەوە و دادگاییكردنی تیرۆریستانی داعش لە سەر ئەنجامدانی تاوانەکانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و كۆمهڵكوژیی.
ئاماژەى بەوەش کردووە، ئەم یاسایە دوای پهسهندكردنی لهلایهن پهرلهمانی كوردستانهوه، چوارچێوهی یاسایی بۆ دادگاییکردنی تیرۆریستانی داعش دادەڕێژێت، لە ڕێگەی پێکهێنانی دادگایەکی نیشتمانیی لە هەرێمی کوردستان ، بە بەشداری تیمی لێكۆڵینهوهی نێودەوڵەتیی بۆ لێپێچینەوە له تاوانەکانی داعش (یونیتاد) کە هاوکار دەبێت لە ڕووی کۆکردنەوەی بەڵگەکان .
هەروەها سەرۆکى حکوومەت ئەوەشى خستەڕوو، بێگومان ئەمە برینه قووڵهكانی قوربانییانی دهستی داعش ساڕێژ ناکات، بەتایبەتی خوشك و برا ئێزیدیهكانمان و قوربانییانی دیکە، بەڵام دەبێتە هەنگاوێک بە ئاراستەی سزادانی تاونباران و هێنانەدی دادپەروەریی زیاتر.
مەسروور بارزانى دەشلێت، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئەرکی سەرشانیانه کە تیرۆریستانی داعش ڕووبەڕووی دادگا بکەنەوە لە بەرامبەر تاوانهكانیان دژ به گەلی کوردستان و خەڵکی عێراق و مرۆڤایەتی بە گشتی. ئەمڕۆ ئێمە هەوڵێک دەدەین بۆ بهجێگهیاندنی ئهم ئهركه هاوبەشمان، لە پێناو قوربانییانی عێراق و جیهان. بێگومان ئهمه كاری زۆری دهوێت، بەڵام دواجار هەر دێتەدی.
هەر لەپەیامەکەیدا باس لەوە کردووە کە ئەوان بەردەوام دەبن لە کۆکردنەوە و گهیاندنی زانیاری بە تیمی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتیی (یونیتاد) بۆ ئەوەی هاوكاریان بین له كارهكانیان. داوا لە یونیتاد و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەم پشتگیریی سیستەمی دادوەری هەرێمی كوردستان بکەن، بەتایبەتی لە بواری ڕاهێنان و تەواوکردنی ئامادەکارییەکان بۆ دەسپێکردنی یەکەم دانیشتنی دادگایی گشتی.
بەوتەى سەرۆکى حکوومەت لەم یاسایەدا، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش کراوە کە هاوکار و یارمەتیدەر بێت بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکاریی بۆ قوربانییان لە ڕێگەی سندوقێکی تایبەتەوە ، لە پێناو ساڕێژکردنی برینەکانیان.
ناوبراو داوا لە پەرلەمانی کوردستان دەکات ئەم یاسایه بخاتە پیشینەی بەرنامەی کاری بۆ ئهوهی به زووترین كات، دەنگی لە سەر بدرێت و پهسهند بكرێت. ههرێمی كوردستان سەرکەوتووانە شهڕی دژی داعش کرد و تێکیشکاند، ئەم شەڕە بە هەموو شێوەیەک بەردەوام دهبێت تا ئەو کاتەی دادپەروەریی دێتەدی و قوربانییەکانیش قەرەبوو دەکرێنەوە.
Your Comment