کوردپرێس:
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەپەیامێکدا رایگەیاند، "ئەمڕۆ لە فرۆکەخانەی ھەولێر پێشوازیم لە سەرۆک کۆماری عێراق بەڕێز بەرھەم ساڵح کرد، لە دەستپێکی سەردانیدا بۆ پایتەختی ھەرێمی کوردستان".
ئاماژەی بەوەش کردووە، "لە کۆبونەوەیێکدا سبەی پێنجشەممە، دوا پێشھاتەکان، دۆخی عێراق و یەکڕیزیی ھەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکەین".
ئێوارەی ئەمڕۆ بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەلایەن شاندێکی باڵا کە پێکهاتبو لە نێچیرڤان بارزانی، جەعفەر شێخ مستەفا، مستەفا سەید قادر، جێگرانی سەرۆکی هەرێم و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت و کەریم شنگالی، فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر پێشوازی لێکرا.
ئاژانسی هەواڵی خەندان لەوبارەیەوە ڕایگەیاند، دوکتور بەرهەم لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی دیکەی هەرێم کۆدەبێتەوە و نەخشەرێگای بەهێزبونی پێگەی کورد و هەرێمی کوردستان لە عێراق و ناوچەکە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم تاوتوێ دەکات، هاوکات باس لە خۆئامادەکاریەکان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمانی عێراق دەکرێت.
سەرۆک کۆماری عێراق لەمیانی سەردانەکەیدا بۆ هەولێر هەوڵێکی نوێ بۆ یەکخستنی گوتاری لایەنەکانی هەرێمی کردستان لە عێراق و ناوچەکە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم تاوتوێ دەکات، بەمەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگاریەکانی ناوچەکە، بەتایبەت دوای هێرشە موشەکییەکانی سەر هەولێر لەماوەی رابردودا.
سەردانەکەی بەرهەم ساڵح بۆ هەولێر لەکاتێکدایە دوێنێ محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران گەیشتە هەولێری پایتەخت و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێم کۆبوەوە، رۆژێک پێشتریش لە بەغدا، زەریف چوە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆمار و لەگەڵ سەرۆک بەرهەم و پاشان لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیران و بەرپرسانی دیکەی عێراق کۆبوەوە.
Your Comment