کوردپرێس:
ئاڵدار خەلیل ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری تەڤگەری كۆمەڵگەی دیموكراتی (TV-DEM) کە هاوکات ئەندامێکی پەیەبەرزی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک (PYD)یە لە لێدوانێکدا وەڵامی چەند پرسیارێکی کوردپرێسی داوەتەوە و لە بەشێکی دیمانەکەدا لەبارەی وتەکانی ئەنەکەسەوە کە پەیەدە بە حیزبی سەربە پەکەکە دەزانن بە کوردپرێسی وت: پێش ئەوەی وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە دەبێت ئەم پرسیارە لە ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا (ENKS) بکەین کە کێ مافی ئەوەی پێداون ئەم قسانە بکەن و تەداخولی ئەو کاروبارە بکەن کە پێوەندیی بە ئێوەوە نیە؟ ئەگەر پێوەندییێکیش هەبێت ئایا کاری ئەنجومەنینیشتمانی ئەوەیە کە پێوەندیی نێوان کوردەکان تێک بدات؟ ئایا ئەرکی ئەنەکەسە ئەوە نیە کە کار بەو ئاراستەیە بکات کە مەسەلەی کورد لە کوردستانی سووریا چارەسەر بکرێت؟
ئاڵدار خەلیل هەر لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کوردپرێسدا گوتی: "ئایا تا ئێستا ئێمە بە ئاشکرا داوامان لە ئەنەکەسە کردووە کە لە هەولێر دوور بکەوێتەوە؟ ئێمە لەو قەناعەتەداین کە پێویستە پێوەندیی نێوان بزووتنەوە کوردییەکان لە هەموو بەشەکاندا پێوەندییێکی باش و ئیجابی بێت بۆ ئەوەی لە ڕێگای کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستانەوە ئاستێک لە یەکێتی و یەکڕیزیی کوردەکان دەستەبەر بکەین. ئێمە ئەو بنەما فەلسەفییە و ئەو عەقڵییەتی ئازادی و دیموکراسیەتەمان وەرگرتووە کە بەڕێز عەبدوڵڵا ئوجەلان بونیاتی ناوە و ئیمانی تەواومان بە بنەمای "گەلانی دیموکراتیک" هەیە بۆ چارەسەرکردنی مەسەلەی کورد."
ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری تەڤگەری كۆمەڵگەی دیموكراتی (TV-DEM) زیادیشی کرد: "ئێمە هیچ پێوەندییێکی سیستەماتیکی و ڕاستەوخۆمان لەگەڵ قەندیل نیە بەڵام بە چاوی ڕێزەوە دەڕوانینە خەباتی ئەوان لە پێناو ئازادی و دیموکراسیەتی کوردستانی تورکیا و سوپاسیشیان دەکەین. ئێمە هەرگیز لەبیری ناکەین ئەوانەی پشتگیریی ئێمەیان دەکرد و لە سەرکەوتنی بەرخۆدانی کۆبانێدا دەوریان بینی ئەو گەنجانە بوون کە لە سنوورەکانی کوردستانی تورکیاوە تێپەڕین و خۆیان گەیاندە بەرخۆدانەکەی کۆبانێ و هەر ئەوەش زەمینەی کرانەوەی دەروازەی پێوەندیی دەرەکیی فەراهەم کرد و دەنگی خەڵکی ئێمە گەیشتە هەموو جیهان. ئەگەر بە بۆنەی گیانفیدایی و فیداکاریی خەڵکی ئێمە لە دیکەی ناوچە کوردنشینەکان نەبوایە هەرگیز بەرخۆدانی کۆبانێ سەرنەدەکەوت.
ناوبراو لە کۆتاییدا ئەوەشی بیر هێنایەوە: "ئەگەر ئێستا ئێمە لێرەین و ماوین بەبۆنەی یەکگرتنی کورد و پەرواێزنەکەوتنی کوردستانی سووریایە. هەر بۆیەش ئەو قسانە تەنها پڕوپاگەندەیە و خزمەت بەو دەزگا تایبەتەی شەڕی دەروونی دەکات کە تورکیا دایڕشتووە. هیوادارین ئەوانەی ئەم قسە و باسانە دێننە ئاراوە لەجیاتی ئەوەی تەنگەژە دروست بکەن سەرنج بخەنە سەر ئەو شتانەی پێویستن بۆ شۆڕشەکەمان و ئاوڕ لە خەڵکی خۆیان بدەنەوە و واز لەو موقیف و هەڵوێستانە بهێنن کە خزمەت بە ئێمە ناکات."
Your Comment