دەسەڵاتی کوردەکانی عێراق و سووریا لە کێڵگە نەوتییەکان هەڵگری شەرعییەتی جیهانی نیە

بەشی جیهان- نەجدەت کاراکورت چاودێرێکی کاروباری کەرتی نەوت و وزەیە کە لە دەوڵەتی تورکیا نزیکە و لە لێدوانێکدا بە کوردپرێسی وتووە ڕاستە کوردەکانی عێراق و سووریا دەسەڵاتی تەواویان لە کێڵگە نەوتییەکانی خۆیان هەیە بەڵام ئەم دەسەڵاتەی کورد بە سەر سامانی نەوت و وزەی عێراق و سوووریا هەڵگری شەرعیەتی جیهانی نیە.

کوردپرێس:

کوردەکانی عێراق و سووریا چەندین کێڵگەی گرینگی نەوت و گازیان بە دەستەوەیە و کوردەکانی عێراق توانیوانە لە ڕێگای تورکیاوە نەوتی خۆیان بفرۆشن و ڕاپۆرت و هەواڵەکانی چەند میدیایێک و لەوان ڕۆیتەرز باس لەوە دەکەن کە کوردی سووریاش لە ڕێگای کوردەکانی هەرێمی کوردستانەوە توانیویانە نەوتی خۆیان بە بازاڕەکانی جیهان بفرۆشن و تەنانەت بەشێک لەو نەوتەش هەناردەی تورکیا دەکرێت. هێزە ئەمریکییەکان پاش ئەوەی لە چەند ناوچەیێکی سووریا کشانەوە لە کێڵگە نەوتییەکانی ژێردەسەڵاتی کورد نیشتەجی کران و بە وتەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا ئێستا نەوتی سووریا لەژێر کۆنتڕۆڵی ئەمریکایە و بەشێک لە مەسرەف و تێچووەکانی قەرەبوو کردۆتەوە. ڕووسیاش ئیدعا دەکات لەگەڵ کوردی عێراق و سووریا دۆستە و گرێبەستی گەورەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان واژۆ کردووە و بەشێکی هەرەگرینگی فرۆشتنی نەوتی خاوی هەرێمی کوردستان بە دەست کۆمپانیای ڕۆسنەفتەوەیە کە کۆمپانیایێکی نزیک لە ولادیمیێر پووتنی سەرۆکی ڕووسیایە.

ژمارەیێک لە چاودێران لەو قەناعەتەدان دەسەڵاتی کوردەکانی عێراق و سووریا بە سەر کێڵگە نەوتییەکاندا دەتوانێت ببێتە کارتێکی بەهێز بۆ گەیشتنی کورد بە ئامانجەکانیان. ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس بە مەبەستی تاوتوێ کردنی بابەتەکە دیمانەیێکی لەگەڵ چاودێرێکی کەرتی وزە و نەوت کردووە کە لە دەوڵەتی تورکیا نزیکە.

دەقی دیمانەکە لێرەوە بخوێنەوە:

ئەو چاودێرەی کەرتی نەوت و وزە لەبارەی دەسەڵاتی کوردەکانی عێراق بە سەر کێڵگە نەوتییەکانی ئەو دوو وڵاتە بە کوردپرێسی وت: پێش هەموو شت پێویستە ئەمە ڕوون بکرێتەوە کە کوردەکان لە عێراق و لە سووریاش ئێستا ناوچەیێکیان بە دەستەوە نیە کە بە تەواوەتی لە کۆنتڕۆڵی خۆیاندا بێت. ئەگەر کورد لە عێراق و سووریا چەند ناوچەیێکیان بە دەستەوەیە تەنها بە نێوەندگیریی وڵاتانی ڕۆژئاوایییە. بەڵام بەرنامەی سەرەکیی وڵاتانی ڕۆژئاوایی ئەوەیە کە لە ڕێگای کوردەکانەوە بە بێ دەستوەردانی دیکەی وڵاتان دەستیان بە سەرچاوە سروشتییەکان و وزەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بگات. ئەو وڵاتانە بەم شێوەیە بە ئازادای کار دەکەن و بە هەر شێوەیێک حەز بکەن مامەڵە لەگەڵ سەرچاوەی نەوت و سامانی ناوچەکە دەکەن.

ناوبراو زیادی کرد: وڵاتانی ڕۆژئاوایی بە گشتی کورد و دیکەی پێکهاتەکانی ناوچەکە بۆ موناقەشە دروست کردن و شەڕهەڵگیرساندن لە ناوچەکە بەکار دەهێنن بۆ ئەوەی زەمینە بڕەخسێنن بۆ فرۆشتنی کاڵاکانی خۆیان و بەکارهێنانی سامانی سروشتیی ناوچەکە.

نەجدەت کاراکورت ئاماژەی بۆ ئەو ناوچە کوردنشینانەی عێراق و سووریا کردووە کە بە دەست کوردەوەیە و دەڵێت: "باسەکە لێرەدایە کە دەسەڵاتی کوردەکانی عێراق و سووریا بە سەر چەند ناوچەیێکی عێراق و سووریا و هەروەها سامانی سروشتیی ئەو دوو وڵاتە خاوەنی شەرعیەتی نێودەوڵەتی نیە چوونکە لێرەدا باسی دوو وڵاتی عێراق و سووریا دەکەین. ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئەگەر کوردەکان مکووڕی لە سەر ئیدعاکانی خۆیان بکەن شەڕ و پێکدادان ڕوو دەدات. بە قەناعەتی من کوردەکان بە بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆم ئیمتیازە سەرەکییەکانی خۆیانیان فەوتاند."

ئەو چاودێرە لەو قەناعەتەدایە کە ڕووسیا لە سەرەتاوە مەبەستی ئەوە نەبوو کە دەستی بە سەرچاوەی نەوتی ژێردەسەڵاتی کوردەکان بگات بەڵکوو هەلومەرجی ناوچەکە بووە هۆی گۆڕانی ستراتێژییەتی مۆسکۆ. نەجدەت کاراکورت لەو بارەیەوە وتی: "ڕووسیا مەبەستی ئەوە نەبوو دەستی بە نەوتی کوردەکانی عێراق و سووریا بگات. ئەو وڵاتە تەنها یارمەتیی سووریای دا کە بکەوێتە سەر پێی خۆی. ئەمەش تاکە ڕێگای بەرپەرچدانەوەی فرەخوازییەکانی ئەمریکا و ئەورووپا بوو. سیاسەتی دەرەوەی ڕووسیا لە سەر بنەمای سەربازی دامەزراوە. ڕووسەکان لە ئەساسدا هەوڵی دەستخستنی سەرچاوەی سروشتی و نەوت نادەن. بەڵام ئێستا وا دەردەکەوێت پووتن و ڕووسیای نوێ کار بەو ئاراستەیە دەکەن ستراتێژیی خۆیان بگۆڕن ئەوەش پاش واژۆ کردنی چەند گرێبەستی زەبەلاحی نەوتی لەگەڵ کوردەکانی عێراق و هەروەهاش گرێبەستەکانی دەریای ناوەڕاست.

ناوبراو لەبارەی پێوەندیی ئەمریکا لەگەڵ کوردەکانیش بە کوردپرێسی وت: "ئەمریکا چەند هەوڵێکی ناکامی داوە و هەروەهاش نرخی نزمی نەوتی بەکار هێناوە بۆ ئەوەی قەرەبووی ئەو شتانە بکاتەوە کە لە دەستی داوە. لە لایێکی دیکەشەوە وا دەردەکەوێت ئەمریکا چەند ناوچەیێکی ژێردەسەڵاتی خۆی و بەتایبەتی ناوچە کوردنشینەکان ڕادەستی تورکیا دەکات. ئەمەش بێگومان هاوسەنگی و باڵانسی دەسەڵات لە ناوچەکە دەگۆڕێت و دوورمەودادا کاریگەری دەخاتە سەر دۆخی کوردەکان."

ئەو چاودێرەی سەر بە دەوڵەتی تورکیا ئیدعای ئەوەش دەکات کە هەڵوێستی دەوڵەتی تورکیا بەرانبەر بە کوردەکان هەڵوێستێکی جیاوازە و بە قازانجی کوردە. ناوبراو لەو بارەیەوە دەڵێت: خاڵێکی ئەرێنی لەبارەی کوردەکان و تورکیاوە هەیە کە سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لە سەر بنەمای بەکارهێنانی سەرچاوەی سروشتی و پەرەپێدانی کەرتی پیشەییی پەیوەست بە نەوت و وزە دانەمەزراوە. تورکیا لە سەر بنەمای مرۆڤایەتی ئیدارەی ناوچەکە و ڕەفتاری کوردەکانیش دەکات و ئەمەش لە بەرژەوەندیی کوردە چوونکە تاکە ڕێگای مانەوەی کورد ئەمەیە."

نەجدەت کاراکورت لەبارەی تەعامول کردنی ئەمریکا و ڕووسیا لەگەڵ کوردەکان بە کوردپرێسی وت: "ڕووسەکان و ئەمریکییەکان بە بۆنەی نەوت و گازی ناوچەکەوە هاتوونەتە ئێرە و دیارە بۆ یارمەتیدانی کورد لێرە نین. ئەو وڵاتانە نیازیانە لە ڕێگای نەوتەوە سەرچاوەی داراییی تیرۆریزم دابین بکەن. ئەمەش تاکە هۆکارە بۆ دەست گرتن بە سەر نەوت و گازی ناوچەکە چوونکە دابین کردنی سەرچاوەی داراییی تیرۆریزم تیچوویێکی ئێجگار زۆر هەڵدەگرێت.

ناوبراو ئەوەشی بیر هێنایەوە: "بیر لەوە بکەنەوە کە ئایا ئەگەر ڕووسیا و ئەمریکا بەشێکی زۆری پارەی ئەو سەرچاوە سروشتییانە ڕادەستی کورد بکەن چیتر کوردیان پێ کۆنتڕۆڵ دەکرێت؟ ئەم ئایدیایە لە پشت هەموو ڕووداوەکانەوەیە. ڕۆژئاوا نیازیەتی داهاتی ئێمە کەم بێت. نەخوێندەوار بین و دووفاقی لە نێوانماندا هەبێت بۆ ئەوە بەردەوام موناقەشەمان لەگەڵ یەکتر هەبێت بەردەوام لە شەڕ و ناکۆکیدا بین. ئەگەر ئێمە هەموو ئەمانە وەلا بنێین و لەگەڵ یەکتر بین چیتر ئەمریکا و ڕووسیا لێرە نامێنن و ئێمەش دەستمان بە هەموو ئەو شتانە دەگات کە پێویستە هەمانبێت. ڕووسیاش دۆستی کورد نیە و ئەو وڵاتەش ڕۆژێک لە ڕهژان وەک ئەمریکا دەست لە کورد بەردەدات. بەرژەوەندیی کورد ئەوەیە لەگەڵ ئێران و تورکیا تەعامول بکات و ئەمەش تاکە ڕێگایە."

News Code 178939

Your Comment

You are replying to: .
captcha