ڕەت کردنەوەی کورد سیاسەتی سەرەکیی  «AKP» و  «MHP»یە/ حکوومەتی تورکیا باوەڕی بە مافی کورد نییە

بەشی تورکیا- ئەمە ڕاستیێکە و هەموو کەس و هەموو میدیا و وێژدانە ئاگا و ئازادەکانی جیهان دەبێت قبووڵ بکەن کە کورد لە تورکیا لەژێر ستەم و گوشاردایە. زمانی کوردی قەدەغەیە و ئەگەر کەسێک داوای مافی خۆی بکات تەنانەت ئەگەر ئەندامی حزبێکی سیاسی بێت یا دەستگیر دەبێت یا چارەنووسێکی خراپ چاوەڕوانی دەکات.

«حیکمەت سەربڵەند» ئەمینداری گشتیی حزبی ئیسلامیی کوردستان (PIK) لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژە بە سیاسەتەکانی حکوومەتی تورکیا لەباەری کوردەوە دەکات و دەڵێت: یاسای تورکیا لەسەر بنەمای ڕەت کردنەوەی میللەتەکان و بیروڕا جیاوازەکان دامەزراوە. لە دەستووری تورکیا هیچ ئاماژەیێک بۆ مافی کەمینەکان نەکراوە و بە تایبەت کورد بە حەشیمەتێکی چەندین ملیۆنییەوە بە فەرمی ناناسێندرێن و بەپێی یاسای هەمیشەیی تورکیا هەموو هاووڵاتییانی تورکیا بە تورک ئەژمار دەکرێن.

ناوبراو درێژەی دا: ئەمە ڕاستیێکە و هەموو کەس و هەموو میدیا و وێژدانە ئاگا و ئازادەکانی جیهان دەبێت قبووڵ بکەن کە کورد لە تورکیا لەژێر ستەم و گوشاردایە. زمانی کوردی قەدەغەیە و ئەگەر کەسێک داوای مافی خۆی بکات تەنانەت ئەگەر ئەندامی حزبێکی سیاسی بێت یا دەستگیر دەبێت یا چارەنووسێکی خراپ چاوەڕوانی دەکات.

ئەمینداری گشتیی حزبی ئیسلامیی کوردستانی تورکیا زیادی کرد: حزبی دەسەڵاتدار و حکوومەتی تورکیا بوونی خۆیان لەسەر بنەمای نەبوونی دیتران دبینن و لەم نێوانەشدا ڕەت کردنەوەی کورد گرینگترین دارەدەستی مانەوەی ئەم چەشنە حزبانەیە. کوردی تورکیا دۆخێکی خراپیان هەیە و لە ئێستادا کە دوو حزبی داد و گەشە (AKP) و پارتی نەتەوە پەرەستی تورکیا (MHP) لەسەرووی دەسەڵاتن دۆخەکە زۆر خراپترە.

حیکمەت سەربڵەند، ئاماژە بە ناهەماهەنگیی نێوان حزبە کوردییەکان لە کوردستانی تورکیا دەکات و دەڵێت: کورد لەنێو ماڵی خۆیدا کێشەی زۆری هەیە و تا ئەم کاتە یەکگرتوو نەبووە. حزبە کوردیەکان ئەگەر توانای ئەوەیان ببوایێت کە بۆ مافی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی خۆیان لە تورکیا بەرەیێکی هاوبەش پێکبهێنن، دەیانتوانی ستراتێژیێکی هاوبەش هەمبەر سیاسەتەکانی حکوومەت بگرنە بەر.

ناوبراو زیاتر وتی: ئەوەی کە ئێستا دەبینرێت ئەوەی کە دووبەرەکی و ناکۆکیی نێوان لایەنە کوردییەکان لە تورکیا مۆڵەتی ئەوەیان پێنادات ڕەفتارێکی سیاسی بەهێزیان ببێت. من هیوادارم حزبە سیاسییەکانی کورد لە تورکیا لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی نەتەوەیی و دۆخی مێژووی بگەنە ڕەفتارێکی هاوبەش و داخوازیەکانیان بە دەنگێکی یەکگرتوو و بەهێز لە تورکیا و جیهان بەرز بکەنەوە.

ئەمینداری گشتیی PIK لەباەری سیاسەتی پارتی داد و گەشە هەمبەر سڕینەوەی هاوسەرۆکی شارەوانییەکانی سەربە پارتی دیموکراتیکی گەلان HDP دەڵێت: پارتی داد و گەشە پێبەندی یاسا نییە و هاوسەرۆکی شارەوانییەکان کەلەسەر بنەمای یاسای تورکیا هەڵبژێردراون لەکارەکانیان دوور دەخاتەوە و قەیومەکانی خۆی لە جێگایان دادەنێت. ئەمەش دزی کردنە چوونکە هاوسەرۆکی شارەوانییەکان بە دەنگ و ئیرادەی خەڵک هەڵبژێردراون. ئەمە تەنها ستەم و نادادپەروەریە.

ئەمینداری گشتیی حزبی ئیسلامیی کوردستانی تورکیا وەبیری هێنایەوە: دەبێت ئاوڕ لەم بابەتە بدەینەوە کاتێک کە هاوسەرۆکی پارتی دیموراتیکی گەڵان "سەلاحەدین دەمیرتاش" و کەسایەتییە باڵاکانی دیکەی ئەو حزبە لە زیندانەکاندان دەبێت بزانین کە ئامانجی ئاکپارتی تەنها سڕینەوەی ڕەوتە سیاسییەکانی کورد و خەڵکی کوردە.

ناوبراو دەڵێت: دەمیرتاش و کەسانی دیکە هەرچەند کە هەندێک تێبینییان لەسەر بێت بەڵام لەسەر ئیرادەی گەل و دیموکراسی هەڵبژێردراون و نابێت ئێستا لە زیندان بن، حکوومەتی تورکیا تەنها بەنیاری شکاندنی ئیرادەی کوردە. دەوڵەتی تورکیا هەر چەشنە توانایێکی سیاسی کورد دادەخات و بنەماکانی سیاسی لەناو بردووە، ئەگەر چاو لە زیندانەکانی تورکیا بکەین ڕۆشنبیر و سیاسەتوان و ڕۆژنامەوان و نووسەر تیایدا دەبینرێت.

ناوبراو دەڵێت: من باوەڕم بە دەستووری هەمیشەیی ئێستای تورکیا نییە چوونکە لەسەر بەرژەوەندیی تەنها بەشێک لە هاووڵاتییانی تورکیا دامەزراوە و دانی بە مافی گەلی کورددا نەناوە. ئەگەر تەنانەت 600 نوێنەری کوردیش لە پەرلەمانی تورکیا بن توانای ئەوەیان نییە هیچ گۆڕانکاریێک لە سیاسەتەکانی تورکیا دروست بکەن چوونکە سیستەم و سیاسەتەکانی تورکیا لەسەر ڕەت کردنەوەی مافی کورد دامەزراوە.

حیکمەت سەربڵەند ئەمینداری گشتیی حزبی ئیسلامیی کوردستانی تورکیا جەخت دەکاتەوە حکوومەت هەموو ڕێگاکانی داخستووە تەنها ڕێگایێک کە بۆ کوردی تورکیا ماوەتەوە ئەمەیە کە یەکڕیز بن و یەکبگرن و هەمبەر سیاسەتەکانی حکوومەت بەرەیێکی هاوبەش پێبێنن و دەنگێکی بەرز بە خەڵکی تورکیا و جیهان بگەیێنن.

ئەم سیاسەتوانە ئیسلامگەرای کوردە ئاماژە بە کوشتنی گەنجێکی کورد دەکات ئەوەش لەسەر گوێگرتن لە مۆسیقای کوردی و دەڵێت: دۆخەکە زۆر ناشیرین و ئاڵۆزە. زمانی کوردی تا ئەمڕۆیش قەدەغەیە و کەسێک لە کۆڵان و شەقامەکان بە کوردی قسە ناکات و گرووپە توندئاژۆکان بۆ سەرکوت کردن لەهەموو ئامێرێک کەڵک وەردەگرن.

حیکمەت سەربڵەند لە کۆتاییدا دەڵێت: خودای میهرەبان لە قورئاندا دەفەرمێت بێگومان ئێمە دروستمان کردوون لە نێر و مێیێک و کردوومانن بەچەند گەل و ھۆزێکەوە تایەکتری بناس... بەڵام دەبینین حکوومەتی ئیسلامیی تورکیا هەم زمان و هەم مافی کوردەکان لەژێر پێدەنێت.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 178937

Your Comment

You are replying to: .
captcha