کوردپرێس:
عەبدولڕەحمان ئاپۆ ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردی سووریا (PDK-S) لە لێدوانێکدا بۆ کوردپرێس ئاماژەی بە پڕۆسەی دانوستانی نێوان ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا (ENKS) و پارتی یەکێتیی دیموکراتیکی سووریا (PYD) کردووە و وتوویەتی: دانووستانەکانی ئەنەکەسە و پەیەدە تەنها ئەم دانووستانەی چەند ڕهۆژی ڕابردوو نەبووە بەڵکوو گفتوگۆکانی ئەو دوو لایەنە هەر لە پێشووترەوە بەردەوام بووە. ساڵی 2012 بە دەستپێشخەریی بەڕێز مەسعوود بارزانی دانیشتنی هەولێری یەک و هەولێری دوو ئەنجام درا و هەروەهاش ساڵی 2014 دانیشتنی دهۆک بەڕێوە چوو بەڵام هیچیان نەگەشتنە ئەنجام و هەموو ئەو هەوڵانەی درا لە لایەن پەیەدەوە لە ناو برا.
ئاپۆ زیادی کرد: پارتی یەکێتیی دیموکراتی شەڕی بە هاووڵاتییانی کورد کرد و ژمارەیێکی زۆر لە خەڵکەکەی یان گیانیان بەخت یان خود لە کوردستانی سووریا ئاوارە بوون. نووسینگەکانی سەر بە ئەنجومەنی نیشتمانی هەموویان سووتێندران. بەڵام بەو حاڵەشەوە ئێمە لە سەر ئەو بڕوایەین کە یەکگرتنی کورد بۆ ئێمە زۆر گرینگ و بەبایەخە. ئێمە ئامادەین بۆ بەرژەوەندیی کورد دەست بە هەموو جۆرە گفتوگۆیێک بکەین و بگەینە ڕێککەوتن.
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردی سووریا (PDK-S) لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە تا ئەم کاتەش هیچ زانیارییێکی ورد لەبارەی دەقی ڕێککەوتنەکەی نێوان ئەنەکەسە و پەیەدە لە بەردەستدا نیە، بە کوردپرێسی وت: "ئێمە بە برایانی خۆمان لە پەیەدەمان وتووە کە بۆ یەکگرتن پێویستە لە سەر ئەم خاڵانە ڕێک بکەوین:
*پارتی یەکێتیی دیموکراتیک بگەڕێتەوە سەر موقیفی عەقڵییەتی کوردی
*پارتی یەکێتیی دیموکراتیک لە سەر بنەمای مێژووی سیاسیی 1957ی کوردستانی سووریا ڕەفتار بکات
* پارتی یەکێتیی دیموکراتیک شۆناسی کوردی سووریا وەربگرێت
*چارەنووسی زیندانییە سیاسییەکان دیاری بکات
*پەیەدە بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنەکەی دهۆک و دەقی ڕێککەوتنەکەی جێبەجێ بکات
*پەیەدە پێوەندییەکانی لەگەڵ قەندیل بپچڕێنێت
*ڕێککەوتنی نوێ لە سەر خاڵە سیاسی و ئیداری و ئابووری و سەربازییەکان واژۆ بکرێت
*لەشکری ڕۆژ تەوەرێکی هەرە گرینگە و هێزی پێشمەرگە بەشێکە لە هێزی سەربازیی کوردستان و پێویستە لە سەر بنەمای ڕێککەوتنێکی نوێ ئەو هێزانە بێنە کوردستانی سووریا.
Your Comment