کوردپرێس:
بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتانەی دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ دەریانکردووە میلیشیاکانی سەربە تورکیا لە عەفرین بە شێوەی جۆربەجۆر ئازاری خەڵکی کوردی ناوچەکە دەدەن. بە لێدان و ئەشکەنجە و ڕفاندن و چەتەیی کردن و هەموو شێوە ئازاردانێکی دیکە بۆ ئەو کوردانە دروست دەکەن کە لە عەفرین ماونەتەوە. ژمارەیێکی زۆر لە هاووڵاتییانی عەفرین پاش داگیرکرانی شارەکە لە لایەن تورکیا و میلیشیاکانی سەر بە سوپای ئەو وڵاتەوە چیتر نەیانتوانی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و لەگەڵ ئاوارەی دیکەی ناوچەکانی سووریا لە ماڵی کوردەکان نیشتەجێ کران.
فابریس باڵانشە توێژەی کاروباری سووریا لە زانکۆی لیۆن 2ی فەڕەنسا جەختی کردەوە کە تورکیا بە ئەنقەست ڕێگری ناکات لەو دەستدرێژی و تاوانانەی ملشیاکانی سەر بە سوپای تورکیا دەرحەق بە کوردەکان دەیکات. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە تورکیا نیازیەتی هیچ کوردێک لە عەفرین نەمێنێت.
ئەو توێژەرە بە ئەلمۆنیتۆری وتووە: هێزە ملشیاکانی سەر بە تورکیا هیچ سنوور و شەرمێک قبووڵ ناکەن و چییان بوێت دەیکەن و تورکیاش ڕێگری لەم مەسەلەیە ناکات.
سینەم محەمەد نوێنەری ئەنجومەنی سیاسیی سووریای دیموکرات لقی سیاسیی هێزەکانی کورد و عەرەبی سووریا لە ئەمریکاش بە ئەلمۆنیتۆری وتووە: ئەوانەی ئەم تاوانانە لە عەفرین ئەنجام دەدەن هیچ جیاوازییێکیان لەگەڵ داعش نیە.
ئەو بەرپرسە کوردەی سووریا کە خۆی بە ڕەگەز خەڵکی عەفرینە دەشڵێت: "ملشیاکانی سەر بە تورکیا ماڵ و کارخانە ی بنەماڵەکەی ئەویان داگیر کردووە. مرۆڤ هەموو ژیانی هەوڵ دەدات بۆ ئەوەی شتێک بە یەکەوە بێنت بۆ بنەماڵەکەی بەڵام لەپڕ هەموو شت دەفەوتێت. ئەم چەتە و یاخییانە هەموو شتێکیان تاڵان کردووە. ئێمە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین بێتە سەر هێڵ بۆ ئەوەی خەڵکی عەفرین بتوانن بگەڕێنەو سەر ماڵ و حاڵی خۆیان کە لێی دەرکراون."
Your Comment