دەوڵەتی ناوەند توانای گفتوگۆکردنی نیە/ لەگەڵ سیستەمی فیدراڵیین

بەشی سووریا- ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردی سووریا (الپارتی) لە لێدوانێکدا بە کوردپرێسی وتووە کە ئەوان داوای لامەرکەزیەت و سیستەمی فیدراڵی دەکەن بۆ ئەوەی دان بە مافی هەموو پێکهاتەکانی سووریا بنرێت.

کوردپرێس:

حوسێن مەستۆ ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردی سووریا (الپارتی) لە لێدوانێکدا بۆ کوردپرێس ئاماژەی بە دانووستانەکانی نێوان ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا (ENKSE) و پارتی یەکێتیی سووریای دیموکرات (PYD) کردووە و دەڵێت: گفتوگۆکان بە شێوەیێکی ئیجابی لە حاڵی ئەنجامدایە و ئومێد دەکەین ئەو دوو حیزبە بتوانن بەردەوام بن لەم ڕەوتە ئیجابییە و هەموو لایەنەکان بەشداریی دانووستانەکان بکەن.

ناوبراو ڕوونیشی کردەوە کە سێ خاڵی سەرەکیی ئیداری و سەربازی و سیاسی لە دانوستانەکاندا هەن کە دەبێت لە سەریان ڕێک بکەوین. لە بەشی سیاسیدا هەردوولا تا ڕادەیێک ڕێککەوتوون و ئەگەرچی ڕێککەوتنامەی لە سەر واژۆ نەکراوە بەڵام لە باری سیاسییەوە لێکگەیشتن هەیە.

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردی سووریا ( الپارتی) لەبارەی ئەو مەسەلەیەشەوە کە لایەنە کوردییەکانی سووریا بۆ دامەزراندنی کیانێکی سەربەخۆی کوردی یان خود بۆ چەسپاندنی ئیدارەی خۆسەر لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی و دەولی گفتوگۆ دەکەن بە کوردپرێسی وت: لە سیاسەتدا هیچ شتێک مەحاڵ نیە و ئەگەر لایەنە کوردییەکان هەموویان یەک دەنگ بن ئەکرێت کار لە سەر ئەو بابەتەش بکەن.

حوسێن مەستۆ لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کوردپرێسدا کە ئایا بۆ دیالۆگ کردن لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیی سووریا هیچ کراوە گوتی: دەوڵەتی ناوەند لە هەلومەرجێکی باشدا نیە و لە ڕووخان و کۆتاییهاتن نزیک بۆتەوە و دەسەڵاتی حکوومەتی ناوەندی لە ناوچە جیاجیاکاندا دیار نیە. بەڵام ئەگەر لە قۆناغێکدا و لە شوێنێکدا دەسەڵات و بڕیار لای دەوڵەتی ناوەندی بێت گفتوگۆی لەگەڵ دەکەین بۆ ئەوەی مافی خەڵکەکەی خۆمان بچەسپێنین.

ناوبراو ئاشکراشی کرد کە ئەوان داوای لامەرکەزیت و سیستەمی فیدراڵی لە سووریا دەکەن بۆ ئەوە مافی هەموو پێکهاتەکانی سووریا زامن بکرێت.

ئەو ئەندامەی کەتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردی سووریا زیادیشی کرد: کوردەکانی سووریا کەوتوونەتە ژێردەسەڵاتی ئەو لایەنانەی دان بە مافی کورددا نانێن بۆ نموونە ئێمە لە سووریا خەباتی سیاسیمان دەکرد و مەبەستمان خەباتی سەربازی نەبوو بەڵام دەوڵەتی ناوەندی بە توندی دژی ئەو خەباتە سیاسییە بوو.

حوسێن مەستۆ لە کۆتاییدا ئەوەشی گوت کە لە 2013وە لەشکری ڕۆژیان لە هەرێمی کوردستان پێکهێناوە بۆ ئەوەی خاکی کوردستانی سووریا بپارێزن بەڵام تا ئەم کاتەش لەگەڵ برادەرانی پەیەدە لە سەر ئەو مەسەلەیە ڕێک نەکەوتوون کە هێزەکان بنێرنە کوردستانی سووریا.

News Code 178874

Your Comment

You are replying to: .
captcha