«موسلیم محەمەد» ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا (PDK-S) لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی بە دامەزراندنی پارتی یەکێتی نیشتمانیی کورد دا و ڕایگەیاند: ئەم بیست و چوار حزبە لەگەڵ پارتی یەکێتیی دیموکراتیک حزبێکی نوێیان دانەمەزراندووە بەڵکوو پێشتریش لەژێر چەتری پارتی یەکێتی دیموکراتیک (PYD)دا بوون لەژێر نای ئەنجومەنی سووریای دیمکرات واتا (MSD)، ڕاستیەکەی ئەمەیە کە ئەم حزبانە هاوکار و لایەنگری پارتی یەکێتیی دیموکراتیک-ن.
ناوبراو وتیشی شتێک کە ئێستا گۆڕدراوە ئەمەیە کە پێشتر تەنها پارتی یەکێتی دیموکراتیک لەگەڵمان دانوستانی دەکرد بەڵام ئێتسا هەموو تەڤڵی دانوستانەکان بوونە.
ئەندامەکەی PDK-S دەڵێت ڕێزمان بۆ هەموو ئە حزبە گەورە و بچووکانە هەیە کە لەم بەرەیەدا ئامادە بوونە کە پێشتر تەنها پارتی یەکێتی دیموکراتیک بەشدار دەبوو لە گفتوگۆکاندا، لە حاڵێکدا نوێنەرانی ENKSE هەموویان لە کۆبوونەوەکاندا ئامادە دەبوون.
موسلیم محەمەد ئاشکراشی کرد پێشتر پێنج ڕەوت لە حزبەکانی یەکێتیی دیموکراتیک و پێنج ڕەوتیش لە ئەنەکەسە لە دانووستانەکاندا بەشدار دەبوون بەڵام ئێسە لە هەریەکەمان حەوت ڕەوت بەشداری لە گفتوگۆکاندا دەکات. واتا 4 ڕەوت لە حزبەکانی دیکە و 3 ڕەوت لە حزبەکانی نێو یەکێتی دیموکراتیک لە دانوستانەکاندا ئامادەن و لەگەڵمان کۆ دەبنەوە.
ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا ئاماژەی دا بەو بابەتانەی کە لە دانوستانەکاندا باسیان لەسەر دەکرێت و وتی چەند بابەتێکی سەرەکی لە دانوستانەکاندا هەن کە گفتوگۆیان لەسەر دەکەین وبریتین لە: 1-چوارچێوەی سیاسی، 2-ئیدارەی نوێ و هاوبەش، 3-دۆخی ئابووری، 4-دۆخی سەربازی و 5-پێوەندیی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک و پارتی کرێکارانی کوردستان چەند خاڵێکن کە لە کۆبوونەوەکاندا دەخرێنە بەر باس.
ناوبراو زیادی کرد بابەتێکی زۆر گرینگ گەڕانەوەی پێشمەرگەی ڕۆژ بۆ کوردستانی سووریایە کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان جێگیرن. پێویستە دۆسیەی هێزە سەربازییەکانی کوردستانی سووریا دووبارە بەرنامەی بۆ دابڕێژرێت و لەشکرێکی هاوبەشی کوردی پێکبهێندرێت.
ئەندامەکەی PDK-S جەختی کردەوە ئەوەی کە حزبەکانی کوردستانی سووریا بیانەوێت پێوەندی بە دیکەی حزبە کوردییەکانی وڵاتانی دیکەوە بکەن کێشەی نییە بەڵام زۆر پێویستە کە پەیەدە سەربە پەکەکە نەبێت و سیاسەتێکی سەربەخۆ ڕەچاو بکات کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی کوردستانی سووریا دابمەزرێت.
موسلیم محەمەد ئاماژەی بە پڕۆسەی دانوستانەکان دا و ڕایگەیاند لەئێستادا گفتوگۆکان بەردەوامن . ڕێکەوتنی سیاسی کراوە بەڵام هێشتا دۆسیەی دۆخی ئابووری، بەڕێوەبەردنی هاوبەش و دۆخی سەربازی کراوەیە.
ناوبراو لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئێوە کێشە ئایدیۆلیژیاییەکانی نێوانتان چۆن چارە دەکەن؛ وتی: لەبارەی ئایدیۆلۆژیا و ڕوانگە سیاسییەکان ئێمە پێشتر لە دانیشتنەکانی هەولێر یەک و هەولێری دوو و هەروەها دانیشتنی دهۆک کە بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعوود بارزانی (سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق) بەڕێوە چوو، لەگەڵ لایەنەکانی دیکە گەیشتینە ڕێککەوتن و لەم قۆناخەیشدا لە دیدێکی سیاسیی هاوبەش نزیکین.
موسلیم محەمەد لە کۆتاییدا ئاماژەی بە لەبەرچاو گرتنی مافی قەوم و ئەتنیکەکان لە کوردستانی سووریا دا و وەبیری هێنایەوە: هیچ کێشەیێکمان لەگەڵ هیچ یەک لە قەم و ئایننەکانی دیکە کە لە کوردستانی سووریادا جێگیرن نییە و پێکەوە براین و دەبێت مافیان پارێزراو بێت. تێڕوانینی ئێمە بۆ بیر و باوڕ و قەومە جیاوازەکان لە کوردستانی سووریا وەکوو باخچەیێکی ڕەنگاوڕەنگە کە بە هەموو گوڵ و ڕەنگێکەوە ڕازاوەتەوە، بەو شێوەیە کە لە هەرێمی کوردستان تورکمان و ئاشووری و مەسێحی لە پەرلەمان بەشدارن و ڕۆڵ دەگێڕن لە کوردستانی سووریا-ش هەمووان مافیان پارێزراو دەبێت.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment