کوردپرێس: کۆشکی کرملین لە بەیاننامەیێکدا بڵاوی کردەوە، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا بەشێوەیێکی ئەرێنی هەڵسەنگاندن و باس لەو رێککەوتنەکە کراوە کە لە چوارچێوەی ئۆپێک پڵەسدا بە بەشداریی رووسیا و عێراق ئەنجام درا بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی ئێستای دابەزینی نرخی نەوت، هاوکات باس لە گرنگی بەردەوام بوونی هەوڵە هاوبەشەکان بەو ئاراستەیە کراوە.
بەگوێرەی بەیاننامەکە، سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی رووسیا بیروبۆچوونەکانیان ئاڵوگۆڕکردووە لەبارەی کۆمەڵێک پرسی هەرێمی، بەتایبەتی دۆخی سووریا. سەرۆکی رووسیا پیرۆزبایی لەسەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە بەبۆنەی جەژنی رەمەزانەوە و رێککەوتوون لە پەیوەندی کردن لەسەر هەموو ئاستەکاندا بەردەوام بن.
لای خۆیەوە، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، مستەفا کازمی پەیوەندییێکی تەلەفۆنیی لە سەرۆکی رووسیاوە پێگەیشتووە، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و دۆخی ئابوورییان تاوتوێ کردووە. سەرۆکی رووسیا پیرۆزبایی لە کازمی کردووە بەبۆنەی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی حکوومەت و هاتنەوەی جەژنی رەمەزان، گفتوگۆیان کردووە لەبارەی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و دۆخی ناوچەکە و دابەزینی نرخی نەوت و کاریگەرییەکانی و رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس و پەتای کۆرۆنا و دۆخی ئەمنی لە عێراق و سووریا.
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، پووتین خواستی وڵاتەکەی دەربڕیووە لە پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان رووسیا و عێراق و لە هەموو بوارەکانی ئابووری، بازرگانی، وزە، وەبەرهێنان و وزەی کارەبا.
لای خۆیەوە کازمی دووپاتی کردووەتەوە، حکوومەتەکەی گرنگی دەدات بە بەهێز کردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ رووسیا و داوای لە کۆمپانیا رووسییەکان کرد بێنە عێراق و لەسەرجەم بوارەکاندا وەبەرهێنان بکەن.
سەرۆکی رووسیا داوای لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد سەردانی رووسیا بکات، بەهەمان شێوە مستەفا کازمی داوای لە پووتین کرد سەردانی بەغدا بکات.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment