پەروین بوڵدان بۆ دەسەڵاتی تورکیا: هەرگیز بەیعەتتان پێنادەین و چۆک دانادەین

یەشی تورکیا- هاوسەرۆکی هەدەپە لەبارەی قەییوم کردنی پێنج شارەوانیی دیکەی پارتەکەی لەلایەن دەسەڵاتی ئاکپارتییەوە ئاماژەی بەوە کرد، کاتێک بەرامبەر قەییومی دەسەڵات بێدەنگی هەیە، نۆرەی ئیستەنبووڵ و ئەنقەرەش دێت.

کوردپرێس: پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە هەڤپەیڤینێکدا باسی لەو هەڵمەتەی رۆژی هەینی کرد کە دەسەڵات دژی شارەوانییەکانی پارتەکەی دەستی پێکرد و پێنج سەرۆک شارەوانیی لەکارلادا.

بوڵدان هۆشداریی دایە پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن، بەتایبەتی جەهەپە کە شارەوانییەکانی ئیستەنبووڵ و ئەنقەرە بەڕێوە دەبات و گوتی: "ئەو عەقڵیەتەی شارەوانییەکانی ئیدر و سێرت قەییوم بکات، بە دڵنیاییەوە بیر لەوە دەکاتەوە شارەوانییەکانی ئیستەنبووڵ، ئیزمیر و ئەنقەرەش قەییوم بکات".

هاوسەرۆکی هەدەپە ئاماژەی بەوە کرد "ئەگەر ئێمە دژی قەییومی سەر سێرت دەنگ هەڵنەبڕین و دژی قەییومی سەر ئیدر ناڕەزایی نیشان نەدەین، هەموومان لە دانانی قەییومی سەر ئەنتاڵیا، مێرسین و ئیزمیر بەرپرس دەبین".

بوڵدان ئەوەی خستەڕوو کە دەسەڵات دەیەوێت ملکەچیی بکەین کە ئەوە هەرگیز لە هەدەپە نابینرێت.

هاوسەرۆکەکەی هەدەپە لەو بارەیەوە جەختی کردەوە، "هەرگیز بەیعەتتان پێنادەین و چۆک دانادەین. ئێمە پارتێکی سیاسیی تورکیاین کە زیاتر لە شەش ملیۆن دەنگمان هێناوە. نوێنەرمان لە پەرلەمان هەیە و پەرلەمانتارانمان هەن. سەرۆکی شارەوانیمان هەن".

سەرلەبەیانیی رۆژی هەینی و لەگەڵ دەستپێکردنی دەوامی فەرمی، هێزەکانی ئاسایش هەڵیانکوتایە سەر پێنج شارەوانیی هەدەپە و سەرۆکی شارەوانییەکانیان لەکارلادان و دەستگیریان کردن.

شارەوانییەکانی ئیدر، سێرت، میسیرجی سێرت، حاوێلی سێرت و ڤارتینیسی مووش کە هەدەپە بەڕێوەی دەبردن، قەییوم کران.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 178749

Your Comment

You are replying to: .
captcha