کوردپرێس:
سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، فشار و چاوسوورکردنەوەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی لە پێکهاتەکان بە ناهەق وەسف کرد و رایگەیاند کە پێویست ناکات پارتی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان شانەی خۆیان بەسەری پێکهاتەکان بشکێنن.
کوردپرێس:
فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی لە پرێس کۆنفرانسێکیدا بۆ میدیاکان پاش سەردانیکردنی وەزارەتی تەندروستی، رایگەیاند: "هەموو لایێک زوڵم لە پێکهاتەکان دەکەین، یەک دەڵێت نوێنەرایەتیی پێکهاتەکان ناکات، خوشک و برای تورکمان و کلدان و ئەرمەن کە کاندیدی خۆیان دەنگی زۆرینە دێنێ و دەبێتە پەرلەمانتار، کێ پەیوەندیی هەیە بڵێت نوێنەرایەتییان ناکات، با ئێمە و یەکێتی شانەی خۆمان بە سەری پێکهاتەکان نەشکێنین."
فازڵ میرانی لەبارەی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتیش ئاماژەی بەوە کرد: "دەتوانین کۆ ببینەوە، بۆچی ناتوانین؟ کۆدەبینەوە؟ جاری پێشوو گوتم شەممە، ئەمجارە ناڵێم، بۆچی؟ چونکە کوردە.
ناوبراو ڕوونیشی کردەوە: "ئەمڕۆ لە کوردستان، ئێمە و یەکێتی و حزبەکان هەمیشە ڕێزێکی تایبەتمان لە پێکهاتەکان گرتووە، منەتیشیان بەسەردا ناکەین و قازانجمان کردووە، ئەوان لە دەرەوە نەهێندراون، خۆیان دەڵێن کوردستانین، ئەرمەن لەم وڵاتە یەکجار زۆربوونە، کە ئەمڕۆ کەمن، مانای هەبوون، ئاشوورییەکان دەڵێن ئەمە وڵاتی ئێمەیە، بۆیە هەق نییە ئەم فشار و چاوسوورکردنەوە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیە لە پێکهاتەکان بکەین، ڕێزگرتنی پێکهاتەکان و زامنکردنی مافەکانیان ئەرکی ئێمەیە.
لەبارەی پەیوەندیی ئێستای یەکێتی و پارتیش گوتی: "ئێمە براین، بەڵام بڕێک دووری یەکترین.
Your Comment