هاوسەرۆکی یەکێتی لەگەڵ نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق کۆ بوویەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان لەگەڵ نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق كۆ بوەوە و پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق، پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، رێگەكانی جێبەجێ كردنی لامەركەزی و چەند پرسێكی تریان تاووتوێ كرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لەگەڵ جینین بلاسخارت نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق كۆ بووەوە و رایگەیاند هیوادارن حكوومەتی نوێی عێراق بە سەرۆكایەتی موستەفا كازمی سەركەوتوو بێت و بتوانێت كار لەسەر چارەسەرەكان بكات و ژینگەیێكی دروست بهێنێتە كایەوە كە خزمەتی باشتری هەموو پێكهاتەكانی عێراق بكات.

هاوسەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بەوەش كردووە، لە كۆبوونەوەكەدا باس لە پەیوەندیەكانی نێوان بەغداد و هەولێر كراوە و جەخت كرایەوە لەوەی پێویستە هەردوولا لە نزیكەوە كار بكەن بۆئەوەی بتوانن بەڵێنەكانیان بۆ میلەتەكەیان جێبەجێ بكەن، هەروەها پێویستە دەستووری عێراق بكرێتە چوارچێوەی كاری حوكمڕانی لە عێراقدا.

ناوبراو لەبارەی پرسی لامەركەزیش ئەوەی خستوەتەڕوو، باسیان لە داواكاری ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كرد بۆ جێبەجێ كردنی لامەركەزی و رێگەكانی جێبەجێ كردنی بۆ ئەوەی بتوانرێت دەسەڵات و سەرچاوەكان بەشێوەیێكی یەكسان و دادپەروەرانە دابەش بكرێت.

هەروەها لە كۆبونەوەكەدا گفتوگۆ كراوە لەسەر پەتای كۆرۆنا و هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی تەندروستی و بەتایبەت بەرێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی بۆ كۆنترۆڵ كردنی ڤایرۆسەكە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 178662

Your Comment

You are replying to: .
captcha