کوردپرێس:
سارۆخان ئولوچ نوێنەری پارتی دیموکراتیکی گەلان لە دانیشتنی 23ی ئەیپرێڵی پەرلەمانی تورکیا جەختی کردە سەر زەروورەتی پێکهێنانی حکوومەتێک لە سەر بنەمای دیموکراسی بۆ چارەسەر کردنی پرسی کورد.
بەپێی ڕاپۆرتی گازتە دیوار سارۆخان ئولوچ لە لێدوانەکەیدا وتوویەتی: لە سیستەمێکدا دەژین کە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی دەستەبەر ناکات. ئەمڕۆ دیموکراسیەت لە ژێر گوشاری توندی دەسەڵاتدایە و کەلەپچە کراوەتە دەستی.
ناوبراو گوتیشی هیچ دەزگایێکی سەربەخۆ لە وڵاتدا بوونی نیە و حکوومەت بۆتە سیستەمێکی تاک دەنگی. مافی هاووڵاتییان لەم وڵاتەدا گەرەنتی ناکرێت. تووشی تاکڕەوی و بێ یاسایی بووین. یاسا تەنها بۆ گەیشتن بە ئامانجی دەسەڵاتداران بە کار دەهێنرێت. کۆمەڵگا بەرەو بێدەنگی دەڕوات و ناڕەزاییش پیشان نادرێت.
ناوبراو زیادیشی کرد: بەردەوام دەستوەردانی سیاسی ڕێگر بووە لەوەی لەم کۆمارەدا دیموکراسیەت هەبێت. یەکێکی تر لە ئەنجامە گرینگەکانی نادیموکرات بوونی کۆماری تورکیا مەسەلەی کوردەکانە کە سەد ساڵە بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە.
نوێنەرەکەی HDP ڕەخنەی لە بڕیاری تاکڕەوانەی ئەردۆغان بۆ کشانەوەی لە کۆنڤانسیۆنی ئەستەمبۆڵ و دووچاوەکی کردن بەرامبەر ڕەگەز و ناسنامە گرتووە و بڕیاری ئەردۆغان بۆ سڕینەوە و هەڵوەشانەوەی هەدەپە بە دزینی دەنگ و ئیرادەی هاووڵاتییان ناو برد.
Your Comment