بەغدا رازی نابێت مووچە بەلێبڕینەوە لەلایەن هەرێمەوە دابەش بكرێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامێكی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق دەڵێت: بەغدا رازیی نابێت ئەو بودجەیەی كە رەوانەی هەرێمی كوردستانی دەكات مووچە بەلێبڕینەوە دابەشبكات، چونكە ئەولەویەت بۆ مووچەیە.

کوردپرێس:

شیروان میرزا، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لەلیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» بەپێی ماددەی (11) لەبودجەی گشتی 2021ی عێراق لەبڕگەیەكدا ئەوە جێگیركراوە ئەو بودجەیەی رەوانەی هەرێمی كوردستان دەكرێت ئەولەویەتی بۆ موچەیە، ئەگەر حكومەتی هەرێم لێبڕینی بمێنێت بەغدا بودجە رەوانەی هەرێم ناكات».

ناوبراو ئاماژەی بەوەش كرد تیمی حكومەتی هەرێم كەچەندین جار سەردانی بەغدایان كردووەو گەیشتووەتە رێككەوتن ناكرێت موچە بەلێبڕینەوە دابەش بكرێت، چونكە «وەفدەكە چەندین جار باسیان كردووە دەیانەوێت كێشەی دارایی و بەتایبەت پرسی موچە چارەسەر بكەن».

ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو بڕیارە لەم هەفتەیەدا یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو وەفدێكی حكومەتی هەرێم بچێتە بەغدا بۆ رێككەوتن لەسەر میكانیزمی جێبەجێكردنی ماددەی (11) كە تایبەتە بەپشكی هەرێم، وتیشی:» ئایا حكومەتی هەرێم داهاتە نەوتی و نانەوتییەكان دەكاتە سەر هەژمارێكی بانكی و بەمەقاسە ئەوەی دیكەی بۆ رەوانە دەكرێت یان دەبێت هەرێم داهاتەكان رەوانە بكات ئینجا بەغدا پشكی هەرێم دەنێرێت، ئەمە پێویستە یەكلابكرێتەوە».

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ئەوەشی دووپاتكردەوە كە یاسای بودجە كەوتووەتە بواری جێبەجێكردنەوەو لەلایەن وەزارەتەكانەوە رێنمایی پێ دەردەچێت و چاوەڕوان دەكرێت هەفتەی ئایندە پشكی هەرێم رەوانە بكرێت، دوای رێكکەوتن لەسەر میكانزمی جێبەجێكردنی ماددەی (11)ی یاسای بودجە لەنێوان حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستاندا.

News Code 1705

Your Comment

You are replying to: .
captcha