بەرپرسانی هەرێم چ ڕێگایێکیان بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان لەبەردەستە؟/ قادر حاجی عەلی

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- قادر حاجی عەلی لە ئەندامانی باڵای بزووتنەوەی گۆڕان لە نووسینێکدا لەژێر ناوی "تا هەناسەیێک ماوە دەرمانی بکەن" باس لە دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و کێشە و قەیرانەکانی بەدەمی ئەو هەرێمە دەکات و جەخت لە گرنگایەتیی ڕێگاچارەیێکی خێرا بۆ دەربازبوون لە کێشەکان دەکاتەوە.

کوردپرێس: قادر حاجی عەلی لە نووسنینەکەدا کە پەیسەر پرێس بڵاوی کردۆتەوە دەڵێت: لەدەیەی سێیەمی حوکمڕانی کوردی نزیک دەبینەوە و لە شکستێکەوە دەماندەنە دەست شکستێکی تر. نزیکەی سی ساڵە، زیاتر لە پێنج ملیۆن کەس، باجی شکست و چاوچنۆکی و نابەرپرسیارێتی، پێنج شەش کەسە دەدەن، نە گوێیەکیان هەیە بۆ بیستن، نە باکیشیان هەیە بە کەوتن.

دەستبردن بۆ نەوت، بەناوی سەربەخۆکردنی ئابوورییەوە، کوردستانی دووچاری ڕۆژێکی تاریک و بێ ئاسۆ کردووە، دوای چەندین ساڵ لە فرۆشتنی نەوت و بانگەشەی چوونە سەر نەخشەی وزەی جیهان، دەستە نا ئەمنیەکان بوونە ملیاردێرو، میللەتیش هەژار و نەبوو و بێدەرەتان کەوت.

پێناچێت ئابووری کوردستان بەمزووانە بەرەو باشی و جێگیربوون بڕوات، پێگەی سیاسی هەرێمیش لەبەرامبەر بەغداد لەدۆخێکدایە کەس بەخیلی پێنابات. حکوومەت مووچەی پێنادرێ، دەوڵەتداری پێناکرێ، غەیری شیعارات و یەکتر تەخوینکردن، حیکایەتێکیان نەماوە بۆ خەڵکی بکەن.

ئەگەر دەسەڵاتداران ئەیانەوێت بارودۆخەکە لەوە ئاڵۆزتر نەبێت و لەدەست دەرنەچێ، ئەوا چاریان نییە جگە لەوەی دان بەشکستی خۆیاندا بنێن و دەستیش بکەن بەگیرفان و ژمارەی بانکەکان و پرۆژەکانیاندا و پارەی دزراوی خەڵک بهێننەوە.

دەسەڵاتدارانی هەردوو حیزب بەتایبەت ئەوانەی نەوت و غاز و بازاڕیان داگیر کردووە، دەتوانن پارەی چەندین مانگ بۆ مووچە و پێداویستی وڵات فەراهەم بکەن...خەڵک برسییە، بێزارە، نائومێدە. ئەمانە بەسن بۆ ئەوەی چیتر ناعەدالەتی قبووڵ نەکەن و بێدەنگ نەبن.

ناکرێت خوێن و ڕەنج و ماندبوونی هەزاران ڕۆڵەی ئەم میللەتە، ئەنفال و کیمیاباران و تاوانە گەورەکان دەرهەق بەم گەلە، بکەن بە قوربانی بەرژوەندی تایبەتی خۆتان، خەباتی سەد ساڵەی گەلێک بکەن بە قوربانی پارە و کۆمپانیا و پۆست و ناوبانگ. ئۆباڵی مێژوویی گەورەتان لەئەستۆیە، شیعارە بەسەرچووەکانتان کۆبکەنەوە، کاتی ئەوەیە بیرێکی جدی لەگیرفانی بەتاڵی خەڵک بکەنەوە.

کێشەی خەڵک سیستم نییە، کێشەی خەڵک ناعەدالەتییە لەدابەش کردنی سامانەکەی، بردنی بەناهەق و بێکۆتایی قووت و داهاتەکەیەتی. کێشەی ئانی مەرکەزی و نامەرکەزی نییە، سیستم لەجەوێکی بارگاوی بە تەخوین و موزایەدەکردندا ناگۆڕێت. چی لەژیانی خەڵک ئەگۆڕێت حیزبێک لە هەولێر داهاتوو گومرگ بدزێت و قۆرغی بازاڕبکات، حزبێکی دەسەڵاتداری تریش لە سلێمانی هەمان کاربکات؟.

لەهەردوو حاڵەتەکەدا خەڵک برسی دەبێت وەک ئێستا. سیستمی باش و دەسەڵاتی دادپەروەر خەمی باش کردنی گوزەرانی خەڵک و گۆڕینی هەلومەرجی ژیانێتی، جیاکاری ناکات لەنێوان ناوچە و ئینسانەکان، بەهۆی جیاوازی ئینتما و بیرکردنەوەیان.

وا دەردەکەوێت لەم ساتەوەختەدا لێکدانەوەی هەر حیزبێک بۆ مەرکەزی و نامەرکەزی ڕەنگدانەوەی بەرژوەندی خۆیبێت، جا پەرچە کرداربێت یان بۆ باڵادەستی لێپرسراوەکانی، کە شتێکی وا لە دۆخەکە ناگۆڕێت. ناعەدالەتی لەهەولێر بێت یان لە سلێمانی یان هەر جێگایەک بۆ خەڵک جیاوازی نییە. چارەسەر دەسەڵاتێکی نیشتمانی پاکە لەهەر کوێیەکیان بێت، ئەو کات ساغکردنەوەی مەرکەزی و نامەرکەزی کارێکی ئاسانە، کە بێگومان لە لامەرکەزیدا لەگەڵ ئەوەی کار و ئیدارە باشتر ئەڕوات، دیکتاتۆری گەورەش دروستنابێت.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 168664

Your Comment

You are replying to: .
captcha