بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە راگەیەندراوێکدا شاندی دانووستانکاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکردووە بەمەبەستی گفتوگۆ کردن و چارەسەرکردنی پرسی شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان لە ماوەی دووھەفتەی رابردوودا، شاندی دانوستانکار، چەندین کۆبوونەوەی لەگەڵ حکوومەتی عێراق و لایەن و حیزبە سیاسییەکان و ژمارەیێک لە پەرلەمانتاران، لە بەغدا ئەنجامدا.
بۆ ئەو مەبەستەش دوو لیژنەی دارایی و نەوتیی لەنێوان ھەردوولا ( حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی ھەرێم) پێکھێنران کە وەک تیمێکی ھاوبەش کاریان لەسەر دیاری کردنی گرفتەکان و داڕشتنی میکانیزمێکی گونجاو و یاسایی بۆ چارەسەر کردنیان، کاریان دەکرد.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە "کۆبوونەوەکان ئەرێنی بوون و خاڵەکانی ناکۆکی نێوان ھەرێم و عێراق دیاری کران و تیمە ھاوبەشەکان چەندین پێشنییاریان ئامادە و گەڵاڵە کرد بۆ ئەوەی ببنە بنەمای کارکردنی پێکەوەیی تا گەیشتن بەرێککەوتنی تەواوەتی لەگەڵ حکوومەتی نوێی عێراق".
هەروەها حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پابەندیی خۆی نیشاندا لەسەر پرسی نەوت و ئیلتزاماتی نەوتی ھەرێم بەمەبەستی گەیشتن بەرێککەوتن و شاندی دانوستانکار پێداگری لەسەر شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان کردووە و بەتایبەت پرسی مووچە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، دەرئەنجامی کۆبوونەوەکان لەسەر پرسی شایستە داراییەکانی ھەرێم و پرسی نەوت، ئاڕاستەی حکوومەتی نوێی عێراق کراون و لە داھاتوودا گفتوگۆکان بەردەوام دەبن تا گەیشتن بە چارەسەری گونجاو.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment