بۆچارەسەر کردنی مووچەی فەرمانبەران داوا دەکرێت مه‌سروور بارزانی سه‌ردانی به‌غدا بکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- شەش پەرلەمانتاری کوردستان له‌ نامه‌یێکدا بۆ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوا ده‌که‌ن، سه‌رۆکی حکوومه‌ت سه‌ردانی به‌غدا بکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئه‌و شه‌ش په‌رله‌مانتاره‌ له‌نامه‌که‌یاندا ده‌ڵێن "داواکارین بۆ پاڵپشتیی ئەو شاندەی لە بەغدادە، سەردانی بەغداد بکەیت و نیەتباشیی حکوومەتی هەرێم نیشان بدەن بۆ رادەست کردنی نەوت و داهاتی خاڵە سنورییەکان و داهاتەکانی ناوخۆ، بۆ ئەوەی لە بەرانبەردا هەرێم تەواوی شایستە داراییەکانی بەپێی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2020 و هەروەها بەپێی دەستوری عێراقیی بدرێتێ‌".

ده‌قی نامه‌که‌:

بەرێز/ سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان

چەند رۆژێکە شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغدادە و تائێستا ئاسۆیەکی رون دیارنییە کە ئەم شاندە بتوانێت قەناعەت بە بەرپرسانی باڵای عێراق بکات بۆ ئەوەی مووچەی ئەم مانگەی هەرێم رەوانەبکات، سەرەڕای چارەسەرکردنی ریشەیی بۆ کێشەی موچەخۆرانی هەرێم و بۆ ئەم مەبەستەیش دەسەڵاتیان پێنەدراوە هەرکاتێ‌ بەغداد داوایێکی نوێی پێشکەش کردن، بتوانن دەمودەست بڕیاری لێبدەن، بۆ نموونە سەرەڕای رادەست کردنی نەوتی هەرێم بە کۆمپانیای "سۆمۆ"ی عێراقیی، بەغداد داوای داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنوورییەکان و فرۆکەخانەکانیش دەکات، بۆیە لەو سۆنگەیەوە کە ئێستا هەرێم بەدەست سەختترین قەیرانی داراییەوە دەناڵێنێ‌ و نزیکەی 50 رۆژە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم نەدراوە و حکوومەت-یش مووچەی پێنادرێت و ناڕەزایی گەورەیش بەرێوەیە، داواکارین بۆ پاڵپشتیی ئەو شاندەی لەبەغدادە، سەردانی بەغداد بکەیت و نیەتباشیی حکوومەتی هەرێم نیشان بدەن بۆ رادەست کردنی نەوت و داهاتی خاڵە سنوورییەکان و داهاتەکانی ناوخۆ، بۆ ئەوەی لە بەرانبەردا هەرێم تەواوی شایستە داراییەکانی بەپێی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2020 و هەروەها بەپێی دەستوری عێراقیی بدرێتێ‌.

خەڵکی کوردستان چاوەڕێن حکوومەتی هەرێم، حکوومەتی چارەسەرکردنی قەیرانەکان و بڕیارە یەکلاکەرەوەکان بێت، نەک دەستەوەستان بوون لە چارەسەرکردن دا.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 168566

Your Comment

You are replying to: .
captcha