بەپێی هەواڵی کوردپرێس، تێدرۆس ئەدهانۆم گێبرێسۆس بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا لە جنێڤ ئاماژەی بەوەکرد: "لەبەردەمماندا ڕێگایێکی دوور هەیە تا دەگەینە قۆناغی کۆنتڕۆڵ کردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، تەندروستیی جیهانیش نیگەرانە لە بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان لە ئەفریقا و رۆژهەڵاتی ئەورووپا و ئەمریکای ناوەڕاست و چەند وڵاتێکی ئاسیا."
بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی راشیگەیاند: "تەندروستیی جیهانی ناتوانێت هیچ وڵاتێک ناچاربکات بۆ جێبەجێ کردنی رێکارە تەندروستییەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەڵام پێویستە گوێ لە هۆشدارییەکانی ڕێکخراوەکە بگرن کە سەبارەت بە مەترسییەکانی کۆرۆناوە بە جیهانی دەگەیەنێت".
تێدرۆس ئەدهانۆم گێبرێسۆس هەروەها وتیشی "ئەو وڵاتانەی رێنماییەکانی ڕێکخراوەکەیان لەبارەی کۆرۆناوە جێبەجێ کردووە بارودۆخیان باشترە، پێویستیشە هەموو وڵاتێک بەرپرسیاربێت لە رووبەرووبوونەوەی کۆرۆنادا".
سەبارەت بە ڕەخنەکانی سەرۆکی ئەمریکا کە رایگەیاندبوو، ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە سەرەتادا لە مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا ئەمریکای ئاگادار نەکردووەتەوە، ئەدهانۆم وتی: "رێکخراوەکەمان رێنمایی گونجاویی بە هەموو جیهان داوە، رێنماییەکانیشمان لەسەر بنەمای زانیاری و بەلگە تەندروستییەکان بووە".
ئەمە لەکاتێکدایە، ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە جیهاندا، سێ ملیۆن و ٦٥ هەزار کەسی تێپەڕاندووە و تا ئێستا زیاتر لە ٢١١ هەزار کەس بەوهۆیەوە گیانیان لەدەست داوە، بەشێک لە وڵاتانی جیهانیش ڕێکارە تەندروستییەکانی خۆپارێزییان کەم کردووەتەوە بەهۆی کەمبوونەوەی ژمارەی حاڵەتەکان لەو وڵاتانەدا و لەپێناو پاراستنی ئابووری وڵاتەکانیان.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment