بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمڕۆ دووشەممە، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە جینین پلاسخارت، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق کرد و گفتوگۆیان دەربارەی بارودۆخی هەرێمی کوردستان و هەوڵەکانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق و رێکارەکانی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەنجامدا.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر بڕیاری بڕینی بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان کە نیوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمە لەلایەن حکوومەتی بەغدا و جەختی لەوە کردەوە، کە بڕیارێکی نایاساییە و فشارێکی سیاسییە لە دژی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان .
مەسروور بارزانی رایگەیاند: "هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێم سەردانی بەغدامان کرد و نیازپاکیی خۆمان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور نیشاندا و چەندین پێشنیاریشمان بۆ چارەسەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان خستەڕوو کە سەرەنجام لە کۆتایی ساڵی رابردوو، حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵی گەیشتنە لەیەکگەیشتنێکی باش لە بارەی نەوت و شایستە داراییەکانی هەرێم بە جۆرێک کە حکوومەتی هەرێم 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بکات و حکوومەتی فیدرالیش بڕی 900 ملیۆن دۆلار وەک مووچە و شایستەی دارایی بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، بەڵام بەداخەوە دواتر کاربەدەستانی بەغدا ئامادەییان بۆ جێبەجێ کردنی نەبوو."
ناوبراو راشیگەیاندووە "نابێت حکوومەتی فیدراڵی بابەتی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان وەکوو کارتێکی سیاسی و سزادان لە دژی هاوڵاتییانی هەرێم بەکار بهێنێت کە ئەمە دژی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و هاوڵاتییانی هەرێمە."
لەباەی هەوڵەکانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراقیش، سەرۆکی حکوومەت هاوكاری و پشتگیریی هەرێمی کوردستانی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ دەربڕی لە سەر بنەمای هاوبەشیی و پابەندبوون بە دەستوور .
لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، رێکارەکانی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا.
نوێنەری رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە عێراق، ستایشی رێکارەکانی خۆپارێزی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سوپاسی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و وتی ئەزمونی هەرێمی کوردستان لە رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا و گرتنەبەری رێکارەکانی خۆپارێزی زۆر سەرکەوتوو و ناوازەیە و جێی شانازییە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment