بڕینی مووچەی هەرێم نایاساییە/ نەگۆڕینی فوئاد حسێن هۆکاری بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بوو

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت ئامادەنەبوونی کورد بۆ گۆڕینی فوئاد حسێن هۆکارێکی سەرەکی بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بوو و بڕینی مووچەی هەرێم لەلایەن بەغداوە نایاساییە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، یووسف محەمەد سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە دەنگی ئەمریکای رایگەیاندووە له‌کاتی گفتوگۆکانی یاسای بودجه‌ی ساڵی 2019 ، وه‌ک فراکسیۆنه‌ کوردستانییه‌کان و ئه‌ندامانی لیژنه‌ی دارایی مووچەی فەرمانبەران لە کێشەی نەوت جیا کرایەوە، بۆ یه‌که‌مجار ده‌قێک له‌ یاسای بوودجه‌ی عێراق جێکرایه‌وه‌ که‌ تیایدا هاتووه:‌ "ئه‌گه‌ر هه‌رێم پابه‌ند نه‌بوو بە رادەست کردنی ئەو بڕه نەوتە‌ی که‌ له‌ یاسای بوودجه‌دا بۆی دانراوه‌، ئه‌وا به‌و رێژه‌یه‌ی که‌ زیان ده‌دات له‌ بوودجه‌ی عێراق له‌ به‌شه‌ بوودجه‌ی هه‌رێمی کوردستان ده‌بڕدرێت، به‌ڵام مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌مه‌ جیا کرابووه‌وه‌".

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد "سێ مانگی ساڵی 2020 به‌شه‌ بوودجه‌ی هه‌رێم له‌ به‌غداوه‌ بۆ هه‌رێم هاتووە،‌ ئێستاش له‌به‌رئه‌وه‌ی عێراق یاسای بوودجه‌ی ساڵی 2020 نییه‌، به‌پێی مادده‌ی 13ی ئیداره‌ی دارایی عێراق ده‌بوو حکوومه‌تی عێراقی ئه‌و بڕه‌ بوودجه‌یه‌ی که‌ بۆ هه‌رێمی کوردستان ته‌رخان کراوه‌ بینێرێت، به‌ڵام ئێستا کێشه‌که‌ سیاسی و ئابوورییه‌ له‌هه‌مان کاتدا، په‌یوه‌ندی به ‌دابه‌زینی نرخی نه‌وته‌وه‌ هه‌یه‌، عێراقیش خۆی قه‌یرانی هه‌یه‌ و‌ تادێت قه‌یرانه‌کانی زیاتر ئاڵۆز ده‌بێت".

یووسف محەمەد ئەمەریکا وتیشی: "نه‌ناردنی ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌ی که‌ بڕیار بوو هه‌رێم بیدات له‌ ساڵی 2019 به‌ته‌واوه‌تی و له‌م چوار مانگه‌ی ئەمساڵدا، فشارێکی زۆری له‌سه‌ر عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆک وه‌زیرانی کاربه‌ڕێکه‌ی عێراق دروست کردوه‌ تا ئه‌و ئاسته‌ی که‌ به‌شێک له‌ په‌رله‌مانتاران داوابکەن عبدولمه‌هدی دادگای بکرێت و له‌سێداره‌ بدرێت، ئه‌م فشارانه‌ و دروست بوونی ناکۆکی له‌نێوان به‌شێکی زۆر له‌ کوتله‌ شیعه‌کانی عێراق و به‌شێک له‌ هێزه‌ سیاسییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان، هه‌مووی پاڵنه‌رن که‌ به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێم بڕاوه‌".

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان جەختی کردەوە: فشارێکی زۆر له‌سه‌ر حکوومه‌تی کاربه‌ڕێکه‌ی عێراق هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رێم ناچار بکات به‌ ئیلتیزامه‌ نه‌وتیه‌کانی خۆی پابەند بێت.

یووسف محەمەد ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە "یه‌کێک له‌ هۆکاره‌کان ره‌نگه‌ په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه‌ هه‌بووبێت که‌ وتوێژه‌کانی دروست کردنی حکوومه‌ته‌که‌ی محەمەد عه‌لاوی په‌کخرا به‌هۆی ئه‌وه‌ی که‌ ئاماده‌ نه‌بوو فوئاد حسێن به‌ وه‌زیر دابنێته‌وه‌ که‌ ئه‌مه‌ سه‌دریه‌کانی زۆر نیگه‌ران کردووه، ئه‌مینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقیش سه‌درییه‌، له‌ ئۆفیسه‌که‌ی ئه‌وه‌وه‌ ئه‌م پرسانه‌ جوڵێنراون و فشار له‌ عادل عبدولمه‌هدی کرابێت ئه‌مانه ‌و کۆمه‌ڵێک فشاری سیاسی تر ڕه‌نگه‌ هۆکار بوبێت".

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان دەشڵێت "هه‌رێمی کوردستان پابه‌ند نه‌بووه‌ به‌و ئیلتیزامانه‌ی که‌ له‌ یاسای بوودجه‌ی 2019 خراوه‌ته‌ سه‌ر شانی که‌ ده‌بوو 250 هه‌زار به‌رمیلی رۆژانه‌ بدات به‌ سۆمۆ،‌ له‌گه‌ڵیشیدا داهاتی ده‌روازه‌ سنوورییه‌کانی ناگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ حکوومه‌تی عێراقی، داهاته‌کانی حکوومه‌تی هه‌رێم شه‌فاف نیین که‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ کاریگه‌ری هه‌یه‌، راسته‌ ئێمه‌ مووچه‌مان به‌ده‌رکرد له‌ بابەتی ئیلتزامه‌ نه‌وتیه‌کانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ حکوومه‌تی ناوه‌ندی، به‌ڵام چه‌ندینجار ساڵی رابردوو داوامان له‌ حکوومه‌تی هه‌رێم کرد که‌ ئه‌گه‌ر بۆ پیشاندانی نیه‌ت پاکیش بێت بڕێک به‌شدار بێت له‌ناردنی نه‌وت له‌ڕێگه‌ی سۆمۆوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئاماژه‌یێکی باش بێت که‌ هه‌رێم ده‌یه‌وێت رێککه‌وتنی کۆتایی له‌ بواری نه‌وت و غازدا ئه‌نجام بدات، به‌ڵام ئه‌مه‌ی ئێستاش که‌ حکوومه‌تی عێراقی کردویه‌تی نایاساییه،‌ چوونکه‌ ده‌بوو پابه‌ند بێت به‌ یاسای بوودجه‌وه‌، هه‌روه‌ک چۆن له‌مانگه‌کانی یه‌ک و دوو و سێ پابه‌ندبووه‌ و یه‌ک له‌سه‌ر دوانزه‌ی نه‌فه‌قاتی ناردووه".

یوسف محەمەد ڕاشیگەیاند ئێستا دادگای باڵای فیدراڵی په‌کی که‌وتووه‌ له‌به‌ر نه‌بوونی رێژه‌ی یاسایی دادگاکه، په‌نا بردن بۆ دادگاش له‌ ئێستادا ئاسان نییه‌، ئه‌وه‌ی که‌ پێویسته‌ بکرێت ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ رووی سیاسییه‌وه‌ هه‌وڵه‌کان چڕ بکرێته‌وه‌ بۆ ئەوەی کێشەکان له‌گه‌ڵ حکوومه‌تی عێراقی یه‌کلابکرێته‌وه،‌ به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر حکوومه‌ته‌که‌ی مستەفا کازمی چانسی سه‌رکه‌وتنی هه‌بێت، گرنگه‌ که‌ هه‌رێمی کوردستان به‌شێوه‌یێکی ئیجابی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و پرسه‌ بکات و هه‌وڵ بدات له ‌دروست کردنی ئه‌م حکوومه‌ته‌، ئه‌وه‌نده‌ی له‌خه‌می ئه‌وه‌دابێت که‌ مووچه‌ و قوتی خه‌ڵکی کوردستان ده‌سته‌به‌ر بکرێت، ئه‌وه‌نده‌ به‌لایه‌وه‌ گرنگ نه‌بێ کێ ئه‌بێت به‌ وه‌زیر و کێ نابێت به‌ وه‌زیر".

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 168504

Your Comment

You are replying to: .
captcha