ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان: ئابووری هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌و مه‌ترسی و هه‌ره‌س ده‌ڕوات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سۆران عومەر ئەندامی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، هه‌رێمی کوردستان‌ "تاڵان كراوه‌" و ژێرخان پڕۆژه‌ی ستراتیژیی بۆ دروست نه‌كراوه‌، دەشڵێت، "هه‌رچی ده‌سه‌ڵاتی تیایدا هه‌بووه‌ زۆرینه‌ دزیی لێكردووه ‌و گرێبه‌سته‌كانی به ‌به‌رژه‌وه‌ندیی قازانحی خۆی و زیانی هه‌رێم كردووه‌".

کوردپرێس:

سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە نوسینێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕۆی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک رایگەیاندووە، "هه‌رێم له‌ دۆخێكی خراپی ئابووری و داراییدایه‌، هۆكاره‌ لاوه‌كییه‌كانی دابه‌زینی نرخی نه‌وت و ڤایرۆسی كۆرۆنایه،‌ به‌ڵام له‌بنه‌ڕه‌تدا دزی و تاڵانی داهاتی هه‌رێم لە 29 ساڵی حوکمڕانیدا هۆكاری سه‌ره‌كییه"

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژە بەوتەی توێژه‌رێكی ئه‌مریكی به‌ناوی مایكل نایتس له‌ په‌یمانگه‌ی واشنتۆن ده‌كات، کە نوسیویەتی، "ئابوری هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌و مه‌ترسی و هه‌ره‌س ده‌ڕوات به‌هۆی دابه‌زینی نرخی نه‌وته‌وه‌".

ئەو توێژە ئەمریکییە باسی لەوەشکردوە، "له ‌پێش دابه‌زینی نرخی نه‌وت و هاتنی كۆرۆنا هه‌رێمی كوردستان ڕۆژانه‌ 490 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ده‌فرۆشێ، مانگانه‌ 700 ملیۆن دۆلاری ده‌ست كه‌وتوه‌، به‌غدا 328 ملیۆن دۆلاری بۆ ده‌نێرێت، له‌ داهاتی ناوخۆش 261 ملیۆن دۆلار داهاتی بوه‌، كۆی گشتی له‌مانگێكدا 1 ملیارو 289 ملیۆن دۆلار داهاتی هه‌بوه‌".

ئەوەشی خستووەتە ڕوو، "هاوكاریه‌كه‌ی ئه‌مریكا بۆ پێشمه‌رگه‌ له‌ 23 ملیۆن دۆلاری مانگانه‌وه‌ بوه‌ به‌ 17 ملیۆن دۆلارو له‌م مانگه‌دا ئه‌و هاوكاریه‌ وه‌ستاوه‌".

سۆران عومەر لە نوسینەکەیدا دەڵێت، "متمانه‌ی هه‌رێم به‌ره ‌و لاوازی ته‌واو ده‌ڕوات له ‌ڕوی وه‌به‌رهێنانی ده‌ره‌كی به‌تایبه‌ت وزه‌، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی به‌شێك پاره‌ی هه‌رێم له‌ بانكێكی لوبنانی ده‌ستی به‌سه‌ردا گیرا، پاش دابه‌زینی نرخی نه‌وت پشكی كۆمپانیاكان ڕوی له‌دابه‌زین كردوه‌، هه‌رێم وا ئیدیعای ده‌كرد مانگانه‌ 200 ملیۆن دۆلار ده‌دات به‌كرێی كۆمپانیا نه‌وتیه‌كان، به‌ڵام ده‌ركه‌وتوه‌ له‌ مانگه‌كانی 11 و 12ی 2019 و 1 و 2ی 2020 ه‌وه‌ پاره‌ی كۆمپانیاكانی نه‌وتی نه‌داوه‌، ئێستا‌ داوا ده‌كات تا ساڵی داهاتو پاره‌یان نه‌داتێت".

نه‌وتی هه‌رێم له‌هه‌ر به‌رمیلێكی 11 دۆلاری ده‌ڕوات به‌ناوی كرێی بۆری و خه‌زان و داشكاندن بۆ بازرگانه‌كانی نه‌وت.

ناوبراو ڕوونیشی کردووەتەوە، نه‌وتی هه‌رێم له‌هه‌ر به‌رمیلێكی 11 دۆلاری ده‌ڕوات به‌ناوی كرێی بۆری و خه‌زان و داشكاندن بۆ بازرگانه‌كانی نه‌وت، ته‌نانه‌ت پاره‌ی كرێی گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی کوردستان به‌ بۆری كوردستاندا %60ی لەلایەن کۆمپانیای روزنه‌فتەوە خاوەندارێتی دەکرێت‌.

سۆران عومەر دەشڵێت، "ئه‌م هه‌رێمه‌ تاڵان كراوه ‌و ژێرخانی بۆ دروستنه‌كراوه‌و پرۆژه‌ی ستراتیجی بۆ دروست نه‌كراوه‌، هه‌رچی ده‌سه‌ڵاتی تێیدا هه‌بوه‌ زۆرینه‌ دزی لێكردوه ‌و گرێبه‌سته‌كانی به ‌به‌رژه‌وه‌ندی قازانحی خۆی و زیانی هه‌رێم كردوه‌، ئێستا‌ ناتوانن دوای 47 ڕۆژ موچه‌ی مانگێك بده‌ن".

کۆدی هەواڵنێر: 60101

News Code 168476

Your Comment

You are replying to: .
captcha