بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شارل تەبو، لێکۆڵەری فەڕەنسی و شرۆڤەکاری پەیمانگای واشنتن بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت پشتگیری نەکردنی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە کوردەکانی سووریا هۆکاری سیاسیی هەیە.
ناوبراو بە ئاژانسی ئەلمانیتۆری وتووە هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئەنجومەنی سووریای دیموکرات کە لقی سیاسی ئەو هێزانەیە نەیانتوانیوە بڕوا بە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بێنن کە چیتر پەیوەندییان بە پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیاوە نییە کە هەندێک لە وڵاتانی جیهان وەکوو گرووپێکی تیرۆریستی مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن.
لێکۆڵەرە فەڕەنسییەکە لەبارەی ئەم بابەتەشەوە کە سەربزیوانی دژی حکوومەتی سووریا یارمەتیەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان وەردەگرن، دەڵێت بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکووری سووریا پەیوەندیی خۆی لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیی سووریا نەپچڕاندووە. لە ئەنجامدا لە چوارچێوەی نەتەوەیەکگرتووەکاندا وەکوو ئۆپۆزیسیۆن ناناسێندرێت و یارمەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و تەندروستیی جیهانی نایگرێتەوە.
شارل تەبو هەروەها ئاماژە دەدات بەم بابەتەی کە یارمەتییەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ نێو سووریا زیاتر لە دەروازە سنوورییەکانی تورکیاوە ڕادەستی وڵاتی سووریا دەکرێت بۆیە هۆکارێکی دیکەی نەگەیشتی یارمەتییەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کوردانی سووریا بۆ گرژییەکانی نێوان کوردەکان و حکوومەتی تورکیا دەگەڕێتەوە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment