لە کەرکووک قەدەغەی هاتوچۆ هەڵدەگیردرێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- شانەی قەیرانەکانی کەرکووک رایگەیاند قەدەغەی هاتوچۆ لە سبەینێوە، لە ٦ی بەیانی تا ٦ی ئێوارە هەڵدەگیرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمڕۆ دووشەممە، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا شانەی قەیرانەکانی کەرکووک رایگەیاند: "لە سبەینێوە نیوەی قەدەغەی هاتوچۆ لەسەر هاوڵاتیان هەڵدەگیرێت، کە لە ٦ی بەیانی بۆ ٦ی ئێوارە دەبێت و هاوڵاتیان دەتوانن لەو ماوەیەدا هاتوچۆ بکەن".

راشیگەیاند، ڕۆژانی هەینی و شەممە ناگرێتەوە و لەو دوو ڕۆژەدا تەنها فرۆشگاکانی خۆراک بە پابەندبوون بە رێنماییەکانەوە دەکرێنەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، سەرجەم دووکان و بازاڕ و کارگەکان بە رێنمایی پێویستەوە دەکرێنەوە کە دواتر رادەگەیندرێت.

شانەی قەیرانەکان ئاماژەی بەوەش كرد، "لە قۆناغێکی باشداین و ماوەی هەشت ڕۆژە هیچ حاڵەتێکی توشبوون لە کەرکووکدا تۆمارنەکراوە".

ئەوەش لە کاتێکدایە، بەهۆی باشتربوونی دۆخی تەندروستیی و کەم بوونەوەی ژمارەی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، بڕیارە لە مانگی رەمەزاندا قەدەغەی هاتوچۆ لە عێراقدا هەڵبگیرێت و ڕۆژانە هاوڵاتیان لە کاتژمێر ٦ی بەیانی بۆ ٧ی ئێوارە بتوانن هاتوچۆ بکەن و شوێنەکان کراوە بن، بەو هۆیەشەوە شانەی قەیرانەکانی کەرکووکیش رایگەیاند پابەندی بڕیارەکەی عێراق دەبین.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 168427

Your Comment

You are replying to: .
captcha