بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕاپۆرتەکان باسیان لە کێشمەکێشی نێوان پێشمەرگەکانی یەکێتی و پارتی کردووە لەسەر کونترۆڵ کردنی زینی وەرتێ لە 110 کیلۆمەتریی هەولێر و هەروەها ئامادەبوونی پەکەکە وەکوو لایەنی سێهەمی ناکۆکییەکە.
عوسمان کەریم سوارە، جێگری سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا لەبارەی ئەو ڕاپۆرتانەی باس لە ڕوودانی شەڕ و ناکۆکی لەنێوان یەکێتی و پارتی دەکەن لە ناوچەی زینی وەرتێ لەسەر کونترۆڵی ئەو ناوچەیە وتی: زۆر مەحاڵە شتی وا ڕوویدابێت، دوا هەواڵ کە ئێمە لەبارەی زینی وەرتێ ئەمەیە کە تەیارەکانی سوپای تورکیا بنکەکانی پەکەکە-ی بۆردوومان کردووە، بەڵام هیچ پێکدادانێک ڕووی نەداوە.
ناوبراو جەختی کردەوە: من وەکوو خۆم ئەو جۆرە زانیاریمان هەبێت هیچ کێشەیێک نییە، ئەو شوێنە پێشتر هێزەکانی 70ی لێبوو کە سەربە یەکێتییە، دواجار پاش ساڵی 2014 بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش کە هێرشی کردە سەر هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردنشینەکان، پێشمەرگەکانی یەکێتی ئەم ناوچەیەیان چۆڵ کرد و بۆ شەڕی داعش گواسترانەوە؛ پاشان لیوای حەوت سەربە وەزارەتی پێشمەرگە لە قەدەر ئەم نەخۆشیی کۆرۆنا لەوێ جێگیر بوون و ئەوەی ئێمە زانیبێتمان هیچ کێشەیێک نەبووە بەڵام تەیارەی تورکیا ڕەمی کردووە لەو دەڤەرەدا بە ئاراستەی بارەگاکانی پەکەکە.
جێگری سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی بوونی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان و هێنانەی ئارای هەندێک داخوازی بۆ چوونە دەرەوەی ئەو هێزانە و هەروەها بە بەرپرس زانینی پەکەکە لە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و بۆردوومانەکانی تورکیا وتی: پێمان خۆش بێت یان پێمان خۆش نەبێت پەکەکە واقیعێکە و لەو شاخانە هەیە و بەتایبەت لە قەندیل و ئەو ناچانە ناوچەیێکی چڕە، ئێمەش وەکوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەبعەن بەو بۆنەوە کە ئەوانیش لایەنێکی کوردین ئێمە ئەگەر هاوکاریشیان نەکەین شەڕیان ناکەین.
پێشتر فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا لەبارەی ئەم هەواڵە و هەواڵی هاوشێوە کە لە هەندێک لە میدیاکانەوە بڵاو بووەتەوە ڕایگەیاند: هیچ جۆرە شەڕێک لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگەدا دروست نەبووە تەنانەت گرژی-ش دروست نەبووە نەوەکوو شەڕ بێت. بەڵکوو تەنها فڕۆکەی تورکیا بۆردوومانی ناوچەی وەرتێی کردووە و ئەو شوێنانە کراونەتە ئامانج کە پەکەکە-ی لێبووە دەنا هیچ شەڕ و گرژیێک لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگەدا ڕووینەداوە.
هەروەها وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیێندراوێکدا جەختی کردەوە کە ناردنی هێزی ئەو وەزارەتە بۆ ناوچەی زینی وەرتێ کە لەم ڕۆژانەدا ئاڵۆزیی تێدا ڕووداوە، هەوڵێکی سیاسی نییە و بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا ئەنجام دراوە.
دیمانە: حەسەن ساڵحی، بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان ئاژانسی کوردپرێس
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment